ســەرۆك مــەسعود بارزانی پێشوازیی لە بەڕێز مایك برایسۆن ڕیچاردسۆن، باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق كرد.
ڕۆژی پێنجشەممە 6ی تەمووزی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە بەڕێز مایك برایسۆن ڕیچاردسۆن، باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا كە خاتوو ڕۆزی كەیڤ، كونسوڵی بەریتانیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵیی عێراق و پێویستیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان و هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق تاوتوێ كرا.
لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە بۆ پاراستنی شەرعیەت و بەهێزكردنی پڕۆسەی دیموكراسی، پێویستە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ نانەوەی هیچ كۆسپ و تەگەرەیەك بەڕێوە بچن.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بوو و، باڵوێزی بەریتانیا جەختی لە دۆستایەتی و هاوپەیمانیی نێوان بەریتانیا و هەرێمی كوردستان كردەوە و سەرۆك بارزانییش وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندیی دێرینی نێوان گەلی كوردستان و بەریتانیا، خوازیاری قووڵتركردنی دۆستایەتی و پەیوەندیی نێوان هەردوولا بوو.
شایانی باسە مایك برایسۆن ڕیچاردسۆن، باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق كە كۆتایی بە ئەرك و كارەكانی لە عێراق هاتووە، ماڵئاوایی لە سەرۆك بارزانی كرد و سەرۆك بارزانی سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونەكانی باڵوێزی بەریتانیای كرد و هیوای سەركەوتنیشی بۆ خواست لە ئەرك و كاری تازەیدا.