ئەو كەسەی لە ڕەوشتدا لە سەرووی تۆوە بێت لە ئایینیشدا لە سەرووی تۆوەیە

ئەو كەسەی لە ڕەوشتدا لە سەرووی تۆوە بێت لە ئایینیشدا لە سەرووی تۆوەیە

 

ئەو پەڕی هەوڵ دەدەم تا وتارەكەم كورت بكەمەوە، ئەگەر بمەوێت وردەكاری بخەمە ڕوو، ئەوا پێویستم بە بەرگێكی گەورە دەبوو، چونكە خوێنەرانی ئەمڕۆ حەزیان لە كورتبڕییە، پێموایە قسەكردن لەسەر ئەم كێشەیە پێویستی بە بیركردنەوەی قووڵ و قووڵیی فیكری و ڕاشكاوییەكی ڕوون و خوێندنەوەیەكی نوێ هەیە، چونكە بابەتەكە پەیوەستە بە دوو گرنگترین زاراوەی ژیانی گەلان و نەتەوەكانەوە، كە بریتین لە ئایین و ڕەوشت، پێناسەكانی ئایین و ڕەوشت زۆرن، كەسانێك هەن لە ڕووی سیاسییەوە پێناسەیان دەكەن، هەندێكی دیكە لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە، هەندێكیش بە شێوەیەكی ڕەمزی لێكدانەوەیان بۆ دەكەن، چونكە پێناسەی ڕاستەقینەی ئەو دوو زاراوەیە لە نێو ئەو پێناسە زۆر و جیاوازانەدا ون بووە، بۆیە ناتوانرێت لێیان تێبگەین بە بێ خستنەڕووی پێناسەكەمان كە دوای لێكۆڵینەوە و تاقیكردنەوە و توێژینەوە هەڵمان بژاردووە، لێرەدا شایەنی بیرهێنانەوەیە كە ئەو پێناسەیەی هەڵمان بژاردووە، لەو دۆخە واقیعییەدا سەرچاوە دەگرێت كە تێیدا دەژین. ئێمە لە سەردەمی سرووش(وحی)دا ناژین تا لە ورد و بچووك سەبارەت بە ژیانمانەوە ئاگادارمان بكاتەوە.

 واقیعەكە جیاوازە و دەبێت بە شێوازێكی جیاواز مامەڵە لەگەڵ ئەم واقیعەدا بكرێت، بەم شێوەیەش دەتوانین ئامانجەكانی ئایین وەدی بهێنین و فەلسەفەكەی بەجێ بگەیەنین، بەڵام پشتبەستن بە پێناسە كلاسیكییەكان ئەو مەبەستەم ناهێنێتە دی، بە تایبەت كە سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی ئایینی زۆر شێواندووە و خەڵكیش بەدەم تێگەیشتنی ئایینەوە دەناڵێنن، كەواتە ئەوەی من دەیبینم ئەوەیە كە (ئایین پەیوەندییەكی شاراوەی نێوان خۆت و پەروەردگارەكەتە و، ڕەوشتیش پەیوەندییەكی ئاشكرایە لە نێوان تۆ و خەڵكدا) خودا پێویستی بەوە نییە لەبارەی ئاییندارییەكەمانەوە ئاگاداری بكەینەوە، هەروەها لە تەقواشماندا، چونكە دەزانێت چی لە نێو سنگمان حەشاردراوە و دڵیشمان چی تێدایە و، هیچ شتێك لەسەر زەوی و لە ئاسماندا نییە كە لێی شاراوە بێت، ئەو جگە لە كردەوە دڵسۆزەكان هیچی دی قبووڵ ناكات كە تەنیا بۆ ئەو نەبن، بە بێ دووڕوویی و ڕیایی، بەڵكو تەنیا لە هەر كارێكدا كە لە پێناو خودادا ئەنجامی دەدەین، كە ڕیایی تێدا بێت، ئەو ڕەتی دەكاتەوە و لێمانی قبووڵ ناكات، بۆ ئەمەش خودا تەقوای شاردراوە و دینداریی شاراوەی خۆش دەوێت و ئەوەشی خۆش دەوێت كە چاكە بە دەستی ڕاستەمان بكەین تا دەستی چەپ پێی نەزانێت، پێی خۆشە سەردانی ماڵە پیرۆزەكەی بكەین بێ ئەوەی عەمامە لە سەر بكەین، بۆ ئەوەی بە خەڵك بڵێین چووینەتە ماڵی خودا، وەك هەندێك لە حاجییەكان دەیكەن، حەزیش ناكات نیشانەیەكی ڕەش لەسەر ناوچەوانمان دابنێین تا خەڵك بزانێت چەندە سوجدەمان بردووە، هەروەها نیشانەی دیار دانەنێین كە ئاستی دینداریمان دەر بخات، هەموو ئەمانە پێچەوانەی ئەو دیندارییە دروستەیە كە خودا لێتی دەوێت، بەڵكو ئەمە ریاییەكی ڕوونە، دینداری سەلامەتیی دڵەكانمان و پاكی ڕوحەكانمان و جوانیی ناخمانە، خوای گەورە دەفەرموێت:(يوم لا ينفع مال ولا بنون إلا من أتی الله بقلب سليم)، واتا ئەو ڕۆژە سامان و منداڵ هیچ سوودیان نییە، تەنیا ئەوانە نەبێت بە دڵێكی ساغڵمەوە هاتوون.

