نەتەوە یەکگرتووەکان: گەمارۆدانی غەززە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان قەدەغەیە

نەتەوە یەکگرتووەکان: گەمارۆدانی غەززە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان قەدەغەیە

 

 

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەوەی گەمارۆدانی تەواوەتی کەرتی غەززە قەدەغەیە و نایاساییە.

ئەمینداری گشتیی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، كە گەمارۆی تەواوەتی کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان قەدەغەیە.

ڤۆڵکەر تورک لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "سەپاندنی ئابڵوقە کە ژیانی خەڵکی سڤیل دەخاتە مەترسییەوە بە بێبەشکردنیان لە کەلوپەلی سەرەکی بۆ مانەوەیان، بەپێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان قەدەغەیە".

ئەم بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە: گەمارۆدانی تەواوەتی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان قەدەغەیە.

ڤۆڵکەر تورک گوتی: ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون، لەوانە تاوەری گەورە و قوتابخانە و باڵەخانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرتاسەری غەززە و لە ئەنجامدا زیانی گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی لێکەوتووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، نووسینگەی یارمەتییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە ڕۆژی شەممەوە چوار قوتابخانە و هەشت بنکەی تەندروستی لە غەززە زیانیان بەرکەوتووە. ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە، کە پێشبینی دەکات "کەمییەکی زۆر" ئاوی خواردنەوە لە غەززە ڕووبدات بەهۆی ئەو بڕینەی ئاو کە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە.

ئیسرائیل ماوەی سێ ڕۆژە ناوچە جیاجیاکانی نیشتەجێبوون و سەربازیی غەززە بۆردومان دەکات. هەروەها ئیسرائیل بە تەواوی ئاو و کارەبا و سووتەمەنی و خۆراکی بۆ خەڵکی غەززە بڕیوە کە زیاتر لە دوو ملیۆن دانیشتوویان هەیە.

 

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

 

Top