راگــەیــانــدنـــی كۆتایی كۆبوونەوەی كۆمیتەی سەركردایەتيی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
ڕۆژى شەممە 21 / 10 / 2023 كۆمیتەی سەركردایەتيی (یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK)، بەسەرپەرشتی هەڤاڵ غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی YNDK، لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی YNDK لە شاری هەولێر، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و كارو خەباتی YNDK كرا:
باشووری كوردستان: باشوورى کوردستان لە رەوشێکى سیاسى ئاڵۆزو ناسک و هەستیاردایە، ناوەندى سیاسیى کوردستان پەرش و بڵاوو لێکترازاوە، لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان لە ناکۆکى و ململانێى بەردەوامدان، ئەم رەوشە نیگەرانییەکى زۆرى لاى هاوڵاتییان دروستکردووە، بۆیە بە پێویستی دەزانین كە بەزووترین كات ناوەندى سیاسى و ناوماڵی كوردستان رێك و یەكبخرێتەوە، بۆ ئەمەش پێکهێنانى (ئەنجوومەنى سیاسیى کوردستان) وەک چەترێکى هاوبەش کە تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان بگرێتەخۆ بەگرنگ دەزانین، ئەمەش دەبێتە فاکتەرێک بۆ ئەوەى کەوا هەموو لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان یەكدەنگ و هاوهەڵوێست بن، بەتایبەت لەم قۆناخە هەستیارو چارەنووسسازەدا، كەوا داگیرکەرانى کوردستان بەردەوام و پیلانى گڵاو دادەڕێژن و لە هەموو لایەكەوە هەڕەشە لە کوردستان دەکەن، ئەوەتا عێراق تا ئێستا ئامادە نییە ماددەى 140 جێبەجێ بکات و شایستە داراییەکانى کوردستان بدات، لە لایەکى دیکەوە رژێمى تورکیا بەردەوام ناوچە سنوورییەکان تۆپباران دەکات و خەڵکى سڤیل ئاوارەو شەهید دەکات، هەروەها ئێران بەردەوامە لە هەڕەشەکانى بەرامبەر باشوورى کوردستان، ئێمە تەواوى دەستدرێژییەکانى داگیرکەران بۆ سەر کوردستان بە توندى ئیدانەو مەحکووم دەکەین و، داوا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەکەین لەم رووەوە تەنیا سەیرکەر نەبن و هەڵوێستیان هەبێت و بێدەنگ نەمێنن، ئەم پیلان و هەڕەشانەى لەسەر گەلى کوردستان و ئەزموونەکەى بەڕێوەدەچێت، پیلانێکى ناوچەیى بەرنامە بۆ دارێژراوى گەورەیە دژ بە گەلەکەمان، ئەم پیلانانە دەمێکە کاریان لەسەر دەکرێت و هەوڵى جێبەجێکردنیان دەدرێت، بێگومان یەکڕیزى و یەکدەنگیمان کاریگەرترین چەکن بۆ رووبەڕووبوونەوەو هەڵوەشاندنەوەو پوچەڵکردنەوەى ئەم پیلانانە و هەوڵە نەزۆکەکانى دوژمنان و ناحەزانمان، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان کار بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى بکەین و بۆ پوچەڵکردنەوەى پێلانەکان هاوهەڵوێست بین.
