پەیام حەمەغەریب: جێگەی دڵخۆشییە كە لەم كارگە بچووكەمان هەشت ئافرەت كار دەكەن
لەگەڵ ڕەوت و پێشكەوتنەكانی جیهان لە هەزارەی سێیەمدا، خەباتی بێ وچانی خانمان بۆ یەكسانی كار و دەرفەت لە سەرانسەری دونیا بەردەوامی هەیە، ئافرەتی كوردیش لە كۆمەڵگەیەكی چەقبەستوو، توانیویەتی بۆ دەستەبەری مافە ڕەواكانی بە ڕووی هەموو ناعەدالەتییەكدا بوەستێتەوە و بۆ دەربازبوون لە بازنەیەكی داخراو بەهرە و تواناكانی ئاوێتە بكات. جێگەی پێزانین و هەڵوەستە لەسەر كردنە كە ژمارەیەكی زۆری ئافرەتان بە پیشەی جیاوازەوە سەرقاڵن، بەشێكیان جگە لەوەی كە بوونەتە خاوەن كار و ئابووریی سەربەخۆی خۆیانیان هەیە، لە هەمان كاتیشدا دەرفەت و هەلی كاریان بۆ كۆمەڵێك ئافرەت ڕەخساندووە. پەیام حەمە غەریب یاروەیس كچە گەنجێكی پڕ وزەیە و ماوەی شەش ساڵە سەرگەرمی كاری دیزاینەری جلوبەرگە، لە دیمانەیەكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان ئەزموونی كاركردنی بۆ خوێنەران باس دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
پەیام حەمەغەریب یاروەیس دانیشتووی شاری سلێمانییە و ساڵی 1993 لە هەڵەبجەی تازە لە دایك بووە، بەكالۆریۆسی لە زانستی بایۆلۆژی هەیە، دوای تەواوكردنی خوێندن، لەبری ئەوەی چاوەڕێی دامەزراندن بكات، بە هزرێكی ژنانە تێكەڵی مەیدانی كار بووە، وەك خۆی باسی دەكات، ماوەی شەش ساڵە وەكو دیزاینەری جلوبەرگ كار دەكات.
پەیام حەمەغەریب سەبارەت بە دەستپێكی كارەكەی دەڵێت: «من هەر لە منداڵییەوە ئارەزووی وێنەكێشانم هەبوو و، لە زۆربەی پیشانگاكانی قوتابخانە بەشدار بووم و هەمیشە پلەی یەكەمم بەدەست هێناوە. دوای دەرچوونم ماوەی ساڵ و نیوێك بە شێوەی خۆبەخش لە نەخۆشخانەیەك كارم كرد، دواتر بیرم لەوە كردەوە كە هەم بۆ خۆم و هەم بۆ دەستگرتنی خێزانەكەم پێویستە كارێك و داهاتێكم هەبێت. بە حوكمی ئەوەی دایكم دروومانی دەزانی، ئیدی لەگەڵ خوشكەكەم دەستمان بەم كارە كرد، خوشكەكەم بەشی (ئای تی) تەواو كردووە، سەرەتا كە دایكم پێشنیاری ئەوەی بۆ كردم كە مەكینەیەكی نەخشم بۆ بكڕێت، زۆر دڵخۆش بووم. دایكم لێی پرسیم: ئەگەر ئەم مەكینەیەت بۆ بكڕم، كاری لەسەر دەكەیت؟ هێندە دڵخۆش بووم، باوەڕم نەكرد، مەكینەكە خۆی كۆمەڵێك وێنەی نەخشی تێدابوو، كە دەستمان كرد بە كارەكە تەنیا نەخشی مەكینەكەمان بەكار دەهێنا، بەڵام ڕۆژێكیان براكەم دەستی بەری كەوت و نەخشەكان سڕانەوە، ئیتر لەوەوە هەوڵم دا كە نەخشی دیكە پەیدا بكەم، خوشكەكەم بە حوكمی ئەوەی دەرچووی بەشی ئای تی بوو، زۆر زیرەك بوو، هاوكاریی كردم و چۆنیەتی بەكارهێنانی بەرنامەیەكی پێ گوتم، ئیتر یەكەم هێلەكم دروست كرد، كە دوو هاوڕێی خۆم داوایان كرد، بۆیانی بكەم و قوماشەكەیان هێنا، دوای ئەوەی دوو هێلەكەكەم دروست كرد، سوپاس بۆ خودا ڕەزامەندی و داواكاری زۆری خەڵكی لەسەر بوو، هەستمان كرد كە ئەگەر دەست بدەینە جلی كوردی، داواكاریی خەڵك باشتر دەبێت. دوای ئەوە شتی دیكەی زۆرمان دروست كرد، دواتر بە هۆی ئەوەی موشتەریەكانمان زیاتر لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی بوون، بڕیارمان دا ماڵمان بۆ سلێمانی بگوازینەوە، پاشان وردە وردە گەیاندنمان زیاد كرد بۆ تەواوی كوردستان و ناوچەكانی دەرەوەی كوردستان و عێراقیش، ئێستا زۆر جلوبەرگی جۆراوجۆر ئامادە دەكەین بۆ دەرەوەی وڵات كە زۆریان بەدڵە و بەردەوام خوازیاری هەیە».
پەیام حەمەغەریب سەبارەت بە ئاستەنگەكانی بەردەم كارەكەی و چۆنیەتی زاڵبوون بەسەریاندا دەڵێت: «سەرەتا یەك مەكینەی دروومانمان هەبوو، من و خوشكەكەم بە نۆرە بەكارمان دەهێنا، خۆم بە شەو و خوشكەكەشم بە ڕۆژ. بەڵام ئێمە لە ناوچەكەی خۆمان یەكەم كەس بووین كە بە مەكینەی نەخش دەستمان پێكرد، جگە لە بابەتە دووبارەكان، ئێستا دەتوانین زۆر شتی پێ دروست بكەین». سەبارەت بە فێركاری و یارمەتیدانی فێرخوازانیش گوتی: «زۆرجار ئافرەتان پەیوەندیم پێوە دەكەن و لە چارەسەركردنی گرفتی مەكینەكەیان و ڕێكخستنی نەخشەكان یارمەتیان دەدەم».
ئەو خانمە دەستڕەنگینە دڵخۆشە بەوەی هەلی كاری بۆ كەسانی دیكەش رەخساندووە، هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «سوپاس بۆ خوای گەورە ئێستا شاگردمان هەیە و جێگەی دڵخۆشییە كە لەم كارگە بچووكەمان هەشت ئافرەت كار دەكەن».
وەك دوا وتەشی گوتی: «لە تاقیگەیەكی پزیشكی حەفتانە دوو ڕۆژ دەچم بە خۆبەخش كاردەكەم، بۆ ئەوەی كارەكەم كە بڕوانامەم لەسەری وەرگرتووە لە بیرم نەچێتەوە. ئافرەت پێویستە خۆی كاری هەبێت، نەك چاوەڕێ بكات پارەی بدەنێ. ئافرەت دەبینم لەبەرئەوەی كاری حۆی نیییە، هاوسەرەكەی بڕی پێویستی ناداتێ بۆ چارەسەركردن یان هەر شتێكی دیكە كە بەڕاستی پێویستی بێت، بۆیە زۆر پێویستە ئافرەت بە جددی هەوڵ بدات و ببێتە خاوەن كار و داهاتی خۆی هەبێت. ئیمە بەردەوام كار دەكەین بۆ ئەوەی كارەكەمان بەرەو پێش بەرین، كار دەكەین تا خەڵكی دیكەش بهێنینە ناو كارەكەمان و دیزاین و مۆدیلی نوێ بخەینە بازاڕەكانەوە و پەرە بە جلوبەرگی كوردییش بدەین».