ئەنجوومەنی ئاسایش ئەو توندوتیژییەی لە لایەن سوپای میانمارەوە بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل شەرمەزار کرد
ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان جگە لە ڕووسیا و چین، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و « توندوتیژی دڕندانە »ی سوپای میانماریان لە دژی هاووڵاتیانی مەدەنی شەرمەزار کرد.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، لە بڕیارنامەیەکی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا کە داوای کۆتاییهێنان بە توندوتیژییە سەربازییەکانی میانمار دەکات بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی و دەستبەجێ ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی، لەنێویاندا ئۆنگ سان سوچی، سەرۆکی لەکارلادراوی میانمار، بەڵام "پێشکەوتنی پێویست" بەدی نەکراوە.
ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە زیاتر لە ١٨ ملیۆن کەس لە میانمار پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە، داوایان لە حکومەتی ئەم وڵاتە کرد هۆکارەکانی قەیرانەکە چارەسەر بکات و مافی موسڵمانانی ئاراکان دابین بكات.
لەم بەیاننامەیەدا، بە ئاماژەدان بە گرنگی وتووێژ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە میانمار، جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە دامەزراوە دیموکراسیەکان بگەڕێنرێنەوە و مافی مرۆڤ و "ئیرادەی دیموکراسی گەل" ڕێزیان لێ بگیرێت.
گوڵان: سەردار خەلیل