سەبارەت بە شێوازى بەڕێوەبردنى کوردستان: ئێمە وەک YNDK ئەنجامدانى چاکسازییەکى گشتگیر لە تەواوى بوارەکانى بەڕێوەبردنى کوردستان بەپێویست دەزانین و، پشتیوانى لە هەنگاوەکانى حکومەتى کوردستان دەکەین بۆ سیستماتیکردن و بە دامەزراوەییکردنى دەزگاو دامەزراوەکانى کوردستان و، داواکارین حکومەتى کوردستان تەواوى دەزگاو دامەزراوەکانى کوردستان بەشێوەیەکى سەردەمییانە سیستماتیک بکات و، ببێتە حکومەتێکى یەکگرتوو بۆ هەموو خەڵکى کوردستان، بۆ ئەمەش پێویستە شوێنەوارى دوو ئیدارەیى نەهێلدرێت و حکومەت لەسەر هەموو ئاستەکاندا یەکبخرێتەوە، هەموو لایەکمان چاوەڕوانین کەوا حکومەتى کوردستان هەنگاوى باش بنێت بۆ پێشکەشکردنى خزمهتگوزارى زیاترو نههێشتنی گهندهڵی و نادادپهروهری كۆمهڵایهتی و سیاسى و ئابوورى و حزب حزبێنه و نایهكسانی، هەروەها پێویستە حکومەتى کوردستانە ئاوڕی زیاتر له فهرمانبهران و مامۆستایان و خانهنشینان و خانهوادهی شههیدان و خاوهن پێداویستی تایبهت بداتهوه و مووچهكانیان لهكاتی خۆيدا بۆ خەرج بکات و كاربكات بۆ باشتركردنی ژیان و گوزهرانی خهڵكی كوردستان و، لەهەمان کاتدا کار بکات بۆ ئەوەى هەڵبژاردنێکى پاک و دوور لە ساختەکارى لە کوردستان لەکاتى دیاریکراودا ئەنجامبدرێت و دوانەخرێت، ههورهها پێویستە حکومەتى کوردستان لە دانوستانەکانى لەگەڵ عێراق كار بۆ گهڕاندنهوهی كهركووك و مهخموور و ههموو ئهو شوێنانه بكات كه بهپیلانێكی نهگریس كهوتنه بندهستی سوپای داگیرکەرى عێراق، لە قۆناخى ئێستاشدا پێویستە داوا لە حکومەتى عێراق بکات کەوا زیاتر خزمەتى ناوچە دابڕێنراوەکان (داگیرکراوەکان)ى کوردستان بکات و خزمەتگوزارى تەواویان پێبگەیەنێت و ئارامى و ئاسایشى ئەو ناوچانە بپارێزێت.
سەبارەت بە مامەڵەکردنى حکومەت لەگەڵ حزب و هێزە سیاسییەکانى کوردستان: پێویستە حکومەتى کوردستان بەشێوەیەکى یەکسان و دادپەروەرانە مامەڵەیەکى تەندروست لەگەڵ تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان بکات، بۆ ئەم مەبەستەش جارێکى دیکە داوا دەکەین بۆردێکى تایبەت دروستبکرێت بۆ خاڵى پەیوەندى نێوان حکومەت و حزب و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان.
باكووری كوردستان: ئێمە لە YNDK پشتیوانی خۆمان بۆ خەبات و بەرخودانى باکوورى وڵات رادەگەیەنین و، ئیدانەى تەواوى ئەو دەستدرێژیانەى دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا دەکەین کەوا دەیکاتە سەر پەرلەمانتارو پارتە کوردییەکان و سازییەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و شارەوانییەکان و چالاکوانە مەدەنییەکانى باکوور، سیاسەت و ئەو دەستدرێژییانەى تورکیا ئەو راستییە دەسەلمێنن کەوا تورکیا دژى هەرجۆرە خەباتێکى مەدەنى و پەرلەمانى و سیاسى و دژى هەر داواو دەستکەوتێکى گەلى کوردستانە جا لە باکوور یا لە هەر بەشێکى کوردستان بێت، داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین بەرامبەر ئەو دەستدرێژییانەى تورکیا بیدەنگ نەمێنن، سەرەڕاى ئاستەنگەکانى بەردەم خەباتى نەتەوەکەمان لە باکوور، خەبات بەردەوامەو پێشڤەچوونى بەرچاویش وەدیهاتوون، هيوادارين ئەم پێشڤەچوونانە ببنە فاكتەری سەرەكی سەركەوتن و گەیشتن بە مافە رەواکانى نەتەوەکەمان.
