سەرۆک بارزانی لەگەڵ چین و توێژەکانی سنووری قەزای ئامێدی و دەورووبەری کۆ بووەوە
ئەمڕۆ شەممە 19/8/2023، سەرۆک مەسعود بارزانی لە قەزای ئامێدی لەگەڵ چین و توێژەکان و پێشمەرگە و هەڵگرانی مەدالیای بارزانی و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و پێکهاتەکان و بەرپرسانی حزبی و حکوومی و جەماوەری سنوورەکە لە سنووری لقی 18ی ئامێدیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆ بووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی وتەیەکی پێشکەشی ئامادەبوانی کۆبوونەوەکە کرد و تیشکی خستە سەر خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی ئەو دەڤەرە لە قۆناغەکانی شۆڕش و پێزانینی بۆ قوربانیدان و ماندووبوونی خەڵکی ئەو دەڤەرە هەبوو و باسی ئەوەی کرد کە بۆ گوێگرتن لە ڕاوبۆچوون و داواکاریی و کێشەکانی خەڵکی خۆشەویستی ئەو دەڤەرە هاتووە.
سەرۆک بارزانی ئەوەشی راگەیاند کە لایەنە پەیوەندیدارەکان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی خۆیان داوە و دەدەن تاکوو دەستی ئاوەدانی و خزمەتکردنی زیاتر بگاتە دەڤەرەکە و ڕوونیشی کردەوە کە هەندێک گرفت بەهۆی بارودۆخی ئەمنی لەم دەڤەرە هەن، چونکە هەندێک شوێن و گوندی ئەم دەڤەرە بە هۆکاری ئەمنی نەتوانراوە دەستی خزمەتکردنی پێ بگات و ئەوەش بووەتە مایەی کەمبوونەوەی دەرفەتی کار لە سنوورەکەدا و لاوازیی کەرتی تایبەت. ڕاشیگەیاند کە پێویستە حکوومەت و حزب خزمەتکاری میللەتەکەیان بن.
سەرۆک بارزانی لە درێژەی وتارەکەیدا لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە ڕایگەیاند: بوونی بیروڕای جیاواز لەناو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بابەتێکی سروشتییە، بەڵام پێویستە هەموو لایەنەکان لەسەر پاراستن و بەهێزکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کۆک بن.
پەیوەست بە بارودۆخی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەرۆک بارزانی کورتەیەکی مێژوویی لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس باس کرد و جەختی لەوە کردەوە لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بۆ ئەم مەبەستە گفتوگۆکان درێژەیان هەیە و بە ئومێدین بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە ڕێز لە ڕێککەوتنەکان و دەستوور بگیرێت و لایەنەکانی عێراق ڕەچاوی بنەماکانی شەراکەت و تەوافق و هاوسەنگی بکەن.
لە بەشێکی تری ئەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی داوای لە ئامادەبوانی کۆبوونەوەکە کرد کە سەرنج و پێشنیار و داواکارییەکانیان بخەنە ڕوو و لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی وەڵامی پرسیار و داواکاریی ئامادەبوانی دایەوە.