بەهۆی ئاگر كەوتنەوە لە کەمپێك ٣٢ کەس گیانیان لەدەستدا
لە ڕووداوێكی ئاگرکەوتنەوە لە کەمپێكی چارەسەری ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان لە لەنگرود ٣٢ گیانیان لەدەستدا.
محەممەد جەلایی، جێگری سیاسی، ئەمنی و کۆمەڵایەتی پارێزگای گیلان لە وڵاتی ئێران، سەبارەت بە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە کەمپێکی چارەسەری بە ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر لەم پارێزگایە ڕایگەیاند: ژمارەی گیان لەدەستدانی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە کەمپی لەنگرود گەیشتە ٣٢ کەس.
جەلایی ڕوونیکردۆتەوە: کە ژمارەی بریندارانی ڕووداوەکە 16 کەسن، گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شەهید حوسێنپور لە لەنگرود.
جولایی گوتیشی: 4 برینداری ئەم ڕووداوە باری تەندروستییان سەختە، هاوکات بریندارێک بۆ نەخۆشخانەی شەهید ئەنساری لە ڕودسەر گواستراوەتەوە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، ناوەندێکی چارەسەری ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان لە شاری لەنگروود لە پارێزگای گیلان لە وڵاتی ئێران ئاگری گرت. دەوترێت ئەم کەمپە پێشتر قوتابخانە بووە، بەڵام چەند ساڵێکە وەک کەمپ بەکارهاتووە.
غوڵامڕەزا موحسینی ئاژەیی، بەرپرسی دەزگای قەزایی ئێران فەرمانی دەركرد لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لەم كەمپە بکرێت.
گوڵان: سەردار خەلیل