رۆژهەڵاتی كوردستان: ئێمە وەک YNDK هەوڵەكانی لەیەكدی نزیكبوونەوەی لایەنە سیاسیەكانی رۆژهەڵات بەرز دەنرخێنین و, بە گرنگی دەبینین كە تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی کوردستان كاربكەن بۆ كۆكردنەوەی هێزو تواناكانیان و، بەرەیەكی سیاسی بەرفراوان کە تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى رۆژهەڵات بگرێتەخۆ لە نێوان خۆیاندا پێكبهێنن، بۆئەوەی ئامادە بن بۆ هەر ئەگەرو پێشهاتێک كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا دێنە پێشەوەو روودەدەن، لێرەوە سڵاو دەنێرین بۆ زیندانييانی سیاسی لە زیندانەكانی ئێران و خەبات و بەرخودانیان بەرز دەنرخێنین و، داوا لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەكەین كەوا هەوڵبدەن گیانی چالاکوانان لە زیندانەکانى ئێران لە مردن رزگار بكەن و، پاڵەپەستۆ بخەنە سەر رژێمى داگیرکەرى ئێران کەوا چیتر گەنج و چالاکوانانى کورد لە سێدارە نەدات.
رۆژئاوای كوردستان: ئێمە وەک YNDK جارێكی دیكە پشتیوانی خۆمان بۆ خەبات و تێکۆشانى رۆژئاوای كوردستان رادەگەیەنین و، پێشڤەچوون و سەرکەوتنەکانى رۆژئاواى کوردستان بەرز دەنرخێنین و، بە گرنگی دەزانین تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی ئەو بەشەی وڵات یەكڕیزو یەكدەنگ بن و بەیەكەوە كاربكەن و خۆیان لە ململانێی حزبایەتی بەدوور بگرن و، لەجیاتی حزبایەتی كوردایەتی بكەن و بەرژەوەندی نەتەوەیی لەبەرچاو بگرن و خۆیان لەهەر گرژی و ناكۆكییەك بپارێزن، لەهەمان کاتدا تەواوى هێرش و پەلامارو دەستدرێژییەکانى دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان ئیدانە دەکەین و داوا لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى دەکەین کەوا لە بەرامبەر تورکیادا هەڵوێست وەربگرن.
كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان: ئێمە وەک YNDK جارێکى دیکە جەختدەكەینەوە سەر بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان بەبەشداری تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی مەزن, بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لەم كاتە هەستیارەدا بە ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی دەزانین و، وەک هەنگاوێك بۆ داڕشتنى کارنامەیەکى نەتەوەیى و نیشتمانى بۆ چۆنیەتى خۆگونجاندن و سوود وەرگرتن لەو ئەگەرو پێشهاتانەى لەسەر ئاستى ناوچەکە روودەدەن، ئەم هەنگاوەش فاکتەرێکى گرنگ دەبێت بۆ یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان لەسەر ئاستی كوردستانی مەزن.
کۆنگرەى شەشەمى YNDK : بۆ شرۆڤەکردنى رەوشى سیاسى و کارى رێکخراوەیى و داڕشتنى کارنامەیەکى نوێ بۆ کارو خەباتى داهاتووى YNDK و هەڵبژاردنى سەرکردایەتییەکى نوێ بۆ YNDK ، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کەوا لەمساڵدا کۆنگرەى شەشەمى YNDK ببەستریت.
عێراق: YNDK پێیوایە تا ئێستاش هیچ گۆڕانکارییەگى پۆزەتیف لە سیاسەت و هەڵسوکەوتى دەسەڵاتدارانى عێراق بۆ نزیکبوونەوە لەگەڵ کوردستان رووینەداوە و، دژایەتیکردنى خواستەکانى گەلى کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانى عێراق بەردەوامە، ئەم رەوشەی كەوا ئێستا عێراق پێیدا گوزەر دەكات بەرەنجامی عەقلیەتی تاكڕەوی و دكتاتۆرییەتە كە حكومەتی تائیفى و مەزهەبى لە ساڵانی رابردوو و لە ئێستادا هۆكاری هێنانە ئارای ئەم عەقلیەت و رەوشە نەخوازراوە بوون، بە باوەڕی ئێمەو بەپێی ئەزموونی كورد لەگەڵ رژێمەكانی پێشووی عێراق دەگەینە ئەو راستییەی كەوا متمانە بە دەسەڵاتدارانی عێراق نەكەین، بێگومان دەسەڵاتدارانى ئێستاى عێراق دەیانەوێ هەمان سیاسەتى هەلەى حکومەتەکانى پێشووى عێراق دووبارە بکەنەوە، روانینى دەسەڵاتى ئێستاى عێراق هەمان روانینى دەسەڵاتەکانى پێشووە، ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنێت کەوا عەقلیەتى دەسەڵاتدارى عێراقى چەقبەستووەو ناگۆڕێت و، روانینى زۆربەیان هەمان روانینى حکومەتەکانى رابردووە بۆ چارەسەرى پرسى کورد ! زۆربەى دەسەڵاتدارانى عێراق لۆژیکى خۆبەزلزانین و سەربازى دەخەنە پێش لۆژیکى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن، لە رەوشێکى وادا پێویستە هێزە سیاسییەکانى کوردستان کار بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى بکەن و کاربکەن بۆ ئەوەى وەک یەک تیم مامەڵە لەگەڵ هێزە عێراقییەکان بکەن، نەک وەک ئەم حیزب و ئەو حیزب، بێگومان یەکگرتووییمان پێگەى کوردستان بەهێز دەکات و نزیکمان دەکاتەوە لە وەدەستهێنانى خواستەکانمان.
