ئەژین زرار: داهاتی كارەكەم تاڕادەیەك بژێوی ژیانمی ڕایی كردووە

ئەژین زرار:  داهاتی كارەكەم تاڕادەیەك بژێوی ژیانمی ڕایی كردووە

 

 

بەرهەمە دەستییەكان لەئێستادا بەهۆی جوانی و سەرنجڕاكێشی خواستێكی زۆریان لەسەرە، ئەوەش وای كردووە كە كاری دەستی لە جیهاندا نرخ و بەهایەكی تایبەتی هەبێت، هاوكات سۆشیال میدیا خزمەتێكی باشی ئەو پیشەوەرانەی كردووە و ئاسانكاری دەكات بۆ ئەوەی كارە دەستییەكانیان لە ئەكاونت و پەیجەكانی ئینتەرنێت نمایش بكرێن و بە بازاڕ بكرێن. ئەژین زرار كچە گەنجێكی دەستڕەنگینە و دانیشتووی قەزای ناوەندی سۆرانە، وەك خۆی باسیدەكات ماوەی 10 ساڵە لە ناو ماڵەكەی خۆیدا سەرقاڵی كارە دەستییەكانیەتی و لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە بەرهەمە دەستكردەكانی بە بازاڕ دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

ئەژین زرار لەساڵی ١٩٩٢ لە دیانا لە دایكبووە و دانیشتووی قەزای ناوەندی سۆرانە، ئەو دەرچووی قۆناغی ئامادەییە، لە دیدارێكی تایبەتدا بەمجۆرە باس لە كارە دەستییەكانی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەكات:» دوای ئەوەی نەمتوانی درێژە بە خوێندن بدەم، حەز و خولیام بۆ كاری دەستی بووە پیشەیەكی سەركەوتوو و پڕۆژەیەكی بچووك،،سوپاس بۆ خوا داهاتی كارەكەم تاڕادەیەك بژێوی ژیانمی ڕایی كردووە.»

سەبارەت بە جۆری بەرهەمە دەستییەكانی ئەو خانمە دەستڕەنگینە دەڵێت:» پیشە دەستییەكانم ئەو كار و بەرهەمانە دەگرێتەوە كە بە ئەندێشە و هزری خۆم سازیان دەكەم و لە كەرستە و شتومەكی خۆجێیی دروستیان دەكەم، نموونەی ئێكسوارات و نەخشاندنی چەرم و فوم چنین بە مەكرومە، هەروەها دیزاینكردنی هەنار و پێنوس و شوشە و دیكۆراتی جوانكاری نێوماڵ.

ئەژین زرار بۆ داهاتووی كارەكەی خوازیارە بەرهەمە دەستییەكانی لە هەموو ناوچەكەدا بناسرێت و لەمبارەیەوە دەڵێت:» وەكو دیزاینكارێك چەندین ساڵە هەرلەماڵەوە لە پیشەكەم بەردەوامم و سەرەتا لە ئیشی بچووكەوە دەستم پێی كرد، بۆ داهاتوو هەوڵی ئەوە دەدەم پەرەی زیاتر بە كارە دەستییەكانم بدەم و پڕۆژەكەم گەورەتر بكەم، بۆ ئەوەی كارەكەم ببێتە بڕاندێكی ناسراو».

 

Top