پلانم ئەوەیە یاری بۆ هەڵبژاردەی عێراق بكەم

پلانم ئەوەیە یاری بۆ هەڵبژاردەی عێراق بكەم

بیلال عەبدوللا یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی شێروانە

پلانم ئەوەیە یاری بۆ هەڵبژاردەی عێراق بكەم
یانەی شێروانەی لە ئیدارەی سەربەخۆیی گەرمیان یەكێك لەم یانەی كە گرنگی تایبەت بە بواری وەرزشی دەدەن لە هەردوو ئاستی كچان و كوڕان، تیپی گۆڕەپان و مەیدانی یانەكەكەش یەكێك لە تیپە هەرە بەهێزەكانی سەر ئاستی كوردستان و عێراقە، ساڵانە لەگەڵ كردنەوەی خولە جۆراوجۆرەكان بەردەوام لە كێبڕكێ دابوونە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە و بەدەستهێنانی نازناوەكانی كوردستان و عێراق، یەكێك لەكوڕە پاڵەوان و یاریزانەبەتواناكانی یانەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەی شێروانە بیلال عەبدوللا-یە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2003 تەنیا یاری بۆ تیپی گۆڕەپان و مەیدانی شێروانە كردوە، لە ماڕاسۆنە درێژەكانیش بەشداری دەكات، گۆڤاری گوڵان لە نزیكەوە چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد، ئەویش وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
دیمانە: كارزان كانەبی
*چۆن بوو یاری گۆڕەپان و مەیدانت كردە بەشێك لە ژیانی وەرزشیت؟
- وەكو هەموو كەسێ‌ خوای گەورە بەهرەیەكی پێم دا و بەشێوەیەكی سەركەوتوو بەكارم هێنا.
*هەست ناكەی یارییەكی قورست هەڵبژاردوە بە تایبەتی ململانێ‌ تێدایە؟
- بەدڵنیاییەوە قورسە، بەڵام حەزم بۆ وەرزشەكە وای كردووە بەردەوام بم و بیر لە قورسی نەكەمەوە.
*بۆچی یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان لە ئاستی پێویستدا نییە؟
- یارییە تاكییەكان بە تایبەت گۆڕەپان و مەیدانت وەكو پێویست هیچ گرنگییەكی پێ نادرێ تەنها گرنگی بە تۆپی پێی دەدرێ.
* هەست ناكەی ئەم یارییە تا ڕادەیەكی زۆر پێشوازی باشی لێ نەكراوە لە شارەكان لە هەردوو ئاستی كوڕان وكچان؟
- بەدڵنیاییەوە گلەییەكی زۆر ئاڕاستەی یەكێتی گۆڕەپان ومەیدانی كوردستان دەكەم، چونكە وەكو پێویست هیچ خزمەت ناكرێ ئەم وەرزشە، بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی تەواوە.
* ئاستی یارییەكانی كاراتێ چۆن دەبینی لە كوردستان؟
-ئاستی یارییە باشە، بەڵام زۆریش نا.
*چی بكرێت باشە بۆ بەرەووپێشبردنی ئاستی ئەم یارییە؟
- بە پشتگیری و پاڵپشتی ئەو یاریزانانەی كە لە ئێستادا پاڵەوانن وا لە یاریزانانی دیكە دەكەن كە خولیا و حەزی هەبێ بۆ ئەم یارییە.
*پلان و بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو پاڵەوانێك؟
-وەكو هەموو یاریزانێك پلانم ئەوەیە یاری بۆ هەڵبژاردەی عێراق بكەم و پەنا بەخوا لە داهاتوودا ئەو خەونەم دەهێنمە دی.
*یانەی شێروانە چۆن هاوكاریتان دەكەن؟
- باشن بەڵام زۆریش نا، چونكە بێ هیچ موچە و پارەیەك ئەو كارە دەكەین بۆ ماوەی پێنج ساڵە كە مێژوومان نووسیتەوە بۆ یانەكە و پاڵەوانی كوردستانین.
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
- نەبوونی پێداویستی تایبەت بە یارییەكە وەك(شوێنی باز،ئیسفەنجی بازی بەرز، تراكی یاری هی دیكەش).
* خەونی وەرزشیت چیە وەكو كچە وەرزشكارێك؟
-وەكو خەونێكی وەرزشی ئەوەیە كە هەموو پاڵەوانێتیی و یارییەك سەری شارو گەرمیانیەكان بە بەرزی ڕابگرم و هەمیشە خاوەنی ناوی خۆیان بن.
* حەز دەكەی هەڵبژاردەی كوردستان دابمەزرێ و تۆش یەكێك لە یاریزانەكانی بیت؟
- بەدڵنیاییەوە پێم خۆشە دابمەزرێت و منیش یەكێك لە یاریزانانی هەڵبژاردەكە بم.
*داواكاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-داوا لە بەرپرسانی گۆڕەپان و مەیدانی كوردستان و عێراق دەكەم ساڵانە گرنگی بدەن بە كردنەوەی خول بۆ تازەپێگەیشتوان و لاوان وپێشكەوتوان، وە دوا نەخرێت وەكو هەموو جارێ دووساڵ جارێك، داوا لە یانەكانیش دەكەم تەنها وەكو یاری تۆپی پێی گرنگی بە گۆڕەپان و مەیدانیش بدرێ هاوكارمان بن لە ڕووی ماددییەوە، چونكە تەنها تۆپی پێی وەرزش نییە هەموو یارییە تاكەكانیش بەشێكن لە وەرزش.
*ئەگەر لە كۆتایدا شتێكت ماوە ؟
- دەست خۆشی لە گۆڤاری گوڵان دەكەم كە بەردەوام و بەبێ‌ جیاوازی خزمەتی سەرجەم وەرزشكارانی شارەكانی كوردستان دەكات هەموو سنوورەكانی بڕیوە.

Top