نەتەوە یەکگرتووەکان: بەهۆی ململانێکان لە سودان زیاتر لە ٤ ملیۆن کەس ئاوارە بوون

نەتەوە یەکگرتووەکان: بەهۆی ململانێکان لە سودان زیاتر لە ٤ ملیۆن کەس ئاوارە بوون

 

 

 

وتەبێژی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاوارەبوونی زیاتر لە ٤ ملیۆن کەسی بەهۆی ململانێکانی ئەم دواییەی سودان ڕاگەیاند.

 

ویلیام ئسپیندلر، وتەبێژی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە میانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە هەفتانەیەکەیدا لە شاری جنێڤی سویسرا، بە ئاماژەدان بە بەردەوامی نائارامییەکانی سودان، ئاوارەبوونی زیاتر لە ٤ ملیۆن کەسی بەهۆی ململانێکانی ئەم دواییەی ئەم وڵاتە ڕاگەیاند.

ئسپیندلر لە دەربڕینی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە خراپتربوونی دۆخی مرۆیی لە سودان، گوتی: زیاتر لە 700 هەزار کەس بەهۆی شەڕە چەکدارییەکانەوە بەرەو وڵاتانی دراوسێ هەڵهاتوون. هەروەها 195 هەزار کەس لە باشووری سودان ناچار بوون بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان. هەروەها زیاتر لە ٣ ملیۆن کەس لە ناوخۆی سودان ئاوارە بوون.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە بەردەوامی پێکدادانەکانی نێوان سوپای سودان و میلیشیای پشتیوانی خێرا لە دوای ١٥ی نیسانەوە، گوتی : خزمەتگوزاری بۆ دانیشتووانی ١٠ کەمپی ئاوارەکانی ویلایەتی نیلی سپی ڕاگیراوە بەهۆی نەبوونی دەرمان و خۆراک و کارمەندەوە.

هەروەها ڕایگەیاند، کە لە ١٥ی ئایار تا ١٧ی تەمموز، ٣٠٠ کەس کە زۆربەیان منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ بوون، بەهۆی نەخۆشی سورێژە و بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستداوە و گوتی: " ئەگەر یارمەتییەکان دوابخرێن، ئەگەری زیادبوونی ئەو ژمارەیە هەیە.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە ١٥ی نیسانی ئەمساڵەوە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەستیپێکردووە. چەند جارێک ئاگربەست لە نێوان گروپە ناکۆکەکاندا ڕاگەیەندراوە، بەڵام لایەنەکان بەردەوامن لە پێشێلکردنی.

وەزارەتی تەندروستی سودان پێشتر ڕایگەیاندبوو، کە لەم پێکدادانانەدا زیاتر لە سێ هەزار کەس کوژراون یان بریندار بوون.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

 

Top