ڕاگەیەندراوێک لە گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانەوە

ڕاگەیەندراوێک لە گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانەوە


لە لێدوانێکی بەڕێز گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراقی فیدراڵدا هاتووە کە پارێزگای دهۆک ، دووهەمین پارێزگایە لە ڕێژەی نەخوێندەواری ، پێویست بوو ئەو بەڕێزە شیکاری وردتری پێشکەش بکردایە ، بۆ بەرچاو ڕوونی ئەم ڕوونکردنەوە گرنگە ڕادەگەیەنین پاڵپشت بە ئاماری فەرمی :

🔴ئەو داتایەی کە گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق باسی دەکات ، شیکاری و بەراوردکاری بۆ نەکردوە ، کە بزانێت چ پێشکەوتنێک لە ئاستی نەهێشتنی نەخوێندەواری بەتایبەت لە چوار ساڵی رابردوو ڕویداوە لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان ، بە تایبەت لە پارێزگای دهۆک ، کە هەموو ئامارەکان پاڵپشت بە داتاکانی ( دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان و دەستەی ئاماری عێراق لە ژێر سەرپەرشتی رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان) ئەنجامدراون ، ئاستی دابەزینی ڕێژەی نەخوێندەواری بەرێژەی سەدی لە هەموو کوردستان زۆر دابەزیوە بەتایبەتریش پارێزگای دهۆک بەراورد بە ساڵی (٢٠١٢ و ٢٠١٨) کە ڕووپێوی کراوە رێژەی دابەزینی ئاستی نەخوێندەواری رێژەیەکی بەرچاوە کە ئەمەش نیشانەی بوونی پلانێکی تۆکمەیە ،
ڕێژەی نەخوێندەواری پارێزگای دهۆک لە ساڵی ٢٠١٢ بریتی بوە لە ( ٢٧،٢٪) لەساڵی ٢٠١٨ بریتی بوە لە ( ٢٣،٢٪) لە ساڵی ٢٠٢١ بریتی بووە لە ( ١٨،٧٪) . ئەو داتایانە داتای فەرمی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان و دەستەی ئاماری عێراقن ، کە لە ساڵانی ٢٠١٢ و ٢٠١٨ و ٢٠٢١ بە هاوبەشی ئەنجامیانداوە بە هاوکاری ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ، لەسەر ئەو کەسانەی تەمەنیان لەسەروو (١٠) ساڵە تا دەگات بەوەی لە ژیاندان بەگوێرەی چەندین سەرچاوەی ڕوپێوی .

🔵بۆ بەرچاو ڕوونی زیاتریش چەندین ئاماری دیکەش ڕادەگەیەنین
١- ڕێژەی پەیوەندیکردنی قوتابیان بە خوێندنەوە لە ناو هەرێمی کوردستان ، دهۆک دووهەمین پارێزگایە لەپاش هەولێر لە ژمارەی پەیوەندیکردنی قوتابیان بە خوێندنەوە کە بریتیە لە (٣٤١٢٢) قوتابی تا سێ رۆژ پێش ئێستا ناویان تۆمارکراوە لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی . کە هەمووان دەزانین دهۆک سێهەم پارێزگایە لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانە بەڵام دووهەم بەرزترین ڕێژەی قوتابیانی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی تۆمار کردوە .
٢- ڕێژەی گشتیی قوتابیان و خوێندکارانی هەرێمی کوردستان ، دهۆک وێڕای ئەوەی سێیەمین پارێزگای هەرێمی کوردستانە لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە ، بەڵام لە پلەبەندی دووهەمدایە لە ڕووی ژمارەی قوتابیان و خوێندکاران ، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئاستی پەیوەندیکردنی بە خوێندن لە بەرزترین ئاستدایە کە ژمارەی قوتابیان لە پارێزگای دهۆک ( جگە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ) وەک لە خشتەکەی لە خوارەوە هاتووە بریتیە لە (٤٣٠٦٩٨) چوار سەد و سی هەزار و شەشسەد و هەشتاو نۆ قوتابی ، کە ئەمە دووهەم گەورەترین ژمارەی قوتابیانە لەسەر ئاستی کوردستان.


سامان سیوەیلی
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان
٩ی ٩ی ٢٠٢٣

ڕاگەیەندراوێک لە گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانەوە
Top