ئارەزوو جەبار شوانی: لە ڕێگەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، هەوڵی جددیم بۆ دەستەبەری ماف و داواكارییەكانی كچان و ئافرەتانی شارەكەم دەبێت

ئارەزوو جەبار شوانی:  لە ڕێگەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، هەوڵی جددیم بۆ دەستەبەری ماف و داواكارییەكانی كچان و ئافرەتانی شارەكەم دەبێت

 

 

كەركووك لە دوای 18 ساڵ بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكات، كە بڕیارە لە 18ـی كانوونی یەكەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوەبچێت، لەوەتەی عێراقی فیدڕاڵی دامەزراوە، لە كەركووك تەنیا یەك جار هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بەڕێوەچووە، ئەویش لە ساڵی 2005 بوو، كە تێیدا كورد زۆرینەی كورسییەكانی مسۆگەر كرد و، بۆ یەكەم جار بە شێوەیەكی یاسایی ئیدارەی پارێزگاكەی بە دەستەوە گرت.

بۆ ئەمجارەش كوردانی كەركووك بە فرە لیست بەشدار دەبن، هاوكات لە ناو بەربژێرەكاندا ژمارەیەكی باش لە خانمانی بەتوانا خۆیان كاندید دەكەن و، لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان 9 ئافرەتی بەتوانا و بە ئەزموون بۆ پۆستی ئەنجومەنی پارێزگاكان كاندیدن. ئارەزوو جەبار شوانی، وەك كاندیدی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بەربژێرە ، خانمێكی بە هەڵوێست و داكۆكیكارێكی سەرسەخت و پارێزەری مافەكانی خەڵكی سڤیلی شاری كەركووك بووە و، لە كەرتی پەروەردە وەكو مامۆستا خزمەت دەكات، هاوكات پاڵپشت و خەمخۆری خانمان و كچانی شارەكەیەتی. لەم دیمانەیەدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان بەمجۆرە باسی بەرنامەكانی كاری خۆی دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

مامۆستام و خزمەتم لە بواری پەروەردەدا هەیە، هەوڵ دەدەم خزمەتی هاووڵاتیانی كەركووكی دڵی كوردستان بكەم، هەوڵی بە جێگەیاندنی ئەو یاسایانە دەدەم كە لە خزمەت بەرژەوەندییەكانی كوردن لە شاری كەركووك و بە جددی كار بۆ پاراستنی ناسنامە و كوردستانیبوونی كەركووك دەكەم.

پاراستنی پێكەوەژیان و ڕێزگرتن لە پێكهاتەكان و گەیاندنی خزمەتگوازی و لێكۆڵینەوە و وردبوونەوە لە كێشە و گرفتەكانی هاووڵاتیان كاری سەرەكیم دەبێت.

لە ڕێگەی بەرزكردنەوەی داوای یاسایی هەوڵی بە سزاگەیاندنی ئەو كەس و بەرپرس و لایانەنە دەدەم كە دەیانەوێ گەندەڵی بكەن و سامانی گشتیی قۆرخ بكەن.

گەڕەك بە گەڕەك هەر لە ڕەحیماوە تا شۆڕجە و ئیمام قاسم و ئیسكان و پەنجا عەلی و گەڕەكی كوردستان و هەموو گەڕەكە كوردنشینەكان لە خزمەتیان دەبم و هەوڵی گەیاندنی داخوازییەكانیان دەدەم.

لە ڕێگەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، هەوڵی جددیم بۆ دەستەبەری ماف و داواكارییەكانی كچان و ئافرەتانی شارەكەم دەبێت، بەشێوەیەك كە ببێتە هۆی بەشداریی زیاتری كچانی شارەكەم لەو كار و چالاكییانەی كە لە كەركووكدا دەكرێن.

هەروەها هەموو تواناكانم دەخەمە گەڕ تاوەكو كچانی كەركووك بەشداریی كارایان لە جومگە سەرەكییەكانی بەڕێوەبردنی كەركووكدا هەبێت، لە هەموو بوارەكاندا، بەتایبەت لە بواری سیاسی و چالاكییە ڕۆشنبیرییە كەلتوورییەكانی تایبەت بە خزمەتكردنی ئافرەتان لە كەركووك.

ئامانجم ئەوەیە زۆرترین هەلی كار بۆ كچان و ئافرەتانی كەركووك بڕەخسێنم، ئەویش لە ڕێگەی دامودەزگا حكوومییەكانی شارەكە، بەشێوەیەك كە پشكی شێریان لە خزمەتی داهاتووی كەركوودا بەر بكەوێت.

وەك ئاشكرایە كەركووك شاری پێكەوەژیان بووە لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا، لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوو هەمیشە و بەردەوام شاری كەركووك بە ناوچە كوردستانییەكانیشەوە، جوانترین سیمای پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتەكان بووە، كورد كە زۆرینەی شاری كەركووك پێكدەهێنێت، بەردەوام بێ جیاوازی پارێزەری ئەو پێكەوەبوون و یەكدەنگییە بووە، بەردەوام ئامانجی ئەوە بووە كە لەگەڵ خۆیدا پێكهاتەكانی دیكەش بە سەرسەبەستی و سەربەرزانە بێ گرفت بژین و لە مافەكانیان بێبەش نەكرێن.

ئەم سیما جوانەی كۆدەنگی و تەناهی لە دیدگای (سەرۆك مەسعود بارزانی)ییەوە، سەبارەت بە كەركووك سەرچاوەی گرتووە، وەكو بینیمان و لەبیرمانە، لە شەڕی تیرۆر و بەتایبەت (تیرۆریستانی داعش)

 چۆن هێزەكانی پێشمەرگە توانییان خاكی پیرۆزی كەركووك لە تیرۆریستان بپارێزن، بەبێ جیاوازی لە نێوان پێكهاتەكان.

ئەوەی گرنگە و ئەركی هەموومانە، ئەوەیە كە دەبێت بە هەموولایەك لە خزمەت شاری كەركووكدا بین، كەركووك مێژووییەكی پڕشكۆ و پڕ بایەخی لە مێژوویی كورد و ناوچەكە و جیهاندا هەیە، كەركووكییەكان بۆ ساتێكیش لە قوربانیدان و خەبات سڵیان نەكردووەتەوە، بەڵام بەداخەوە وەكو پێویست خزمەت نەكراون و بەردەوام مافەكانیان لێ زەوت كراوە.

ئەركی هەموومانە بەو پەڕی دڵسۆزییەوە وەكو ئەركی سەرشانمان، لە خزمەت گەڕەك بە گەڕەكی شاری كەركووكدا بین، لە هەر كوێیەك كەموكووڕی هەبوو، بۆ چاكبوونەوەی هەنگاو بنێین، لە شوێنێك زوڵم و ستەم هەبوو، هەوڵی ڕەتكردنەوە و ڕاستكردنەوەی بدەین، بە دڵ و بە گیان شارەكەمان بپارێزین، لەپێناو سەقامگیری و ئەمانەتی كەركووك هەموو هەوڵەكەمان دەخەینەگەڕ.

Top