رەوشی ناوچەكەو جیهان: YNDK پێیوایە رۆژهەڵاتی ناڤین لە رەوشێكی پڕ ناسك و هەستیارو ئاڵۆزدایەو رۆژ بە رۆژ ئەگەرو پێشهاتی نوێ دێنە پێشەوە، بە تایبەت لەلایەک شەڕى روسیا و ئۆکرانیا، لەلایەکى دیکەوە هێرشى حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و پەرچەکردارى ئیسرائیل لە بەرامبەر هێرشى حەماس، وایکردووە کەوا شەڕیکى قورس لە ناوچەکەدا بێتە ئارا، لە ئەنجامى ئەو شەڕو ئاڵۆزییانەدا بە هەزاران کەس کوژراو بریندارو ئاوارە بوون کەوا زۆربەیان خەڵکى سڤیلن، بێگومان ئەو شەڕە کاریگەرى کردۆتە سەر رەوشى سیاسى ناوچەکەو جیهانیش، بە بڕواى ئێمە هیچ کاتێک شەڕ چارەسەرى کێشەکانى نەکردووە، بگرە کێشەکانى زیاتر ئاڵۆز کردووە، پێویستە کێشەکان لە ڕیگەى دیالۆگەوە یەکلابکرێنەوەو چەکەکان بێدەنگ بکرێن، بێگومان ئەو ئەگەرو پێشهاتانە كاریگەری خۆیان دەبێت بۆ سەر رەوشى سیاسى کوردستان و بزاڤە رزگاریخوازەكانی ناوچەكە، بەداخەوە ئێمەى گەلى کوردستان بەهۆى ململانێى سیاسیى نێوان لایەنە سیاسییەکان بەرنامەیەکى نەتەوەیى و نیشتمانیمان نیە بۆ چۆنیەتى مامەکردن لەگەڵ پێشهاتەکاندا، پێویستە ئێمە وەکو گەلى كوردستان لە رەوشێکى وادا کارنامەیەکى نەتەوەیى و نیشتمانى دابڕێژین بۆ چۆنییەتى مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهات و رووداوەکاندا، هەروەها پێویستە برایانمان لە بەشەكانی دیكەی كوردستان ریزەکانى خۆیان یەکبخەن و كارو خەباتی خۆیان خورت بكەن و بەرەو رزگاری و ئازادی هەنگاو بنێن، لە هەمان كاتدا وای دەبینین كەوا دەكرێ لە ئەنجامى ئەو گۆڕانکارییانەى کە دێنە پێشەوە سوود وەربگرین بۆ كاركردن بۆ ئازادى و سەربەخۆیی كوردستان.
کارو خەباتى YNDK: لە دوا تەوەری كۆبوونەوەكەدا باس لە كاروخەباتی YNDK لەماوەی رابردوودا كراو، دواى هەڵسەنگاندنى کارو خەباتى ماوەى رابڕدوو، كارنامەیەكى نوێ بۆ كارو خەباتی داهاتووی YNDK تا بەستنى کۆنگرەى شەشەمى YNDK دانرا، ئەمەو كۆبوونەوەكە سەركەوتووانە كۆتایی بە كارنامەی خۆی هێنا.
كۆميتهى سهركردايهتيى
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
21 / 10 / 2023 هەولێر - باشووری كوردستان