جوان عوسمان: زۆر ئافرەتی بەتوانا و خاوەن بەهرەمان هەیە، بەڵام كەس نەبووە دەستیان بگرێت و ئاسانكارییان بۆ بكات
بە درێژایی مێژوو ئافرەتانی هەڵەبجە لە بواری پشتبەخۆبەستن و هاتنە مەیدانی كار پێشەنگ بوون و، هەمیشە لە ئەركە قورسەكان ڕچەشكێنییان كردووە، ئەمڕۆش بە خۆشحاڵییەوە بەشێكی زۆری خانمانی ئەو ناوچەیە خاوەنكاری خۆیانن و شانبەشانی پیاو لە دابینكردنی بژێوی خێزانەكانیان هاوبەشن، جوان عوسمان خانمە گەنجێكی دانیشتووی شاری هەڵەبجەیە و لەم دیدارەیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، باسی چۆنیەتی تێكەڵبوونی بە بازاڕی كار دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
جوان عوسمان لە ساڵی 1994 لە پارێزگای هەڵەبجە دایك بووە، وەك خۆی باسی دەكات، ئەو خانمە دەستڕەنگینە تا پۆلی شەشی سەرەتایی خوێندووە، ژیانی هاوبەشی پێكهێناوە و دایكی دوو منداڵی وردە، سەرەڕای ئەوەش لە ماڵەكەی خۆیدا هەموو جۆرە خواردن و شیرینییەك دروست دەكات و بە ڕێگەی ئۆنڵاین بە كڕیارەكانی دەفرۆشێتەوە. بەمجۆرەش باس لە ئەزموون و سەرەتای كارەكەی دەكات: «زۆر حەزم بە خواردن دروستكردن بوو، هەموو كات لە ماڵەوە خواردنی جۆراوجۆرم دروست دەكرد، تەنانەت لە تەمەنێكی زوودا خۆم فێری خواردنە كوردەوارییەكانیش كرد، هەر لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە ئاواتم ئەوە بووە، ببمە خاوەن چێشتخانەیەك بۆ ئەوەی داهاتێكم هەبێت و لەو رێگەیەوە هاوكاریی ئەندامانی خێزانەكەم بكەم و، لە دەستەبەركردنی بژێوی رۆژانەی خێزانەكەم بەشدار بم. سەرەتا لە ماڵەوە دەستم پێ كرد، هاوكات تێبینی كڕیارەكانمم دەكرد، تاوەكو بزانم ڕای ئەو كەسانەی خواردنەكانم داوا دەكەن لەسەر خواردنەكانم چییە. دوای ئەوە ئەكاونتێكم دانا و لە ئێستادا بە شێوەی ئۆنڵاین لە ماڵەوە خواردن دروست دەكەم و دەیفرۆشم، سوپاس بۆ خوا تا ئێستا هەر كەسێك خواردن و شیرینی و كولیچەی لە من كڕیوە، زۆری بەدڵ بووە و چەندین جاری دیكەش داوای كردووەتەوە».
جوان عوسمان لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە ئایا جیاوازیی ئافرەتێك كە هیچ داهاتێكی نییە و هەوڵی بۆ نادات، لەگەڵ ئافرەتێكی خاوەنكار چییە؟ گوتی: «ئەكید ئافرەت خاوەنی كار و داهاتی خۆی بێت باشترە، لە هەمان كاتیشدا دەبێتە هاوكارێكی باش بۆ هاوسەرەكەی. من بەش بە حاڵی خۆم سەرەتا بۆ هاوكاریكردنی هاوژینەكەم دەستم بەم كارە كرد، من و هاوسەرەكەم هیچ مووچەیەكمان نییە و هاوسەرم شوفێری تاكسییە».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە لە سەرەتاوە كێ هانی داوی و یارمەتیدەرت بووە؟ گوتی: «سەرەتا سەختیی ژیان وای لێ كردم دەست بەم كارە بكەم، هاوسەرەكەشم هاوكارمە بۆ بەڕێوەچوون و سەركەوتنی كارەكەم و هەمیشە پشتگیریم دەكات و بۆ كاری باشتر و جوانتر هەمیشە هانم دەدات، هاندانی هاوسەرم وا دەكات زیاتر متمانەم بە تواناكانم هەبێت، پاڵپشتییەكانی وای لێ كردووم لە كارەكەم دانەبڕێم و بەردەوام بم».
ئاڤان عوسمان سەبارەت بە ئایندەی كارەكەی و بەرنامە و پلانی داهاتووی دەڵێت: «پێم خۆشە لە داهاتوودا كارەكەم زۆر لەوەی ئێستا گەورەتر بكەم، چەند ئافرەتی دیكەش لە كارەكەم سوودمەند بن و وەكو خۆم ببنە خاوەن داهاتی خۆیان، ئەگەرچی تا ئیستا خۆم لە توانامدا نییە دووكانێكی بچووكیش بكەمەوە، ئینشاڵڵا پشت بە خوا بەردەوام دەبم لە كاركردن، تابتوانم چێشتخانەیەكی گەورە بەڕێوە ببەم و لەو رێگەیەوە هەلی كار بۆ چەند خاتوونی دیكەش بڕەخسێنم. ئێمە زۆر ئافرەتی بەتوانا و خاوەن بەهرەمان هەیە، بەڵام كەس نەبووە دەستیان بگرێت و ئاسانكارییان بۆ بكات.