لە ماوەی شەش مانگدا 103 کۆچبەری نایاسایی لەسەر سنووری ئەمریکا و مەکسیک گیانیان لەدەستداوە

لە ماوەی شەش مانگدا 103 کۆچبەری نایاسایی لەسەر سنووری ئەمریکا و مەکسیک گیانیان لەدەستداوە

 

 

ژمارەی ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ بەهۆی گەرمای زۆر لەسەر سنووری ئەمریکا و مەکسیک گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ١٠٣ کەس.

جەیسن ئۆوێنز، سەرۆکی دەوریەی سنووری ئەمریکا لە تویتەر ڕایگەیاندووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تیمەکانی دەوریە 5091 کەسیان ڕزگارکردووە کە لە گەرمای زۆردا گیریان خواردبوو.

لە درێژەی ئەم پەیامەدا ئاماژەی بەوەشکرد: هەروەها 103 کۆچبەری نایاسایی بەهۆی ئەو گەرمایە زۆرەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئۆوێنز هۆشداری دایە ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی کە هەوڵی بەزاندنی سنوور دەدەن بە شێوەیەکی نایاسایی لە مەکسیکەوە بۆ ئەمریکا و گوتی: "بە بەزاندنی سنوورەکان بە شێوەیەکی نایاسایی ژیانتان مەخەنە مەترسییەوە".

لە لایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتی گومرگ و پاراستنی سنوورەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (CBP) لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، "تینوێتی" هۆکاری سەرەکی مردن بووە لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سنووری مەکسیک و نووسیویەتی "تەنها لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا 13 کۆچبەری نایاسایی گیانیان لەدەستداوە و ٢٢٦ كەسیش لە کۆتا ساتەكانیاندا ڕزگاریان بووە."

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا ٥٣ کۆچبەری نایاسایی کە لەناو بارهەڵگرێکدا بەجێهێڵدرابوون لە ویلایەتی تەکساس بەهۆی گەرما و تینوێتی گیانیان لەدەستدا.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

 

Top