گرنگیی ڕۆڵی ئافرەت لە کاری دیپلۆماسیدا
گرنگی و هاوسەنگیی نێوان ئافرەتان و پیاوان لە ژینگەی کاردا هەمیشە جێگەی پرسیار بووە، بەتایبەتی لە لیستی ڕێکخراوەکاندا و لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا نیگەرانیی زۆری بە دوای خۆی هێناوە، ئەو جیاوازییە زۆرە هۆکارگەلێکی لە پشت بووە، لەم ڕوانگەیەوە ئەنجامەکانی زۆر جیاوازن» کە بەپێی ناوچە و کەرتەکانی جوگرافی وکەلتوور و دین و بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و ڕۆشنبیری دیاری دەکرێن.
دیپلۆماسی، لە وشەی لاتینیی «دیپلۆما» وەرگیراوە، کە بە واتای بەڵگەنامەی فەرمی دێت، لە بەرانبەردا لە وشەی یۆنانی وەرگیراوە، کە بە واتای کاغەزی (تاو/ بەڵگە) سیستەم و ئامرازەکانی پەیوەندیی نێوان وڵاتانی ئەندامی کۆمەڵگەیەکی نێودەوڵەتییە و ئامرازە لە ئەنجامدانی دانوستان لە نێوان گەلاندا.
وڵاتان بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێودەوڵەتییەکان هونەری دانوستاندن بەکاردەهێنن، ڕۆمانە کۆنەکانیش بۆ مەبەستی تایبەت نوێنەری دیپلۆماسییان بەکاردەهێنا. بەڵام لەگەڵ ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتان، وڵاتان پێویستیان بە نوێنەری هەمیشەیی لە وڵاتانی دیکە هەبوو. باڵیۆزخانەکان بۆ یەکەمجار لە ئیتالیا لە ماوەی سەدەی سێزدە و چواردەدا دەرکەوتن، کە لەو سەردەمەدا وەک شوێنی سیخوڕ و بریکاری سیخوڕی بەکاردەهێنران، جگە لە دیپلۆماتکاران، پۆستەکانی میسیۆن(بعثات) پێش سەرەتای سەدەی بیستەم تەنیا بۆ پیاوان سنووردار بوو، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەوان لە ئافرەتان بەتواناتر بوون لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی، چونکە ئەرکی پۆستەکان لە ڕابردوودا پێویستی بە هەوڵ و وزە و بەرگەگرتنی زۆر هەبوو.
بەڵام بیرمان نەچێت، ئافرەتانیش وەک پیاوان بە ئەکتەر دادەنرێن لە بواری گەشەپێدانی بەردەوام، لە کاراکردن و کارکردن بۆ پیشخستن و گەشەی کۆمەڵگە بەردەوام ڕۆڵیان هەبووە، یان ئاوەدانکردنەوەی وڵاتان دوای کۆتاییهاتنی قەیرانەکان و جەنگەکان بەتایبەتی لە جەنگی دووەمی جیهانیدا لە ئەڵمانیا بۆ هەستانەوەی دوای ئەو کارەساتە ئافرەتەکان ڕۆڵێکی سەرەکییان گێڕا و لە بری میرد و براکانیان دەستیان بە کار کرد. لەو ڕوانگەیەوە كاركردنی ئافرەتان لە بواری دیپلۆماسیدا هۆکارێکە بۆ گەیشتن بە گەشەسەندنی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئافرەتان پێویستە بوونیان لە هەموو ئۆرگانەکانی بڕیاردان بەهێزتر بکرێت.
ئافرەتان لە دوای داڕشتن و واژۆکردنی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٤٥، ڕۆڵێکی گرنگ و چارەنووسسازیان لە حوکمڕانیی جیهانیدا هەبووە. چونکە ژنان و کچان نیوەی دانیشتووانی جیهان پێکدەهێنن، هەروەها نیوەی تواناکانیان. ئافرەتان بەشدارییەکی ئەرێنی و گەورە لە کاری دیپلۆماسیدا دەکەن. شێوازی سەرکردایەتی و ئەزموون و ئەولەوییەتەکانی بە یەکەوە کاردەکەن بۆ فراوانکردنی بازنەی ئەو پرسانەی کە لەبەرچاو دەگیرێن و، هەروەها کاریگەرییان لەسەر کوالێتیی ئەنجامەکان هەیە.
