سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ هه‌ڵسووڕێنه‌رى باڵيۆزخانه‌ی ئازه‌ربايجان ‏كرد

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ هه‌ڵسووڕێنه‌رى باڵيۆزخانه‌ی ئازه‌ربايجان ‏كرد

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2023/6/7 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز نه‌سير مه‌مه‌دۆف هه‌ڵسووڕێنه‌رى باڵيۆزخانه‌ى ‏ئازه‌ربايجان له‌ عێراق، ده‌رباره‌ى بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى ‏كوردستان له‌گه‌ڵ ئازه‌ربايجان، بيروڕاى گۆڕييه‌وه‌.‏

هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ زه‌مينه‌ و ده‌رفه‌تى باش هه‌ن بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان ‏به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابوورى، بازرگانى و گه‌شتياريدا. له‌مباره‌يه‌وه‌ باس له‌ ‏ده‌ستپێكردنى پرۆسه‌ى كردنه‌وه‌ى كونسولخانه‌ى ئازه‌ربايجان له‌ هه‌رێمى كوردستان ‏و ڕێكاری‌ پێویست كرا كه‌ پێشتر له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ‏به‌ڕێزان سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكى ئازەربايجان له‌ ميونشن بڕيارى لێ ‏درابوو.‏

سه‌ردانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ باكۆ له‌سه‌ر ‏بانگهێشتى فه‌رميى به‌ڕێز سه‌رۆكى ئازه‌ربايجان، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند ‏پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوون.

Top