لەهێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە شەوی ڕابردوو زیاتر لە 100 کوژراوی لێکەوتەوە

لەهێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە شەوی ڕابردوو زیاتر لە 100 کوژراوی لێکەوتەوە

 

 

لە هێرشەکانی شەوی ڕابردووی سوپای ئیسرائیل لە ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززە زیاتر لە ١٠٠ فەلەستینی کوژران و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون.

سوپای ئیسرائیل شەوی ڕابردوو بە هێرشی ئاسمانی و زەمینی ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززەی کردە ئامانج. لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا زیاتر لە ١٠٠ فەلەستینی گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرمیی فەلەستینی "وەفا"، لە ئەنجامی بۆردومانی ماڵێک لە گەڕەکی دەرج، ٥٠ کەس گیانیان لە دەست دا. تەرمەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی شیفا و ئەلئەهلی باپتیست.

بەهۆی هێرشی تۆپخانە بۆ سەر گەڕەکی زەیتون و سەبرا 5 کەس کوژران و 10 کەسیش بریندار بوون.

هەروەها گەڕەکەکانی شێخ عەجلین و تل ئەلحەوا لەلایەن یەکەکانی تۆپخانە و بەلەمە مووشەک هاوێژەکانی ئیسرائیلەوە کرانە ئامانج.

لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ماڵێک لە ناوچەی سوارحا، ٣ کەس کوژران و ٦ کەسیش لە کەمپی پەنابەرانی بوریج و ئەلمەغازی کوژران. هەروەها تەرمی ئەو کەسانە بۆ نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەقسا لە دێربەلیح گواستراونەتەوە.

هەروەها هێزەکانی ئیسرائیل ماڵێکی دیکەیان لە خان یونس کردە ئامانج و زیاتر لە 30 کەسیان کوشت کە ژن و منداڵیشیان تێدابوو.

لە دەوروبەری سنووری میسر، خانوویەک و ئۆتۆمبێلێک، کە زۆربەی سەرنشینەكان ئاوارە بوون، لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیلەوە کرانە ئامانج، كە بەلانیکەم ٢٣ کەس گیانیان لەدەستدا.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top