نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە پاریسی پایتەختی فەرەنسا

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە پاریسی پایتەختی فەرەنسا

 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و بڕیارە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆببێتەوە. 
 
پێشتر، کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا ناسراو بە کۆشکی ئێلیزێ بڵاویکردەوە، رۆژی هەینی 3-11-2023 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاژێر 11 (بە کاتی فەرەنسا)، کە دەکاتە کاژێر 13:00 (بە کاتی هەولێر) کۆدەبێتەوە. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش گوتی، له‌سه‌ر بانگهێشتى فه‌رميى ئيمانوێل ماكرۆن،‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌ردانى پاريس ده‌كات.
 
بانگهێشتنامەکەی سەرۆکی فەرەنسا بۆ نێچیرڤان بارزانی، لەلایەن پاتریک دورێل، (راوێژکاری سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفريقا)ـوە گەیێنرایە نێچیرڤان بارزانی، لەچوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا چاوەڕێ دەکرێت چەند پرسێک تاوتوێ بکرێن. لەوانە: 
 
- شەڕی داعش و ئاسایشی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق.
-  چاکسازییەکانی نێو هێزەکانی پێشمەرگە و رۆڵی فەرەنسا لەو پرسەدا.
- پەیوەندیی هەولێر و بەغدا و داواییەکانی پاریس بۆ چارەسەری کێشەکان.
- نەوت و وزە؛ گوشاری عێراق و هەڵوێستی فەرەنسا بۆ پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت.
- ئاسایشی سەربازانی فەرەنسا لە چوارچێوەی ئەرکەکانیاندا لە عێراق و کوردستان.
 
 

 

پەیوەندییە بەهێزەکەی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان. 
 
رۆژی 29ـی حوزەیرانی 2013 فرانسوا ئۆلاند، سەرۆککۆماری ئەو کاتی فەرەنسا لە کۆشکی ئێلیزێ پێشوازی لە سەرۆک بارزانی، سەرۆکی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان کرد و پەیوەندییەکانی نێوان پاریس و هەولێر تاوتوێکران.  
 
رۆژی 2-12-2017 و لەو کاتەدا حکومەتی عێراق گەمارۆی خستبووە سەر هەرێمی کوردستان، ئەوەش دوای گشتپرسی تایبەت بە سەربەخۆیی باشووری کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان سەردانی فەرەنسای کرد. سەردانەکە هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ کۆتاییهێنان بە گەمارۆکە. 
 
رۆژی 10-7-2019ـش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئێلیزێ لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن کۆبووەوە. 
 
رۆژی 15-2-2023 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی ئێلیزێ لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن کۆبووەوە و پێکەوە لەبارەی چەند بابەتێک قسەیان کرد، لەوانەش پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و پاریس. 
 
لە ساڵی 2014شەوە سێجار سەرۆککۆماری فەرەنسا سەردانی هەولێری کردووە. ئەیلوولی 2014 فرانسوا ئۆلاند، سەرۆککۆماری ئەو کاتی فەرەنسا هاتە هەولێر، ئەوەش کاتێک هێزی پێشمەرگە و چەکدارانی داعش لە شەڕدا بوون. رۆژی 2-1-2017ـش ئۆلاند سەردانی هەولێری کردەوە. رۆژی 29-8-2021یش ئیمانوێل ماکرۆن سەردانی هەولێری کرد.
 
داواکارییەکانی فەرەنسا بۆ چاکسازییەکان و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە.
 
لە رابردوودا راهێنەر و راوێژکارە فەرەنسییەکان راهێنانیان بە زیاتر لە 10 هەزار پێشمەرگە کردووە، بۆیە پرسی چاکسازییکردن لە هێزەکانی پێشمەرگە پرسێکی گرنگە لای فەرەنسا و پێشبینی دەکرێت یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانی کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی و ئیمانوێل ماکرۆن بێت. 
 
لەگەڵ ئەو پرسە ئەمنییەدا هاوکات دەگوترێت، یەکێکە دیکە لە پرسەکان پاراستنی ئاسایشی سەربازانی ئەو وڵاتەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بە تایبەت دوای گیان لەدەستدانی سێ سەربازییان، جەخت لە پارێزگارییان دەکاتەوە. رووداوی شەڕی ئیسرائیل و حەماس و هەڵوێستە توندەکانی عێراق لەوبارەیەوە بەهەند وەرگیراوە، فەرەنسییەکان هەرێمی کوردستان بە ناوچەیەکی ئارامتر دەزانن. 
 
بەپێی داتای فەرمی سوپای فەرەنسا، 200  سەرباز و راهێنەر و مەشق پێکەری لە عێراقدا جێگیرکردووە کە 160  راوێژکار و راهێنەرن و زۆربەیان لە هەرێمی کوردستانن.
 
فەرەنسا و کاریگەرییەکانی لە شەڕی دژ بە داعش. 
 
فەرەنسا ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە و یەکێکە لەو وڵاتانەی لە شەڕی دژی گرووپە تیرۆریستییەکان کردووە پشتیوانێکی دیاری ناوچەکە بووە. 
 
ئەو وڵاتە ئەوروپییە بە هەزاران سەربازی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق و سووریا بەشداربوو. لە ساڵی 2014ـەوە هەزار و 459 هێرشی ئاسمانیی لە عێراق و سووریا کردووە، دوو هەزار و 251 ئامانجی داعشی تێکشکاندووە. 
 
فەرەنسا لەدوای تێکشکاندنی خەلافەتی داعشیش 60 ملیۆن یۆرۆی بۆ بنیاتنانەوەی ناوچە رزگارکراوەکان و سەقامگیرکردنیان تەرخانکردووە، لەوانەش 20 ملیۆن یۆرۆ بۆ شاری موسڵ. 
 
هەروەها مەشق و راهێنانی بە 10 هەزار سەربازی عێراقی و پێشمەرگە کردووە، ئەمە جگە لەوەی 100 ملیۆن یۆرۆی بۆ سووریا تەرخانکردووە. 45 ملیۆن یۆرۆ لەوانەش بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بووە.
 
ئازادی رادەربڕین پرسی شوێنەوار لە هەرێمی کوردستان.
 
پرسێکی دیکەش کە فەرەنسا هاوشێوەی وڵاتانی دیکە جەختی لێدەکاتەوە ئازادی رادەربڕین و میدیاییە لە کوردستان، لەو پرسەدا وڵاتان بەتایبەت ئەو پێنج وڵاتەی رۆڵیان لە ئابووری و ئاسایشی کوردستان هەیە داوا دەکەن بەپێی یاسا و رێکارە نێودەوڵەتییەکان رێز لە ئازادی رادەربڕین بگیرێت.
 
تەنانەت لە بواری شوێنەواردا فەرەنسا بە گرنگییەوە سەیری هەنگاوەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات، چەندین تیمی فەرەنسی لە کوردستان کار دەکەن بۆ دۆزینەوەی ئاسەوارەکان، وەکو ئەو تیمەی لە نەینەوا پەیکەری گای باڵداری دۆزییەوە فەرەنسی بوون، بە هەمان شێوە لە بەردەڕەش و چەند ناوچەیەکەی جیاواز خەریکی گەڕانن بەدوای شوێنەواردا.

Top