کەشتییەکی ڕۆمانی تەمەن 2000 ساڵ لە کاتی هەڵکەندنی کانی خەڵوز لە سربیا دۆزرایەوە

کەشتییەکی ڕۆمانی تەمەن 2000 ساڵ لە کاتی هەڵکەندنی کانی خەڵوز لە سربیا دۆزرایەوە

 

 

 

شوێنەوارناسان لە سربیا دەستیان کردووە بە پاککردنەوەی کەشتییەکی دار کەلە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانییەكان دروستکرابوو و لەلایەن کرێکارانی کانزاوە لە کانی خەڵوز دۆزراوەتەوە.

لەکاتی هەڵکەندن بە شۆفڵێکی میکانیکی لە ناوچەیەکی نزیک ویمیناسیۆم کە نیشتەجێبوونی ڕۆمانییەکان بووە، کانزاکارەکان تێبینی پارچە دارەکانیان کرد کە دێنە دەرەوە. لەبەر ئەوەی دۆزینەوەیەکی کۆنی هاوشێوە سێ ساڵ لەمەوبەر لە ناوچەکەدا ڕوویدابوو، کرێکاران بە خێرایی چالاکیی هەڵکەندنی میکانیکییان ڕاگرت. 

بەپێی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکانی شوێنەوارناسەکان، ڕەنگە ئەم کەشتییە دارە بەشێک بووبێت لە بەلەمێکی ڕووبار کە بۆ گەشتکردن بۆ شارەكان و گەڕانەوە بۆ شاری ویمیناسیۆم بەکاردەهێنرا. ویمیناسیۆم شارێکی پێشکەوتوو بووە و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی ٤٥ هەزار کەس بووە لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمدا، کە هۆڵی کۆبوونەوەی گشتی و کۆشک و پەرستگا و شانۆ و کانی ئاو و حەمام و پیشەسازییەکی گەورەی هەبوو. 

میۆمیر کوراچ، سەرۆکی شوێنەوارناسی سربیا گوتی: بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی دۆزراوەکانی پێشوو، ڕەنگە مێژووی کەشتییەکە بۆ سەدەی سێیەم یان چوارەمی زایینی بگەڕێتەوە، ئەو کاتەی ویمیناسیۆم پایتەختی پارێزگای موزیای ڕۆمانی بووە و بەندەرێکی لە نزیک لقێکی ڕووباری دانوبی هەبووە.

بەشەکانی ئەم کەشتییە دارە سەرەتا تۆزیان لێدەدرێت و تەڕ دەکرێن بۆ ئەوەی نەیشکێن، دواتر لەژێر کەڤەرێکی داپۆشراو هەڵدەگیرێن بۆ ئەوەی لە گەرمای هاویندا بپارێزرێت.

شوێنەوارناسەکان پێیان وایە ئەو دوو کەشتییە و سێ بەلەمە کە تا ئێستا لەم ناوچەیەدا دۆزراونەتەوە، یان نوقم بوون یان لە کەناری ڕووبارەکەدا جێهێڵراون.

درێژی ئەم کەشتییە ١٣ مەتر دەبێت و بڕیارە لە تەنیشت هەزاران شوێنەواری کۆن کە لە ویمیناسیۆمەوە دۆزراونەتەوە لە نزیک شاری کۆستۆلاک کە دەکەوێتە ٧٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی بلگرادەوە نمایش بکرێت.

 

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

 

Top