سەرۆكی حكوومەت لە یەكەم ڕۆژی لوتكەی جیهانیی كەشوهەوادا زیاتر لە 30 دیداری گرنگی ئەنجام دا

سەرۆكی حكوومەت لە یەكەم ڕۆژی لوتكەی جیهانیی كەشوهەوادا زیاتر لە 30 دیداری گرنگی ئەنجام دا

ئەمڕۆ هەینی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە 28ەمین لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا لە دوبەی، لە یەکەم رۆژی بەڕێوەچوونی لوتکەکەدا، زیاتر لە 30 دیداری گرنگی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان ئەنجام دا.

دوێنێ پێنجشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی ئیمارات و سەرۆکوەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی گەیشتە وڵاتی ئیمارات بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا.

دوای گەیشتنی بۆ ئیمارات، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رای گەیاند: "خۆشحاڵم کە لە ئیماراتم بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکان لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا، پشتگوێخستنی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بژاردە نییە و وەک گەلێک و بەشێک لە ناوچەکە، دەبێت رۆڵی کارامان هەبێت".

هەروەها لەگەڵ دەستپێکی ئەو لوتکە جیهانییە، لە پەیامێکی دیکەدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەوە کرد كە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، پێویستی بە کاری پێکەوەیی هەیە.

مەسرور بارزانی خۆشحاڵی خۆی نیشان دا لەوەی بەشدارە لە لوتکەی 28ـەمینی جیهانیی کەشوهەوا بۆ ئەوەی جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەو کارە گرنگە بکەنەوە لەگەڵ هاوبەشەکانیان ئەنجامی دەدەن.

لە پەیامێکی دیکەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی كردەوە كە ئەمساڵ لە کاتێکی گرنگدا لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا ئەنجام دەدرێت، هەڕەشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا سنوورەکان ناناسێت، بۆیە دەبێت بەیەکەوە کار بکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەیان.

 

Top