پــەیــامــێــك لــە ســەرۆك بــارزانـیــیەوە
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لەبارەی بارودۆخی كەركووكەوە ماوەی چەند ڕۆژێكە كۆمەڵێك ڕێگر و گێرەشێوێن بە بیانووی ڕێگریكردن لە كردنەوەی بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری كەركووك، ڕێگەی هەولێر و كەركووكیان گرتووە و ڕێگە نادەن هاووڵاتیان ژیان و هاتووچۆی ئاسایی خۆیان بكەن و دۆخێكی زۆر نالەبار و پڕمەترسیان بۆ خەڵكی كەركووك دروست كردووە.
ئێمە هەمیشە ئەوەمان دووپات كردووەتەوە كە كەركووك دەبێ نموونەی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی نێوان پێكهاتەكانی ئەو شارە بێت بەڵام ئەو ڕەفتارە نابەجێ و نایاساییانە، هەوڵدانە بۆ نانەوەی فیتنە و تێكدانی پێكەوەژیان. جێگەی سەرسوڕمانی زۆریشە كە لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا هێزە ئەمنیەكان و پۆلیسی كەركووك بە هیچ شێوەیەك ڕێگریان لەو گێرەشێوێنی و ڕەفتارە نایاساییەی ڕێگرەكان نەكردووە، كەچی ئەمڕۆ لەبەرانبەر گەنجان و خۆپێشاندەرانی كوردی كەركووك زەبروزەنگ و توندوتیژی بەكار هاتووە و خوێنی گەنجی كورد ڕژاوە. ئەم جۆرە ڕەفتارە بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبووڵ نیە و ئەنجامی زۆر خراپی لێ دەكەوێتەوە و، ڕشتنی خوێنی ڕۆڵەكانمان لە كەركووك باجی قورسی دەبێت.
لێرەدا داوا لە بەڕێز سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دەكەم كە سنوورێك بۆ ئەو ڕێگر و گێرەشێوێنانە دابنێن و كۆتایی بەو ستەم و جیاكاری و ڕێگرییە بهێندرێت كە ڕاستەوخۆ پێكەوەژیان و سەقامگیریی كەركووك و ناوچەكانی تر دەكاتە ئامانج.
مسعود بارزانی
2ی ئەیلوولی 2023