نیان عەبدوڵڵا: سەركەوتن پێویستی بە ئیرادەیەكی بەهێزە، نەك جەستەیەكی ساغ

نیان عەبدوڵڵا:  سەركەوتن پێویستی بە ئیرادەیەكی بەهێزە، نەك جەستەیەكی ساغ

 

 

نیان عەبدوڵا كچە گەنجێكی پڕ وزەی خاوەن پێداویستیی تایبەتە، بەڵام جێگیربوونی لەسەر عەرەبانە جووڵاوەكەی نەبووەتە ڕێگر لە بەردەم حەز و خولیاكانی بۆ كاركردن و لە ئێستادا خاوەن كاری خۆیەتی و زیاتر لە دە ساڵە كار دەكات و بە تەنیا دووكانێكی تایبەت بە جوانكاریی خانمان بەڕێوە دەبات، نیان كاڵاكانی لە وڵاتە ئەوروپییەكان هاوردە دەكات و لە ڕێگەی ڕاستەوخۆ و ئۆنڵاینەوە دەیانفرۆشێتەوە. لە دیدارێكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان بەمجۆرە باس لە هەنگاوەكانی سەركەوتنی دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

 نیان عەبدوڵڵا لەدایكبووی شاری سلێمانییە و هەر لەوێش نیشتەجێیە، وەك خۆی باسی دەكات، بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە نەچووەتە بەرخوێندن، بەڵام حەزی زۆری بۆ فێربوون، وای كردووە، بە هەوڵ هیممەتی خۆی و هاوكاریی خێزانەكەی، توانیویەتی خۆی فێری نووسین و خوێندنەوە و تەنانەت فێری زمانەكانی ئینگلیزی و عەرەبی بكات. سەبارەت بە ژیانی خۆیشی دەڵێت: «من هەر لە تەمەنی دوو ساڵییەوە توانای ڕۆیشتنم لە دەست داوە، بەڵام ئەوە نەبووەتە ڕێگر لە ژیانكردنم و وەك هەر تاكێكی دیكەی ئەم كۆمەڵگەیە ژیانم كردووە، ڕاستە بە هۆی نەخۆشی و وەرگرتنی چارەسەری بەردەوام، هەلی ئەوەم بۆ نەڕەخساوە بچمە بەرخوێندن، بەڵام حەز و خولیایەكی زۆرم هەبوو بۆ فێربوون و بە جوهدی خۆم و هاوكاریی خێزانەكەم توانیم فێری خوێندنەوە و نووسین بم و فێری زمانی عەربی و ئینگلیزییش بووم».

سەبارەت بە دەستپێكی كاركردنی و تێكەڵبوونی بە بازاڕی كار، گوتی: «سەرەتا وەكو بەڕێوەبەری دایەنگە بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەڕێوەبەری دایەنگەیەك بووم لە سلێمانی، دواتر حەزم كرد، كارێكی سەربەخۆم هەبێت، دوای هەوڵ و كۆششی خۆم و پێداگریم بۆ كاركردن، ئێستا خاونی كاری سەربەخۆی خۆمم و دووكانی بابەتی جوانكاریی خانمانم هەیە و لە وڵاتانی بەریتانیا و ئەڵمانیا كاڵاكان دەهێنمە كوردستان و لە ڕێگەی دووكانەكەمەوە دەیخەمە بەر دەستی كڕیارەكانم».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە چۆن بوو، بە بێ چوونە قوتابخانە خۆت فێری خوێندن و نووسین و تەنانەت فێری زمانی بیانی كرد؟ گوتی: «هەمیشە خەون و خولیای فێربوونم هەبوو، حەزم بەوە نەكردووە وەكو كەسێكی ناچالاك دابنیشم و كاتەكانم بێسوود بەڕێ بكەم، وەك هەر منداڵێكی ئاسایی لە تەمەنی شەش ساڵییەوە بە هاوكاریی خێزانەكەم دەستم بەوە كرد كە لە ماڵەوە بخوێنم، بە دڵنیاییەوە لەو تەمەنەدا هەمیشە حەزی ئەوەم هەبوو بچمە قوتابخانە. ‏‎لە منداڵیمەوە تا ئێستا هێز و توانای خۆم و هاكاری و پاڵپشتیی خێزانەكەم منی گەیاندە ئەو سەركەوتنەم».

كاتێك پەیامنێری گوڵان پرسیاری لە نیان عەبدوڵڵا كرد، كە وەكو كچێكی خاوەن پێداویستیی تایبەت ئەو هەموو هێز و بڕوابەخۆبوونەت چۆن لا دروست بوو؟ لە وەڵامدا گوتی: «لەبەر ئەوەی من هەر لەو كاتەی كە فامم كردووەتەوە، ئەو حاڵەتەی خۆمم لا قبووڵ بووە، ئیتر ئەوە نەبووەتە ڕێگر لە بەردەم ژیانی ڕۆژانەم، بۆیە هەمیشە هەنگاوم بەرەو سەركەوتن ناوە، چونكە سەركەوتن پێویستی بە ئیرادەیەكی بەهێزە، نەك جەستەیەكی ساغ». گوتیشی: «بەداخەوە ژیانی منداڵیم خۆش نەبوو، هەمیشە لەژێر چارەسەری پزیشكی و نەخۆشخانە بووم، جگە لەوەی لە دونیای منداڵی و یاریكردن لەگەڵ هاوڕێكانم بێبەش بووم، بەڵام سوپاس بۆ خوا خێزانەكەم زۆر زۆر باش بوون و حاڵەتەكەی منیان سەد لە سەد قبووڵ بوو، لەگەڵ ئازارەكانی من ئازاریان دەچەشت، جگە لەوانەش لە هەموو هەنگاوەكانمدا هەردەم هاندەر و پاڵپشتم بوون، چونكە من كچی بچووكی خێزانەكەم بووم و نازێكی تایبەتم لای ئەوان پێ درابوو».

نیان عەبدوڵڵا لە كۆتایی وتەكانیدا جەختی لەوە كردەوە، ئەو دۆخەی جەستەیی خۆی بڕوابەخۆبوون و هێز و توانایەكی زۆری پێ بەخشیووە و هەر لەو بارەیەوە گوتی: «ناتوانم بڵێم خوا شتێكی لێ سەندوومەتەوە، چونكە قەناعەتم وایە لە هیچم كەم نییە و سوپاس بۆ خوا وەك هەر مرۆڤێكی ئاسایی ژیانم بەڕێ دەكەم. ژیان و گوزەرانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە هیچ ڕوویەكەوە لە كوردستان باش نییە. لە بواری هاتوچۆ و گواستنەوە تا ئێستا زۆربەی بینا و شوێنە گشتیەكان و شەقامەكان گونجاو نین».

 

Top