سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: دهبێ كێشهكان به لێكگهيشتن چارهسهر بكرێن
دوای كۆبوونهوهى ئهمڕۆى بەڕێزان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وهزيرى دهرهوهى نهمسا له ههولێر، سهرۆك نێچيرڤان بارزانى، له وەڵامی پرسیاری ڕۆژنانووساندا دەربارەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و هەوڵی جەنابیان لەمبارەیەوە، گوتی:
“هەموومان هەوڵمان داوە، مەسەلە ئەوە نییە لایەنێك بێت، سەرۆك وەزیرانی خۆمان بە بەردەوام لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق لەسەر هێڵه و بەندە خۆم لەسەر هێڵم، بێگومان بۆ هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەم مەسەلەیە مەسەلەیەكی ڕەوایە و مافى خۆیانە، ئەوەی گرنگه ئهوهيه كە نابێت پرسی مووچە تێكەڵی هیچ بابەتێك بكرێت. حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر پابهندييهكى لە ماوهی پێش یاسای بودجەدا، هەمووی جێبەجێ كردووە، بەوپەڕی شەفافییەتیشەوە لەگەڵ بەغدا هەڵسوكەوتی كردووە. لەو باوەڕەداین بەغداش هەر بەم شێوەیە هەڵسوكەوت لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكات. پرسی مووچە بابەتێك نییە هەر قسهى لەسەر بكرێت، مافی خەڵكی هەرێمی كوردستانە وەك بەشێك لە هاووڵاتیانی عێراق كە دەبێت حكوومەتی فیدراڵى بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە زووترین كات ئەو كێشەیە چارەسەر بكات، هەر بۆ ئەم مەبەستە لەسەر هێڵين، لەم نزیكانەش شاندێكی پایەبەرز لە هەرێمی كوردستانهوه بە سەرۆكایەتیی خودی بهڕێزان سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی سەردانی بەغدا دەكەن و هیوادارین ئەم كێشانە و كێشەكانی دیكەش بە لێكگەیشتن لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكرێن.
دەربارەی ئەوەی كە هەڵوێستی هەرێمی كوردستان بۆ قۆناغی داهاتوو چی دەبێت، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد:
“ئەم حكوومەتەی ئێستا كاتێك پێكهێنرا لە ئەنجامی گفتوگۆیەكی دورودرێژ لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراقدا دروست بووە. كورد بەشدار بووە، سوننە بەشدار بووە و شیعەش بەشدار بووە. ئێمە ڕێككەوتنێكی نووسراومان هەیە بۆ بەشداریكردن لەم حكوومەتەدا و ئێمە بەشێكی سهرهكين لەم حكوومەتە، لەبەر ئەوە دەبێت هەموو هەوڵێكی خۆمان بدەین و ئەو كێشانەی كە هەن بە دایەلۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بكەین لەگەڵیان، چونكە ئێمە بەشێكی سهرهكين و بەشێكی سهرهكين لە پێكهێنانی ئەم حكوومەتە. پێویستە ئەم پرسە لە بەغدا زۆر بە باشی چارەسەر بكرێت. دەبێت مافی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بدرێت، واتە ئەمە زیاتر مەبەستە كە جێبەجێ بكرێت.
سەبارەت بە هەڕەشەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هێرشكردنە سەر بارەگاكانی حزبە ئۆپۆزسيۆنهكان و هەوڵی هەرێمى كوردستان بۆ چارەسەركردنی ئەم بابەتە، بەڕێزیان گوتی:
“ڕێككەوتنێكی ئەمنی لە نێوان بەغدا و تاراندا ئیمزا كراوە و ئێمە لە هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە عێراق پابەندی ئەو ڕێككەوتنەین و نامانەوێ هەرێمی كوردستان سەرچاوەی هەڕەشە بێت بۆ هیچ یەك لە دراوسێكانمان، نە بۆ ئێران و نە بۆ توركیا و نە بۆ هیچ لایەنێك. لەم چوارچێوەیەدا لە هەماهەنگی و هاوكاری لەگەڵ بەغدا هەندێك هەنگاوی گرنگ نراوە و هیوادارین ئەم هەنگاوانە ببنە هۆى ئەوەی هیچ كێشەیەكی ئەمنی و سەربازی دروست نەبێت. من خۆم باوەڕ ناكەم هیچ بەهانەیەك بۆ كردەوەیەكی سەربازی هەبێت”.