هەمەچەشنی و گشتگیری لە بواری کاری دیپلۆماسی وادەکات، وڵات بەهێزتر و بەتواناتر و داهێنەرتر بێت.
ئافرەتان بۆ چەندین سەدە ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان لە دیپلۆماسیدا گێڕاوە، بەڵام بەشدارییەکانیان چاوپۆشی لێ کراوە. کاتی ئەوە هاتووە ئیدی ئافرەتان بەربەستەکان ببڕن و لە بواری دیپلۆماسیدا کاریگەری دروست بکەن.
تا ساڵی ٢٠١٤، ١٤٣ وڵات لە دەستوورەکانیاندا گەرەنتیی یەکسانیی نێوان ژن و پیاویان کردووە؛ هێشتا چاوەڕێی ئەوە دەکرێت، ٥٢ وڵاتی دیکە بەم یەكسانییە گرنگە پابەند بن. هەوڵەکان لە داکۆکیکردن و هۆشیارکردنەوە لەسەر پرسی زیادکردنی نوێنەرایەتیی ژنان لە پۆستە سەرەکییەکانی وەک بڕیاردان و کایە گشتییەکاندا لە نێوان ساڵانی 1992 بۆ 2019، ئافرەتان هەستاون بە کاری نوێنەرایەتیکردن و رێژەی 13%ی لە دانوستانکاران، 6%ی ناوبژیوانان و 6%ی واژۆکارانیان لە ڕێککەوتنەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاشتیدا لە سەرانسەری جیهاندا هەبووە..
ئەمریکا لە سەدەی هەژدەهەمەوە بۆ نوێنەرایەتیکردنی لە وڵاتانی جۆربەجۆری جیهان دیپلۆماتکار دەنێرێت، هەروەک ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، کە فرەچەشنی و گشتگیری لە پێشینەی کارەکانی حکومەتەکەی سەرۆک بایدندایە.
دەکرێت لێرەوە ئاماژە بە شەش دیپلۆماتکاری ئەمریکیی یارمەتیدەرو ڕێچکەشکێن بکەین لە کردنەوەی دەرگا بەڕووی زۆرترین ژمارەی ئەو ئافرەتانەی کە ئەمڕۆ لە فەیلەقی دیپلۆماسیی ئەمریکیدا خزمەتیان کردووە، کە بریتین لە:
1- لوسیل ئاچەرسۆن، یەکەم ژن بووە کە لە بواری دیپلۆماسیدا خزمەتی كردووە. لە ساڵی ١٩٢٢ لە تاقیکردنەوەی فەیلەقی دیپلۆماسی دەرچووە و سێیەم بەرزترین نمرەی بەدەستهێناوە و لە ٥ی کانوونی دووەمی ١٩٢٢ وەک سکرتێری فەیلەقی دیپلۆماسی دەستنیشان کراوە، لە ١١ی نیسانی ١٩٢٥ لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری بێرن لە سویسرا وەک سکرتێری سێیەم دەستنیشان کراوە.
٢- پاتی ئێچ فیڵد، یەکەم ژن بوو کە پەیوەندی بە خزمەتگوزاریی دیپلۆماسییەوە کرد، دوای پەسەندکردنی یاسای ڕۆجەرز کە خزمەتگوزارییە دیپلۆماسی و کونسوڵگەرییەکانی کۆکردەوە بۆ یەک ئۆرگان. لە ٢٠ی نیسانی ١٩٢٥ سوێندی یاسایی خوارد و وەک جێگری کونسوڵ لە ئەمستردام کاری کردووە.
٣- ڕوت برایان ئۆین، هەمیشە یەکێک بووە لە یەکەمەکان، بەو پێیەی یەکەم ژن بوو کە هەڵبژێردرا بۆ نوێنەرایەتیکردنی فلۆریدا لە کۆنگرێس، لەوێ بووە یەکەم ژن کە لە لێژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەشداری بکات. لە ساڵی ١٩٣٣ ئۆین وەک یەکەم سەرۆکی ژن لە نوێنەرایەتییەکی دیپلۆماسی ئەمریکی دەستنیشان کرا.
