سوپای ئێران دەڵێت: دەستیان بەسەر "کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئەمریکیدا" گرتووە لە دەریای عومان

سوپای ئێران دەڵێت: دەستیان بەسەر

 

 

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم سەر بە سپای پاسدارانی ئیسلامی لە هەواڵێکدا نووسی: هێزی دەریایی کۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمانی دادگا دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئەمریکی لە ئاوەکانی دەریای عوماندا گرت.

هەروەها تەسنیم وێنەیەکی هاتنی چەند هێزێکی سەربازی بە هەلیکۆپتەر لەسەر ئەم کەشتییە نەوتهەڵگرە بڵاوکردەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکرد کە ئایا ئەم وێنەیە پەیوەندی بەو نەوتهەڵگرەیەوە هەیە کە ئەمڕۆ دەستی بەسەردا گیراوە یان نا.

پێشتر بەشی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییەکانی کەشتیوانی بەریتانیا ڕایگەیاندبوو، کە ڕاپۆرتێکیان پێگەیشتووە کە ئاماژە بەوە دەکات کەشتییەکی نەوتهەڵگر بە دووری ٥٠ میل دەریایی (نزیکەی ٩٢ کیلۆمەتر) لە ڕۆژهەڵاتی کەنارەکانی عومان و نزیک بەندەری سۆهار لەلایەن " چوار بۆ پێنج چەکدار" هێرشی كراوەتە سەر و ئەم کەسانە چوونەتە ناو کەشتییەکەووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، "هێرشبەرە چەکدارەکان جلوبەرگی سەربازی و دەمامکی ڕەشیان لەبەردا بووە".

بەشێک لە میدیاکانی ناوخۆی ئێران لە نێویاندا ڕۆژنامەی دونیای ئێقتسادی باسیان لە "دەستبەسەرداگرتنی" کەشتییەکی نەوتهەڵگر لەلایەن ئێرانەوە کردبوو.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top