دواتر لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی پرۆسەی هەڵبژاردن له ههرێمى كوردستان، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە:
“لە پرسی هەڵبژاردن خۆتان دەزانن كێشەیەك دروست بوو و دوای ئەوە ڕۆژی هەڵبژاردنم دەستنیشان كردووە. ئێستا ئەم بابەتە پەیوەندی بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقەوە هەیە كە نامەشم بۆیان نووسیوە و چاوەڕوانین ئەوان دەست بە هەنگاوی كردەیی بكەن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن و لە هەموو لایەنەكانەوە پابەندین بەم بابەتەوە.
دهربارهى ئهو داتايانهش كه حكوومهتى ههرێمى كوردستان بۆ بهغداى ناردووه، بهڕێز سهرۆكى ههرێمى كوردستان گوتى:
“نەخێر ئەوە ڕاست نییە كه دهڵێن داتاكان دروست نين، دەتوانم پێتان بڵێم حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەوپەڕی شەفافییەتەوە مامەڵەی لەگەڵ بەغدا كردووە، هەموو داتاكانیش داتای دروستن و هیچ داتایەكیش نییە كە بە هەڵە ڕەوانەی بەغدا كرابێت. هیوادارین دیسانەوە ئەم بابەتە تێكەڵ بە بابەتی سیاسی نەكرێت، پرسی مووچەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، مافی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانه وەك دەستووری عێراق باسی دەكات. ئێمە ئەو چاوەڕوانییە لە سەرۆك وەزیرانی عێراق وەك سەرۆك وەزیرانی ههموو عێراق دەكەین كە پێویستە ئەم بابەتە بە زووترین كات چارەسەر ببێت. كێشەكانی ئێمە لەگەڵ بەغدا تەنیا پرسی مووچە نییە، كێشەی ماددەی سەد و چلمان هەیە كە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، پرسی ڕێككەوتنی شەنگال هەیە كە بۆ ئێمه زۆر گرنگە و دەبێت چارەسەر بكرێت. لهوە گرنگتر ئەوەی كە دەبێت بە ڕاستی چارەسەر بكرێت ئەوەیە ئایا سیستمی عێراق سیستمێكی فیدراڵييه، یان سیستمێكی مەركەزییە؟ ئەو مامەڵەیەی ئێستا لەگەڵ هەرێم دەكرێت، مامەڵەیەكی فیدراڵی نییە و هیوادارین لە هاوكاری لەگەڵ بەغدا بگەینە لێكگەیشتنێكی هاوبەش لەسەر پرسی سیستمی فیدرالی لە عێراق”.
سەبارەت بە هەوڵەكان بۆ ئاساییكردنەوە و نەهێشتنی ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، بەڕێزیان گوتی:
“گەر سەیری هەموو قسەكانم بكەن لە چەندین ساڵی ڕابردوو، هەمووى داكۆكييه و ئێستاش داكۆكييه لەسەر ئەوەی ههتا ئێمە تا ڕادەیەكی زۆر لەنێو خۆماندا بە یەكێتی و پارتی و لایەنەكانەوە هەموومان تێگەیشتنێكی دروستمان لەسەر دۆخهكه نەبێت و پێكەوە نەبین، بەردەوام ئەم كێشانە دێنە پێش و چارەسەریش تەنیا ئەوەیە كە دەبێت زمانێكی هاوبەش پەیدا بكەین بۆ مامەڵەكردن و چارەسەركردنی كێشەكان لەناوخۆ و لەگەڵ عێراقیش، چونكە با پێتان بڵێم، پرسی بودجه پەیوەندی بە یەك لایەنەوە نییە، مەسەلە ئەوە نییە بڵێی پەیوەندی بە یەك حزبەوە هەبێت، ئەمە پەیوەندی بە هەموو هەرێمی كوردستانەوە هەیە و هەموو لایەنە سیاسیيەكان و گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە دەبێت لەسەر ئەمە یەك هەڵوێست بێ و پشتگیریی تەواوی حكوومەتی هەرێمی كەوردستان بكات”.