٤- سەرۆک هاری ترومان، لە ساڵی ١٩٤٩ هێلین یوجینی مۆر ئەندەرسۆن کە لایەنگری سەرەتایی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە دانیمارک دەستنیشان کرد و بووە یەکەم ژن کە وەک باڵیۆز کاری کردووە. لە ساڵی ١٩٦٢ سەرۆک جۆن ئێف. کێنێدی، وەزیری دەسەڵاتی گشتی لە بولگاریا.
٥- کاتێک سەرۆک لیندۆن جۆنسۆن، باربارا ئێم واتسۆنی هەڵبژارد بۆ ئەوەی وەک یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ نووسینگەی ئاسایش و کاروباری کونسوڵگەری خزمەت بکات، بووە یەکەم کەسی ڕەشپێست و یەکەم ژن کە وەک یاریدەدەری وەزیری دەرەوە کاری کردووە. سەرۆک جیمی کارتەر لە ساڵی ١٩٨٠ وەک باڵیۆزی مالیزیا دەستنیشانی کرد.
٦-مادلین ئۆلبرایت، لە شاری پراگ لەدایک بووە و لە منداڵیدا لەگەڵ خێزانەکەی کۆچیان کردووە بۆ ئەمریکا. لە سەردەمی ئیدارەی کارتەردا وەک کارمەند لە کۆشکی سپی و ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کاری کردووە. لە ساڵی 1993 سەرۆک بیل کلینتۆن وەک باڵیۆز لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستنیشانی کرد و، ئەو پۆستەی بەدەستەوە بوو تا ساڵی 1996 وەک وەزیری دەرەوە دەستنیشان کرا و بووە یەکەم ژن کە ئەم پۆستەی وەرگرتبێت.
ئەو ئافرەتانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێداون لەگەڵ کۆمەڵە ئافرەتێكی دیكە کە ڕۆڵێکی گرنگیان گیڕا و بوونە هۆکاریک بۆ بانگەشەی جاڕنامەی جیهانی و داواکاریی یەکسانیی نێوان ئافرەتان و پیاوان، ئەوانیش(ئێلینۆر ڕۆزڤێڵت خانمی یەکەمی پێشووی ئەمریکا سەرۆکی لێژنەی داڕشتنی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ بوو، سەرەڕای جیاوازیی توندی بیروڕا، بەڵام ئێلینۆر لێژنەکەی بە یەکگرتوویی هێشتەوە و بەرەو جاڕنامەی جیهانی ڕێبەرایەتی کرد.
سەبارەت بە هانسا میهتا، خەڵکی هیندستان، مینێرڤا بێرنادینۆ، دیپلۆماتکاری کۆماری دۆمینیکان، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبوو لە بەشداریکردنی «یەکسانی نێوان ژن و پیاو»، بێگم شایستا ئیکراموڵڵا، نوێنەری پاکستان.
لەگەل ئەوەی بەردەوام ئافرەتان ڕۆڵێکیی گرنگیان هەبووە لە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی و شارستانی و ئاشتیپارێزیدا، ئافرەتانی ئاشتیپارێز سەلماندوویانە کە توانای ئەنجامدانی هەمان ڕۆڵ و بە هەمان پێوەر و لە هەمان بارودۆخی سەختیان وەک هاوتا پیاوەکانیان هەیە. واتا ئافرەتان وەک کاراکتەرێکی گرنگ و پێویست دەتوانن هاوتای پیاوان ڕۆڵی گرنگ و هەستیار ببینن لە بواری سیاسەتی دەرەکیی وڵات و سلکی دیپڵۆماتیک بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەستکەوت لە ئامانجە ستراتیژییەکان و دەکرێت بڵێین، دەتوانن هۆکارێک بن بۆ سەرکەوتن و دەستکەوتنی ئامانجە باڵاکانی نیشتمان.
مامۆستای زانكۆ، زانستە سیاسییەكان