عەبدولڕەزاق عەلی ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:     یەكێك لە سیما جوانەكانی كوردستان پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێكهاته و ئایینەكانە

عەبدولڕەزاق عەلی  ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:        یەكێك لە سیما جوانەكانی كوردستان پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێكهاته و ئایینەكانە

 

 

عەبدولڕەزاق عەلی ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندی پارتی دیموكراتی كوردستانە و بەڕێوەبەری گشتیی ئیزگەی دەنگی كوردستانە و ، یەكێكە لە ڕۆژنامەنووس و قەڵەمە دیارەكانی كوردستان، خاوەنی ئەزموونێكی كەڵەكەبووی دەوڵەمەندە لە هەموو بوارە جیاوازەكانی میدیا بە (نووسراو و بینراو و بیستراو و ئۆنلاین) یشەوە، لە هەمانكاتدا تۆێژەرێكی مەیدانیی زۆر و ورد و  كارامەیە و، كارێكی زۆر جدی و گەورەی مەیدانیی لەسەر ژینۆسایدیكردنی خوشك و برا ئێزدییەكان و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانی دیكەش كردووە، لای ئەم ڕۆژنامەنووس و توێژەرە مەیدانییە، ئایین ئەو جا هەر ئایینێك بێت، پیرۆزە و دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت، ئەمەشی بە بنەمای ئەو پێكەوە ژیانە جیاوازە داناوە كە ئێستا هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان شانازیی پێوە دەكات، لە ئەڵقەی ئەمجارەدا (ئیسلامی سیاسی و بەدگومانی لەسەر ناسنامە و كەلتوور) زۆر بە ڕاشكاوی و بەم جۆرە بۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی خستە ڕوو.

 

جێگەی خۆشحاڵییە ئەمرۆ بۆ قسەكردن لەسەر پرسێكی گرنگ كە ئەویش پرسی (ئیسلامی سیاسییە) لەگەڵ كۆمەڵێك لە زانا و ئەكادیمیست و سیاسەتمەداری نیشتمانپەروەری وڵاتی خۆمان كۆبووینەتەوە و بە جیاوازیی بیروبۆچوونی سیاسیمانەوە گفتوگۆیەكی ڕاشكاوانە و جدی لەسەر ئەم پرسە هەستیارە دەكەین.

پێش ئەوەی بێمە سەر قسەكردن لەسەر (ئیسلامی سیاسیی وەك حزب و گرووپ) دەخوازم باسی پیرۆزیی ئایین بكەم، ئەوجا هەر ئایینێك بێت، ئێستا لەكوردستاندا كۆمەڵێك ئایینی جیاواز هەیە و ، یەكێك لە سیما جوانەكانی كوردستانیش كە هەموومان بە تێکڕای نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانەوە شانازیی پێدەكەین ئەم پێكەوەژیانە ئاشتیانە و ئەو گیانی لێبووردەییەیە لە نێوان ئەو هەموو ئایینە جیاوازەی كوردستان دروست بووە و، ئەوەیە لەم نیشتمانەدا، ئایین بە پیرۆزی وەك ئایین مامەڵەی لەگەڵ كراوە و تێكەڵاوی سیاسەت نەكراوە، یان ڕاشكاوانەتر بڵێم، ئایینە جیاوازەكانی كوردستان بۆ مەبەست و ئامانجی سیاسی و بەرژەوەندیی حزبی بەكارنەهێنراون، بۆیە ئێمە لە كوردستاندا كێشەی ئایینیمان نییە و ، ئێمە وەك موسڵمان ئایینی ئیسلام بە پیرۆز دەزانین ، بەڵام كاتێك ئەم ئایینە پیرۆزە بۆ مەبەستی سیاسیی بەكار دەهێنرێت و هەوڵێك دەبینین دەیانەوێت بە سیاسەت پیرۆزیی ئەم ئایینە لەكەدار بكەن، ئەوا لێرەوە قسەی ئێمە دەست پێدەكات و، دەبێت باس لەو حزبە سیاسییانە بكەین كە بە مەبەست و بۆ ئامانجی تایبەتی خۆیان ئەم ئایینە پیرۆزە دەكەنە ئایدیۆلۆجیایەك و بۆ بەرژەوەندیی حزیبی خۆیان بەكاری دەهێننن.