پێغەمبەر (د.خ) فەرموویەتی: (ألا وإن في الجسد مضغة إذا صلحت صلح الجسد كله، وإذا فسدت فسد الجسد كله، إلا وهي القلب) واتا: بەڕاستی پارچە گۆشتێك لە جەستەدا هەیە كە ئەگەر چاك بوو هەموو جەستە چاك دەبێت، ئەگەر خراپیش بوو، ئەوا هەموو جەستە خراپ دەبێت، ئەویش دڵە، هەروەها فەرموویەتی:(إن الله لا ينظر إلی أجسامكم ولا إلی صوركم ولكن ينظر إلی قلوبكم)، واتا: خودا سەیری جەستە و شێوەتان ناكات، بەڵكو سەیری دڵەكانتان دەكات.

بڕواداری ڕاستەقینە ئەو كەسەیە كە دڵێكی خاڵیی هەبێت لە ئیرەیی و قرچۆكی و ڕق و كینە و لووتبەرزی و بە خۆسەرسامبوون و ڕیایی و درۆ و دووڕوویی و گەندەڵی و فێڵ و ساختەكاری و خراپەكاری و قسە و قسەڵۆك و پاشملە و ڕق و كینە، چەند كەسمان بینی لە ڕواڵەتدا باوەڕدارێكی شێوەییە و لە ناخەوەش كەم ڕەوشتە، هەر بۆیە عومەر كوڕی خەتتاب فەرموویەتی:(لا تنظروا إلی صيام أحد ولا صلاته، ولكن انظروا إلی صدق حديثه إذا حدث، وأمانته إذا أؤتمن) واتا: سەیری ڕۆژوو و نوێژی كەسێك مەكە، بەڵكو سەیری ڕاستگۆیی قسەكانی و دەستپاكییەكەی بكە، ئیبراهیم كوڕی ئەدهەم دەڵێت: «با خواردنەكەت پاك بێت، پێویست ناكات شەونوێژ بكەیت و بە ڕۆژووش بیت»،مەبەستی ڕۆژووی سوننەتە، بەڵكو گەورە فەیلەسوفی سۆفی، ئیبن عەرەبی ئەندەلوسی هەموو ئایینی لە یەك ڕەوشتتدا قەتیس كردووە، ئەویش ڕێزگرتنە، كاتێك گوتی: «لە ئایینەوە ناگەیتە هیچ شتێك تا ڕێز لە هەموو دروستكراوەكان نەگریت»، ئەم ڕێزگرتنە تەنیا باوەڕداران ناگرێتەوە، بەڵكو هەموو خەڵك دەگرێتەوە، چونكە بنەمای ژیانێكی تەندروست لە چەسپاندنی ڕێزدایە لە نێوان مرۆڤەكاندا، لە هەموو ماڵێكدا و، لە هەموو خێزانێكدا و، لە هەموو كۆمەڵگەیەكدا و لە هەموو دەوڵەتێكیشدا، بەڵكو ڕێزگرتن بنەمای پەیوەندییەكانی نێوان دەوڵەتان و گەلانە، ئەگەر ئەوە نەبێت، شەڕ هەڵدەگیرسێت و یاسا پێشێل دەكرێت و پەیوەندییەكان تێك دەچن.

