مەسرور بارزانی: هەرێمی كوردستان بە گوێرەی دەستوور داوای مافەكانی دەكات
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24/8/2023، مهسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی له هاکان فیدان، وهزیری دهرهوهی توركیا كرد و پاش كۆبوونەوەی نێوانیان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هابەشدا بەشدارییان کرد.
لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: ''بەڕێزان ڕێگەم بدەن، بەخێرهاتنێكی زۆر گەرمی برای بەڕێزم هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی كۆماری توركیا بكەم بۆ عێراق و بەتایبەتی بۆ هەرێمی كوردستان. هاتنی بەڕێزیان و شاندی یاوەریان ئاماژەیە بە گرنگیی پەیوەندیی نێوانمان. زۆر زۆر بەخێر بێی. هیوادارم لەم دیدارانەی كە كردوومانە،. هەموو لایەكمان بتوانین سوودی باشی لێ ببینین.''
سەرۆکی حکوومەت ڕایشیگەیاند: ''ئێمە گفتوگۆمان لەسەر كۆمەڵێك بابەتی گرنگی ناوچەكە كرد، لەوانە پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان توركیا و عێراق و بەتایبەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان. هەروەها بابەتی چۆنیەتیی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان كە بەپێی ئەو مافە دەستوورییانەی كە هەرێمی كوردستان هەیەتی، بتوانین لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵییش ئەم كێشەیە بە جۆرێك چارەسەر بكەین كە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەكدا بێت.''
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا: ''هەروەها لەسەر بابەتی ئەمنیەت و ئاسایشی ناوچەكە، ئێمە دڵنیاتان دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور مافی خۆی جێبەجێ دەكات كە نابێ ببێتە شوێنێك بۆ ناسەقامگیریی وڵاتانی دراوسێ. هیوادارین پەیوەندیی نێوانمان بەردەوام بێت بۆ ئەوەی بتوانین ڕووبەڕووی هەموو جۆرە تیرۆرێك و هەموو جۆرە ناخۆشییەك ببینەوە كە لە ناوچەكەدا هەیە.''
سەرۆکی حکوومەت ڕوونیشی کردەوە: ''لە ڕووی ئابوورییشەوە قسەمان كردووە لەسەر چۆنیەتیی پەرەپێدانی ئابووریی نێوان هەردوولا كە لە بەرژەوەندیماندا بێت و بتوانین ئەو كێشە و گرفتانەی ئێستاش هەن، چارەسەر بكرێن.''
گوتیشی: ''جارێكی تر زۆر زۆر بەخێر بێی و تەمەنای سەركەوتنی ئەم دیدار و سەردانەتان بۆ عێراق بۆ دەكەم.''