هیواو و ئاواتمان زۆرە لەم كاتەدا چنینەوەی زۆرترین نازناوە

هیواو و ئاواتمان زۆرە لەم كاتەدا چنینەوەی زۆرترین نازناوە

كوردستان بەمۆ یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی هەڵبژاردەی عێراق

هیواو و ئاواتمان زۆرە لەم كاتەدا چنینەوەی زۆرترین نازناوە
شاری سلێمانی پێشەنگ بووە لە خزمەت كردنی یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان، یانەكانی ئەو شارە و یاریزانانی شارەكە پێشەنگی یانەكانی كوردستان و عێراقن، كچە یاریزانانی شاری سلێمانی لە زۆربەی پاڵەوانێتیەكانی گۆڕەپان و مەیدان كۆنترۆڵی هەڵبژاردەی نیشتمانی عێراقیان كردوە بە هۆی ئاست بەرزی ئەم یارییە لە شارەكە و گرنگیدانی بەردەوامی یاریزانان، هەر چەندە یاری گۆڕەپان و مەیدان لە شارەكانی تری كوردستان وەكو پێویست گرینگی پێ نەدراوە، بەڵام سلێمانی بەردەوام بوو لە دروست كردنی چەندین یاریزانی بەتوانا لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و بگرە لە عێراقیش لە پلەكانی پێشەوەن، یانەكانی ئەو شارە خاوەن چەندین كچە ئەستێرەن لەم یارییە، یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانی شارەكەش كوردستان بەمۆ جەمال-ە ئەو ماوەیەكە لە ناو گۆڕەپانەكانی كوردستان و عێراق دەبینرێ بە تیبەتی لە یاری ڕاكردنی بەربەست پاڵەوانی كوردستان و عێراق و عەرەبە وخاوەنی ژمارەی پێوانەیە، ناوبراو لە دایك بووی ساڵی 2002ی پارێزگای سلێمانییە، یاری بۆ یانەكانی سلێمانی و پێشمەرگەی سلێمانی وسیروانی نوێ وئیتسالاتی بەغداد و زانكۆ دیجلە و ئاشور كردوە،ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیاریكمان لێ‌ كرد ئەوەیش بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە:كارزان كانەبی
*چۆن بوو هاتیتە نێو جیهانی وەرزشی؟
- دەتوانم بلێم بە سوتفە هاتمە نێو جیهانی وەرزش ئەوە نییە من پلانم بۆ دانابێت یاخود خولیام بوو بێت، هەم خوێندنیشم كە بواری وەرزشە هەم پیشەشم كە یاریزانم.
* لە نێوان ئەم هەموو یارییە وەرزشیە چۆن بوو بڕیارت دا یاری گۆڕەپان و مەیدان هەڵبژێریت؟
- بەشداریم لە تاقیكردنەوەی پەیمانگای پەروەردەی وەرزشی سلێمانیم كرد وەكو قوتابی بۆ ئەوەی لەوێ بخوێنم، كە بە هەڵبژاردەی لاوەكیم دانابوو بۆ خوێندن، لە تاقیكردنەوەكە ڕاهێنەرێكی گۆڕەپان و مەیدان منی بینی و منی بە گونجاو زانی بۆ ئەم یارییە و دوای ئەوە چووم بۆ یانەكە و بەم وەرزشە ئاشنا بووم ئیتر لەم شوێنەوە بواری وەرزشم هەم بۆ خوێندن هەم بۆ پیشەم هەڵبژارد.
* هەست ناكەی یارییەكی قورست هەڵبژاردوە ؟
-بەڕاستی قورسە زۆریش، یاری ئێمە بۆ ڕاهێنان وشكە و دەبێت هەمیشە لە مەشقی بەردەوامدا بیت بێ دابڕان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چێژێكی تایبەت خۆی هەیە.
* ئاستی یاری گۆڕەپان و مەیدان چۆن دەبینی لە كوردستان؟
- لە ئاستێكی دواكەوتوو و زیاد لە پێویست لاوازە بە بەراورد لەگەڵ دەساڵ پێش ئێستادا، دەتوانین بڵێن لە قۆناغی مردندایە لە كوردستان.
*پێت باشە چی بكرێت ، بۆبەرەووپێشبردنی ئەم یارییە لە كوردستان بۆ ئەوەی بگاتە ئاستێكی بەرز؟
-یەكەم شت كە یانەكان گرنگی بەم یارییە بێ نازە بدەن و پێگەیەكی بۆ دانێن، نەك پشتگوێی بخەن وەك ئێستا و پشتگیری ماددی بكرێت لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە، دووەم كردنەوەی فێرگە بۆ دۆزینەوەی بەهرەی نوێی و زیادكردنی یاریزان، سێیەم لە ڕووی ڕاگەیاندن زیاتر بانگەواز بۆ ئەم وەرزشە بكرێت و خەڵك پێی ئاشنا بن، چوارەم كردنەوەی پاڵەوانێتی.
*دەلێن یانەكانی كوردستان خۆیان ئەم یارییەیان پێشتگوێ خستووە؟
- بەلێ بەو بەڵگەیەی كە من پاڵەوانی كوردستان و عێراق و عەرەبیم، وە خێراترین ڕاكەری بەرستم لە مێژووی عێراقیدا یەك یانە نییە تا ئەم كاتە من لە خۆ بگرێت و لەم كاتەدا بێ یانە ماومەتەوە.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت؟
- بەرنامەم زۆرە، بەڵام حەز ناكەم باسی بكەم تا ئەوەی خۆمی بۆ ئامادە دەكەم بێتە دی.
*سەركەوتن چ هەستێكت پێ دەبەخشێ؟
-ئەو هەستەت پێ دەبەخشێت كە قسەی ئەو كەسانەت شكاند كە دژایەتیت دەكەن و چاوەڕێ چاوەڕێ كەوتنت بوون، هەموو ئەو هیلاكی و بێتاقەتیانەی كە لە كاتی ڕاهێناندا دووچارت بوونەتەوە لە یاد دەكەیت و دەلێت ئەو هەوڵەت بە فیرۆ نەچوو و تۆی هیلاكیت دەچێنیتەوە.
*كێ بە ڕكابەری خۆت دەزانی؟
- بە بۆچوونی من هەموو ئەوانەی كە لە سەر خەتی سەرەتا لەگەڵمدا ڕادەوەستن و پێشبڕكێ دەكەن و ناویان هەر ڕكابەرە جا چ پیشەگەرێك بێت و ناوی هەبێت یاخود لاو بێت، بەڵام خۆم بە گەورەترین ڕكابەری خۆم دادەنێم.
*هیواوئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك؟
- هیواو و ئاواتمان زۆرە لەم كاتەدا چنینەوەی زۆرترین نازناوە كە لە توانامدا بێت.
*بڕیارت نەداوە ڕوو لە كاری ڕاهێنەری بكەی؟
-نەخێر هەر بیریشی لێ ناكەمەوە.
*گرێبەستت بۆ نەهاتووە لە یانەكانی تر؟
-لە دەرەوەی عێراق بۆم هاتووە، لە ناو عێراق تا ئێستا بۆم نەهاتووە.
*خانەوادەكەت تا چەند هاوكارتن؟
- بەو ڕادەیەی كە ئەگەر ئەوان نەبوونایە من ئەو پاڵەوانەی ئێستا نەدەبووم.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
-زۆر سوباس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ گرینگیدانی بە وەرزشیی ناوەخۆ.

Top