لەهێرشێكی چەکداری لە ژاپۆن چوار كەس کوژران

لەهێرشێكی چەکداری لە ژاپۆن چوار كەس کوژران

 

 

ئەمڕۆ پۆلیسی ژاپۆن تۆمەتبارێکی دەستگیرکرد کە خۆی لە باڵەخانەیەکدا حەشاردابوو، دوای ئەوەی لە هێرشێک بە دەمانچە و چەقۆ چوار کەس دەكوژێت، لەنێویاندا دوو ئەفسەری پۆلیسن. هەروەها پۆلیس مردنی کەسی چوارەمی لە ناوچەکە پشتڕاستکردەوە - ژنێکی بەساڵاچوو کە لە شوێنی ڕووداوەکە بریندار بوو و دواتر بە مردوویی ڕاگەیەندرا.

پۆلیسی ناگانۆ ڕایگەیاند، تۆمەتبارەکە پیاوێكە و لە دەرەوەی کێڵگەیەک لە نزیک شاری ناکانۆ لە ناوچەی ناگانۆ دەستگیرکراوە. ئەم کەسە بە چەقۆ و چەکی ڕاو هێرشی کردووەتە سەر خەڵکی ئەم ناوچە گوندنشینە.

تا ئێستا هۆکاری کوشتنەکە نەخراوەتەڕوو، هەروەها بە فەرمی ناسنامەی تۆمەتبارەکە ئاشکرا نەکراوە، هەرچەندە میدیایەکی ناوخۆیی ڕایانگەیاند: کە کوڕی سەرۆکی ئەنجومەنی خۆجێیی شاری ناکانۆیە.

بەگشتی کوشتن و تاوان لە ژاپۆن شتێکی ڕۆژانە نییە، هەرچەندە لە چەند مانگی ڕابردوودا تیرۆرکردنی سەرۆکوەزیرانی پێشووی ژاپۆن شینزۆ ئابێ، گەلی ژاپۆنی تووشی شۆک کرد.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

 

Top