چەمکی (خزمایەتی و حزبایەتی) لە ڕابردوو و ئێستادا .

چەمکی (خزمایەتی و حزبایەتی) لە ڕابردوو و ئێستادا .

دوو چەمکی جیاواز بە ئامانج و سێکتەری جیاواز هەڵقوڵاون و چەسپاون لەناو میللەتی کورد بەشێوەیەک ڕکابەری دەکەن لە ئاست خزمەت گەیاندن بە هاووڵاتیان .
ئەمڕۆ خەڵکێکی زۆر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی کردووەتە پێگەی حزبی و خۆی وەها دەردەخات کە لایەنگیرێکی سەرسەختی پارتەکەیە.
ڕەنگە زۆرجار گوێبیستی ئەوە بووبین کە لە ڕابردوودا خەڵکی کورد پەروەر و بوێر و دڵسۆز زۆر بوونە و هەمیشە هەوڵیان داوە بۆ ئەوەی کوردستان ئازاد بێت و پارێزراو بێت لە دەست دوژمنان .
هەڵبەتە ئەو کاتە بێ گوێدانە هیچ بەرژەوەندیەک و چارەنوسی خانەوادەکانیان بێ دوودڵی ڕووبەڕووی هەر مەترسیەک بوونەتەوە، چونکە لەو کاتەدا خەڵک یەکگر بوون و دڵسۆزانە و بوێرانە مامەڵەیان دەکرد، خیانەت و ناپاکی دەگمەن بوو، تاکە ئامانجیان نیشتیمان بوو ئەویش کوردستان .
حزبەکان وەکو ئێستا نەبوون ماددی و مەعنەویەن زۆر جیاواز بوون .
خەڵکی بۆ بەرژەوەندی لایەنگیری حزب نەبوون، بە خۆبەخشیش هەر کۆڵیان نەدەدا و بەردەوام دەبوون بۆ ئەوەی کوردستان سەربخەن .
ئەمڕۆ دوابەدوای هاتنە کایەی تەکنەلۆژیا و پێگەیشتنی خەڵکی بەتوانا و زیرەک سەردەمەکە گۆڕدرا و کوردایەتی نەما و هەمووی لەناوچوو.
ئێستا حزبایەتی هەمووی چڕبووەتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان.
ئەگەر بێتوو چاوێک بخشێنین بە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ڕۆژانە دەبینین خەڵکانێک لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان و کار بەڕێکردنی خۆیان لایەنگیری فڵان حزب و فڵان سەرکردە دەکەن کە لە ڕەچەڵەکدا وانی یە، لەپێناو فەراهمکردنی بەرژەوەندی خۆی ئامادەیە هەر ڕۆژەی لایەنگیری یەکێکیان بکات .
کوردایەتی و دڵسۆزی دوو چەمکی تەواوکەری یەکترن لە ڕابردوودا بەشێوەیەکی دیار باڵی کێشا بوو بەسەر میلەتی کورد دا، بە بیرکردنەوەی خۆم حزب هۆکار بووە بۆ ئەوەی خەڵکی کوردایەتیان لە دڵدا نەمێنێت و بۆ بەرژەوەندی لایەنگیری بکەن .
لێرەدا من بە دیاریکراوی ناوی هیچ لایەنێک ناهێنم بەڵام جێگای داخە کە خەڵکی دڵسۆز و کوردپەروەر فەرامۆش کراون و ئەوانەی خیانەتیان لە حزب کردووە لە رابردوو ئەمرۆ زۆر لەپێشەوەترن لە خەڵکانێک کە دڵسۆز بوونە بۆ حزبەکەیان .
پێویستە بەرژەوەندی گەل و نیشتیمان لە پێش هەموو شتێکەوە بێت و ئامادە بیت بۆ هەر قوربانیەک تاوەکو نیشتیمانت پێشبکەوێت و بە مافە ڕەواکانی خۆی بگات بەڵام خەڵکی ئێستا ئەوها بیرناکەنەوە و بەرژەوەندی خۆیان لەپێش هەموو شتێکەوەیە و بێ بەرانبەر ئامادە نین هیچ شتێک بکەن .
چەمکی (حزبایەتی و خزمایەتی) دوو چەمکی زۆر باون کە ڕۆژانە گوێبیستی دەبین لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یان دەوروبەرمان، خەڵکانێکی زۆر سوودمەند بوونە و هەندێک خەڵکیش هەیە فەرامۆشکراوە .
هیچ یەكێك لەم دوو چەمكە «حزبایەتی» و «خزمایەتی» بە چەمك و مانای نەرێنی نابینم ئەگەر ژینگەی دروستی بۆ فەراهەم بكرێت و كارپێكردنی ژیرانە بۆ هەر یەكێك لەم چەمكانە هەبێت و لێکدانەوەی دروستی بۆ بكرێت، ئەمەش لە دوو روانگەوە: یەكەم، دەبێت حزبایەتی وەك تێگەشتنێكی سیاسی لەناو پرۆسەی دەوڵەتداریدا هەڵبسەنگێنرێت و دانەبڕێت لەكۆی جووڵەی سیاسی و تێكۆشانی مێژوویی، بۆئەوەی بتوانرێت زەروورەتی حزبایەتی و حزبی بوون وەربگیرێت و هەموو ئەوەی حزبێك بەخشیوێتی بە گەل و نیشتمانەكەی لە بەرچاو بگیرێت، دووەم خزمایەتیش وەك چەمكێكی كۆمەڵناسییانە یان كۆمەڵایەتی ببینرێت و وەك بازنەی پەیوەندیی نێوان تاكەكانی كۆمەڵگە ببینرێت، بەم تێگەشتنە پێمانوایە ئەم دوو چەمكە هەردووكیان بۆ كۆمەڵگەی كوردی گرنگن، بەڵام نەك ئەو واقیعەی ئەمڕۆ و ئێستا لە خۆرهەڵات و عیراقدا هەیە كە خزمایەتی و حزبایەتی تێكەڵی یەكتر بووە و هەم حزب خێزانە و هەم خێزانیش حزبە …

Top