دەربارەی ئەوەی كە ئایا لەمبارەیەوە هیچ كۆبوونەوەیەك لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت، بەڕێزیان ئاشكرای كرد:
“نەخێر تا ئێستا نە”.
دەربارەی پرسی یەكخستنەوەی پێشمەرگە و سستيی هەنگاوەكانی ئەم پرۆسەیە و نیگەرانیی هاوپەیمانان لەمبارەیەوە و هەڵوێستی ئەمەریكا دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد:
“پرسی پێشمەرگە بابەتێكی گرنگە و گلەیيیەكی گەورە هەیە، بەتایبەتی گلەیيی گەورە لە پارتی و یەكێتی هەیە، ئەمەریكییەكان گلەییيان هەیە كە پرۆسەكە زۆر بە خاوی دەڕوات، ڕاستیشە زۆر بە خاوی دەڕوات، بەڵام ئەوە نییە كە هیچ نەكراوە، شت كراوە، بەڵام ئەو هەنگاوانەی كە تا ئێستا لە یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە نراون، هەنگاوی گەورە نین. هیوادارین ئەم هەنگاوانە زیاتر پەرهی پێ بدرێت و ئەم هێزانە ببنە یەك. ڕۆڵی ئەمەریكا ئەوەیە كە بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدەن كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بكرێن و ڕۆڵی ئەمەریكا ڕۆڵێكی یارمەتیدەرە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.”
سەبارەب بە ڕۆڵی بهڕێزيان بۆ چارهسهركردنى كێشهكان، گوتی:
“وەك بەرپرسیاريهتیی خۆم، بەڵێ ئێمە ڕۆڵی خۆمان دەبینین و هەموو لایەكمان لە هەرێمی كوردستان دەبێت ئەو ڕۆڵە ببینین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.”
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا سەبارەت بەوەی كە ئایا هەرێمی كوردستان لە پرسی ئابووريدا شكستی هێناوە، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد:
“پێموانییە هەرێمی كوردستان شكستی هێنابێت لەو بابەتە. سەیری دۆسیەكانی پێشوو بكەن لەو پرسەدا ئیشی زۆر باش كراوە، كێشەش هەبوو، كێشەكانیش دەبێت بە گفتوگۆ و دایەلۆگ چارەسەر بكرێن، بەڵام لەم پرۆسەیەدا هەرێمی كوردستان شكستی نەهێناوە.”
لە وەڵامی كۆتا پرسیاریشدا سەبارەت بە ئەگەری سەردانی بەڕێزیان بۆ بەغدا بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان، بەڕێزیان گوتی:
“وەك پێمگوتن بەڕێزان سەرۆك وەزیران و جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكەن، هەركاتێكیش پێویست بێت، بەڵی سەردانی بەغداش دەكەین. پرسی چوونی ئێمە بۆ بەغدا زۆر ئاساییيە و ئێمە لەم وڵاتەدا دەژین، ئێمە لەم جوگرافیایەكدا دەژین كە جوگرافیای عێراقه و ئێمە بەشێكین لەم جوگرافیایەی عێراق و دەبێت سەردانی ئێمە زۆر بە ئاسایی وەربگیرێت و هەركاتێك پێویست بوو بچینە بەغدا، دەچینە بەغدا.”