قەتەر گرێبەستێکی ٢٧ ساڵەی دابینکردنی غازی لەگەڵ کۆمپانیای تۆتال ئینێرجی واژۆکرد

قەتەر گرێبەستێکی ٢٧ ساڵەی دابینکردنی غازی لەگەڵ کۆمپانیای تۆتال ئینێرجی واژۆکرد

 

کۆمپانیای دەوڵەتی نەوت و غازی قەتەر ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند: کە دۆحە و کۆمپانیای تۆتال ئینێرجی فەرەنسی دوو گرێبەستیان بۆ دابینکردنی غازی سروشتی شل بۆ ماوەی ٢٧ ساڵ واژۆ کردووە.

ئەم کۆمپانیایە گەورەیەی غازی قەتەر لە بەیاننامەیەکدا ڕوونی کردەوە کە بەگوێرەی ئەو دوو گرێبەستە واژۆکراوە، قەتەر بڕیارە ساڵانە تا ٣.٥ ملیۆن تۆن غازی LNG لە ڕێگەی کۆمپانیای تۆتال ئینێرجیەوە بۆ فەڕەنسا دابین بکات.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی بڵاوکراوە، دابینکردنی غاز لە ساڵی 2026 دەستپێدەکات و بۆ ماوەی 27 ساڵ واتە تا ساڵی 2053 بەردەوام دەبێت.

قەتەر پێشتر دوو گرێبەستی دیکەی لەگەڵ کۆمپانیای تۆتال واژۆ کردبوو. سەعد شریدە ئەلکەعبی، وەزیری وزەی قەتەر ڕایگەیاند: ئەو دوو گرێبەستەی لەگەڵ هاوبەشەکەمان کۆمپانیای تۆتال واژۆمان کردووە، نیشانەی پابەندبوونی بەردەواممانە بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا بەتایبەت بازاڕی فەرەنسا.

لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٢ کۆمپانیای تۆتال گرێبەستێکی بە بڕی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لەگەڵ قەتەر واژۆ کرد. لەسەر بنەمای ئەو گرێبەستە، 9.3%ی پشکەکانی قۆناغی باشووری کێڵگەی گازی باکووری قەتەر، واتە قۆناغی دووەمی گەشەپێدانی کێڵگەکە، بۆ کۆمپانیای تۆتال تەرخانکرا.

کێڵگەی گازی باکوور کە بە " باکووری قەتەر " ناسراوە، لە ڕاستیدا کێڵگەی گازی پارسی باشووری ئێرانە؛ یەکێک لە گەورەترین سەرچاوە گازییەکانی جیهان كەلە ساڵی ١٩٧١ دۆزرایەوە و بە هاوبەشی لەلایەن قەتەر و ئێرانەوە خاوەندارێتی دەکرێت 33%ی ئەم کێڵگەیە لە ئاوەکانی ئێراندایە و 67%ی لە ئاوەکانی قەتەردایە.  ئەم بەرهەمهێنانە لە ساڵی ١٩٨٩ دەستی پێکرد. قەبارەی یەدەگی غازی سروشتی لە کێڵگەی پارس بە ٥١ تریلیۆن مەتر سێجا مەزەندە دەکرێت.

 

 

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

 

Top