بەهۆی زریان و گەردەلول لە ژاپۆن كەسێك گیانی لەدەستدا و 11 كەسیش بریندار بوون
بەهۆی باران بارین و زریان ولافاو کە لە پارێزگای ئۆکیناوا لە باشووری ژاپۆن ڕوویدا، کەسێک گیانی لەدەستدا و ١١ کەسیش برینداربوون.
پیاوێکی تەمەن ٩٠ ساڵ کە لە ژێر گەراجێکی داڕماودا لە ئۆکیناوا گیری خواردبوو، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوە و بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی ژاپۆن ڕایگەیاند، بەهۆی زریانەکەوە ١١ کەس برینداربوون.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای ئۆکیناوا ڕایگەیاند: کە زریانەکە بووە هۆی پچڕانی کارەبای ٢١٠ هەزار ماڵ لەم پارێزگایە.
هەروەها گەشتە ئاسمانییەکانی ناوچەکە بەهۆی لافاوەوە ڕاگیران.
بەرپرسانی پارێزگای ئۆکیناوا هۆشدارییان بە دانیشتوانی پارێزگای ئۆکیناوا دا بەهۆی باران بارینێکی زۆر و لافاو و گەردەلول ، داواشیان لە هاووڵاتییان کرد کە جگە لە حاڵەتی لەناکاو لە ماڵەکانیان دەرنەچن.
گوڵان: سەردار خەلیل