لە باسی حزبەکانی ئیسلامی سیاسیدا خاڵی هەرە جەوهەری ئەوەیە کە ئەم حزبانە حزبگەلێکی ئایدیۆلۆجیی سنووربەزێنن، ئایدیۆلۆجییەکەیان دەیانکاتە حزبگەلی ئومەمی و ئینتەرناسیوناڵ، واتە سنوورەکانی نیشتیمان و نەتەوە ناناسن و ئەولەوییەتیان ئایدیۆلۆجیاکەیانە نەک نیشتیمان و نەتەوە، ئەڵبەت ئەمە هەر بە تەنیا سرووشتی حزبە ئیسلامییەکانی کوردستان نیە، بەڵکو سرووشتی سەرلەبەری ئیسلامی سیاسییە لە دنیادا، جا بۆ ئەوەی ئەم بیرۆکەیە وردکەینەوە و بێنینەوە سەر ئەرزی واقیع و باسی حزبەکانی ئیسلامی سیاسی بکەین لە کوردستان، لە هەڵوێستەکانیان لەبارەی پرسە نیشتیمانیی و نەتەوەییەکانەوە وردبینەوە، هەمان حاڵەت بە ڕوونی دیارە، مەبەستم سەرخستنی ئیلتیزامە ئایدیۆلۆجییەکانیانە بەسەر ئیلتیزامە نیشتیمانی و نەتەوەییەکاندا، نزیکترین ئەو نموونانەش؛ هەڵوێستی حزبە ئیسلامییەکانی کوردستانە سەبارەت بە پەلامار و شەڕ و هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش و جینۆسایدکردنی بەشێک لە نەتەوەی کورد و گەلی کوردستان. با لە کار و بەشداریی فیعلی موقاوەمەتی پێشمەرگانە گەڕێین، ئیسلامی سیاسی کوردستان لەم لایەنەوە هەر هیچ، با کەسێک لە کوردستاندا هەڵوێستێک، بەیاننامەیەکی ڕوون و ئاشکرای حزبێکی ئیسلامیمان بیر بخاتەوە کە بە ڕوونی و بێ پێچوپەنا ئیدانەی داعش بکات و بە تیرۆریست ناویان بێنێت، ئاخر داعش مەبەستی سەری هەموو کوردستان و داهاتووی ئەم گەل و نیشتیمانە بوو، یەک هەڵوێستی فەرمیی ئەو حزبانەمان پیشان بدەن کە ئیدانەی ڕفاندن و سەبیکردنی کچان و ژنانی کوردی ئێزیدی بکات، کە ڕۆڵەی ئەم نەتەوە و نیشتیمانەن، کوا بەشداریی تەنانەت مەعنەویی ئەو حزبە ئیسلامییانەی کوردستان لە ئیدانەکردنی هەموو ئەو تەقینەوە و پەلامارە تیرۆریستییانەی ڕووبەڕووی کوردستان و خەڵکەکەی بوونەتەوە لە دوو سێ دەیەی ڕابردوودا، بگرە حزبیان تێدایە خۆی مومارەسەی ئیرهابی کردووە، هەر لە تەقینەوە و ساڵۆن و دووکان و بازاڕتەقاندنەوە و کوشتن و ئیغتیالاتدا.

نموونەیەکی دیکە، ئەم حزبە ئیسلامییانەی کوردستان نەیانشاردووەتەوە کە هەوڵی گرتنەدەستی دەسەڵات دەدەن، ئەڵبەت ئەمەیان مافێکی یاسایی و دیموکراسییانەی خۆیانە، بەڵام تا ئەمڕۆ، هەڵوێستی ئەم حزب و هێزانە لە دوو پرسی جەوهەرییدا دیار نییە (ئازادی، پێکهاتە ئایینییەکانی کوردستان). ئێمە نازانین ئەگەر ئەم حزبانە ببنە دەسەڵات و کاربەدەست، هەڵوێستیان بەرانبەر ماف و ئازادییە گشتیی و تاکەکەسییەکان چۆنە، هەڵوێستیان بەرانبەر پیکهاتە ئایینییەکانیش دیسان دیار نییە، ڕاستتان دەوێت؛ لەم قۆناغەدا کە هێشتا ئیسلامییەکانی کوردستان لە قۆناغی موعارەزە یان پێیەک لێرە و پێیەک لەوێدان، هێشتا دەسەڵات و قەڵەمڕەویان لاوازە، لە هەردوو پرسەکەدا هەڵوێستەکانیان جێگای نەک هەڵوەستەیە، بگرە مەترسین، نموونەش تا بڵێین زۆرن.

بەهەرحاڵ قسە زۆر و بوار کەم، بە گشتی پرسی ئیسلامی سیاسی لە کوردستاندا موناقەشەی زۆرتر و فراوانتر و بەردەوامتر هەڵدەگرێت.

Top