سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی كەنیسەی كلدان لە عێراق و جیهان و شاندێكی یاوەری دەكات

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی كەنیسەی كلدان لە عێراق و جیهان و شاندێكی یاوەری دەكات

ڕۆژی یەكشەممە 23ی تەمموزی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە پاتریارك كاردینال لویس ساكۆ، پاتریارك و سەرۆكی كەنیسەی كلدان لە عێراق و جیهان و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ژمارەیەك لە مەترانەكانی ئایینی كریستیان لە هەرێمی كوردستان و عێراق.
لە دیدارەكەدا كاردینال لویس ساكۆ سوپاسی ئەو ڕێز و پێزانینەی كرد كە لە هەرێمی كوردستان بۆ هێما و كەسایەتییەكانی ئایینە جیاجیاكان هەیە. هەروەها سوپاسی فەرهەنگی پێكەوەژیانی كوردستانی كرد كە بووەتە هۆی پاراستنی پێكهاتەكان و مێژوو و كولتوورەكانیان. دەستخۆشیشی لە سەرۆك بارزانی كرد كە بە حیكمەت و ڕابەرایەتیی خۆی، پێكەوەژیان و ئاشتی و ژیانی هاوبەشی پێكهاتە جۆراوجۆرەكانی لە كوردستان پێشخستووە، ڕاشیگەیاند كە شانازی بەو ژیانە هاوبەش دەكەین كە بۆ هەموو لایەك لە كوردستاندا هەیە. لە بەشێكی تری وتەكانیدا كاردینال لویس ساكۆ ئاماژەی بە بڕیاری ئەمدوایەی سەرۆككۆماری عێراق بۆ كشاندنەوەی مەرسوومی سەرۆككۆماریی تایبەت بە كەنیسەی كلدان دا، و بە بڕیارێكی نادروست و مەترسیداری لە قەڵەمدا كە پێكهاتەی كریستیانی بریندار كردووە و دژی بنەماكانی پێكەوەژیان و ئاشتەواییە.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و هێمای بەوەدا كە كوردستان سەرزەمینی پێكەوەژیان و ئاشتەوایی نێوان هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانە. ئەوەشی خستەڕوو كە لەشەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا بە شاندێكی پیاوانی ئایینی كریستیانم ڕاگەیاند كە كوردستان وڵاتی خۆتانە و نابێ بیر لە جێهێشتنی بكەنەوە، یان پێكەوە بە سەربەرزی لەسەر ئەو خاكە دەژیین یانیش پێكەوە دەمرین. سەرۆك بارزانی نیگەرانیی خۆی لە بڕیارەكەی سەرۆككۆماری عێراق بۆ كشاندنەوەی مەرسوومی سەرۆككۆماریی تایبەت بە كەنیسەی كلدان نیشاندا و هیوای خواست كە پێداچوونەوە بە بڕیارەكە بكرێت و ڕاست بكرێتەوە.
لە بەشێكی تری ئەو دیدارە شاندی میوان كورتەیەكیان لەبارەی بارودۆخی پارێزگای نەینەوا و ژیان و گوزەرانی كریستیانەكان و ئەگەر و مەترسیەكانی داهاتوو بۆ سەرۆك بارزانی باس كرد.

Top