لەهێرشی چەکداری لە ویلایەتی مەین لە ئەمریکا ٢٢ کەس کوژران
لە هێرشی چەکداریی هێرشبەرێک لە شاری لیڤیستۆن لە ویلایەتی مەین، ٢٢ کەس کوژران و نزیکەی ٦٠ کەسیش برینداربوون.
پۆلیسی ویلایەتی مەین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: چەکدارێکی نەناسراو لە سێ ناوچەی جیاوازی شاری لیڤیستۆن تەقەی لە خەڵك کردووە، لە ئەنجامدا 22 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 60 کەسی دیکەش برینداربوون.
پۆلیس وێنەی ئەو هێرشبەرەی بڵاوکردووەتەوە کە هەڵاتووە.
هەروەها پۆلیس داوای لە هاووڵاتیان کرد یارمەتی بدەن لە دۆزینەوەی تۆمەتبارەکە.
جاسۆن لیڤیسکی، سەرۆکی شارەوانی ئۆبورن ڕایگەیاند: بەهۆی ئەم ڕووداوەوە قوتابخانەکان داخراون و دەسەڵاتداران هەوڵی دەستگیرکردنی هێرشبەرەکە دەدەن.
لە وێنەكەدا كە بڵاوکراوەتەوە، هێرشبەرەکە بە ڕووخسارێکی بێ دەمامک، چاکەتێکی قاوەیی و پانتۆڵێکی ڕەشی لەبەردایە، بە چەک تەقە لە خەڵک دەکات.
پۆلیسی ویلایەتی مەین بەردەوامە لە گەڕان بۆ دۆزینەوە و دەستبەسەركردنی ئەو تۆمەتبارە و تیمەكانی فریاكەوتن دەست بەجێ بریندارەكانیان گواستەوە بۆ نەخۆشخانە.
گوڵان: سەردار خەلیل