ڕۆژی (٨)ی حوزەیران بارەگای بارزانی بووە ماڵی دڵنەوایی هونەرمەندان
لەو ڕۆژەدا كەرنەڤاڵی ئەڤین و هونەر بوو، لەو دەمەدا لەسای پەلكەزێڕینەی پاش بارانی تامەزرۆیی هەمووان دیدارێك بوو، لە چاوی هەر هونەرمەندێكیاندا خەرمانەی ناوچەوانی سەرۆك، یەك حەرفی یەك وشە و یەك نیگاری دەنواند، دەنگی سروودێك دەهات كە بای وادەی ئەو ڕۆژە نەوبەهارییە دەیكرد بە بەرۆكی عەزرەتخوازانی هونەری ڕاستەقینەوە...
دیارە سەرۆك هەرچۆن لە سەروو ئەو گشت ئەرك و بەرپرسیاریەتییەوە هەر بیرودڵی لای هونەرمەندان بووە، هەرچۆن باوك بیری بە لای ڕۆڵەكانیەوە، بۆیە هەرگیز لە مەراقیان بێ ئاگا نەبووە. فەرمووی: «ماوەیەكە هەستم دەكرد، گرفتێك لەئارادایە و بەرۆكی گرتوون، منیش لە گیانی هاوهەستی و هاوخەمییەوە حەزم كرد ئەو دیدارە ساز بكرێ و بەڵكو نەهێڵین تەنگ بە گیانی داهێنانتان بگرێ...بۆیە حەز دەكەم گوێم لە ڕاز و نیاز و ڕازەكانی دڵ و بیر و ناختان بێت...»
پاشان بە چەند ڕستەیەك كە ستایش و بەبای خۆشحاڵی بوو، دەروو كرایەوە بۆ چەند بۆچوون و جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە، بینینی سەروەریان هەرچۆن مەراقی هەمووانە بۆ دەركەوتن و بینینی مانگی یەك شەوە، هەتا بە تەهلیلە و ئەڵاهوئەكبەر درك بە چاوەڕوانییەكە بدرێ و نوقڵانەی بوون بە جەژن، بدرێ بە گوێی هەموواندا.
ئەوسا شنەیەك لەیەكدی ڕوانین و گەشەی گیانی هاتە ئاراوە و ئیدی هەرچۆن هاوخەمان و هاوڕایان بۆ یەكدی دەدوێن و سینەی بیستن بەر لە گوێ بەڕووی یەكدیدا واڵا دەكرێ، خەمەكانیان كە پتر پەیوەستی باری ژیان و گوزەرانیان و پێداویستییان بە هاوكەشی ئەفراندنەوە بوو، بە ڕوون و ڕەوانی و بێ پەردە خرایە ڕوو.
ئەوەی وەك دیاردەیەكی جوان دەبینرا و هەستی پێ دەكرا، ئەو گیانە خێزانییە كوردەوارییە ڕەسەنە بوو كە بۆ و بەرامەی جارانی لێوەدەهات، كە سەراپا گوڵاوپژێنی میهر و نەوا و سۆز بوو.
ئەو دەمە لە سای بنمیچی بارەگای بارزانیدا هەمووان لەسای هەستێكی یەكانگیری هەستی هەموواندا ئاوازی بەردەوامییان بۆ ژیانێكی جوانتر دەژەند.
هەمووان یەك چاو بوون، یەك هەست و یەك دییە و یەك دڵ بوون، كە لێدانی هەموویان ڕزمی(ئەی ڕەقیب)یان لێدەدا و ئاڵای كوردستان ڕەنگەكانی بەسەریاندا دەباران.
ئەو ڕۆژە ڕۆژێك بوو لە ڕۆژە هەرە گەشاوەكان، دیارە بە كەیلی ئومێدێكی گەشی گوڵڕەنگەوە لە چاوەكانی سەرۆكیان دەڕوانی، بەلای منەوە هێندە گەش و مەزن بوو، كە بە دڵنیاییەوە هەموومانی لەخۆ گرتبوو، بە پیر و نەوجەوانەوە، بەڵێ ڕۆژی (٨)ی حوزەیران ڕۆژێ بوو لە ڕۆژان كە بە زێڕ لە زەینی هەموواندا نەخشێنرابوو...
لەو دیمانە و دیدارەدا چرایەكی ئەوتۆ لە سینە و دەروونی هەموواندا داگیرسابوو، كە هیچ كون و كەلەبەرێكی هەستی لەسای تاریكیدا نەهێشتبوو، چراخانێ بوو وەك ئەو سات و ڕۆژەی هەمووان لە چارەنووسی گەلەكەیان دڵنیا دەبنەوە، دڵنیابوونێكی هەتا هەتایی، بەڵێ ئەو ڕۆژە بارەگای بارزانی ماڵی ئەڤینی هونەرمەندان بوو.