 ئیبن قەییم ئەلجەوزییە پێی وایە كاتێك ڕەوشتی پیاو لە دیندارییەكەی باشتر بێت، ئەوا لەو كەسە باشترە كە دیندارییەكەی لە ڕەوشتەكەی باشترە، لێرەدا باس لە بڕواداران دەكەین، چونكە ڕەوشتباشی بەڵگەی دروستی و سەلامەتیی دیندارییە، خراپیی ڕەوشت بەڵگەی هەبوونی كەماسییە لە دیندارییەكەیدا، ئەگەر دیندارییەكەی گەندەڵ یان ساختە یان دووڕوویی نەبێت. ئیبن قەییم ئەلجەوزییە دەڵێت: «ئایین هەمووی ڕەوشتە، ئەوەی لە ڕەوشتدا لەسەرەوەی تۆوە بێت لە ئایینیشدا هەر وایە»، لێرەدا ئببن قەییم ئەلجەوزییە پشتی بە فەرموودەی پێغەمبەر (د.خ) بەستووە كاتێك فەرموویەتی:(إن الرجل ليدرك بحسن خُلُقه درجات قائم بالليل وصائم بالنهار) واتا: مرۆڤ بە ڕەوشتباشیی خۆی پلەكانی شەونوێژی لە شەودا و بەڕۆژووبوونی لە ڕۆژدا دەناسرێت»، بێگومان باشترین ئەو كەسانە ئەوانەن كە ڕەوشت و دیندارییەكەیان یەكسانن، هەروەكو پێغەمبەر(دخ) چاكترین ڕەوشت بەرزیی خەڵك بووە، هەروەها لە هەمووان زیاتر دیندار و لەخواترس بووە و، هاوەڵەكانیشی ئەم ڕێبازەیان گرتووە، سەبارەت بە كۆمەڵگەكانی ئێمە، هەموو ئادەمیزاد منداڵی خودان بە مانایەكی مەجازی نەك ڕاستەقینە، باشترینیان ئەو كەسەیە كە بە باشی مامەڵە لەگەڵ منداڵەكانیدا دەكات، واتە لەگەڵ دروستكراوەكەی بە ڕەوشتی باشیەوە، ئەو كەسەی ڕەوشتی خراپە زیان بە منداڵەكانی خودا دەگەیەنێت، چونكە پەیوەندییەكی خراپی لەگەڵ خەڵكدا هەیە، لەكاتێكدا ئەوەی خاوەن ڕەوشتی باشە، ئەگەر دینداریش نەبێت زیان بە خەڵك ناگەیەنێت، بەڵكو لای ئەوان لە یەكەمیان خۆشەویستترە، هەركەسێكیش ڕەوشتی لەگەڵ خەڵكدا خراپ بێت، ڕەوشتیشی لەگەڵ پەروەردگارەكەیشیدا خراپ دەبێت، پێغەمبەر (د.خ) فەرموویەتی(أحب الناس إلی الله أنفعهم للناس)، واتا «خۆشەویستترینی خەڵك لای خودا ئەوانەن كە سوودیان بۆ خەڵك هەیە»، كاتێك ئەبوبەكر سدیق قسەیەكی بە هەندێك لەو كۆچبەرانە گوت كە گازەندە بوو، پێغەمبەر پێی فەرموو: (لئن كنت أغضبتهم فقد أغضبتَ ربك) واتا «ئەگەر تۆ توڕەت كردوون ئەوا پەروەردگارت تووڕە كردووە»، خودای گەورەش سەرەتا سوپاسگوزاریی خۆی بەستووەتەوە بە سوپاسكردنی خەڵك، وەك پێغەمبەر (د.خ) فەرموویەتی: (لا يشكر الله من لا يشكر الناس) واتا «سوپاسی خوا ناكات ئەو كەسەی كە سوپاسی خەڵك نەكات»، چونكە خەڵك منداڵی خودان، بۆیە سوپاسكردنیان لە سوپاسگوزاریی خودای گەورەوەیە و، زیانگەیاندنیش بەوان لە زیانگەیاندن بە خوداوەیە، بۆ ئەوەی بیرۆكەكە زیاتر نزیك بكەینەوە، خاوەنی خێزان دڵخۆش دەبێت بەو كەسانەی كە سوپاسی ئەندامانی خێزانەكەی دەكەن و، توڕەش دەبێت لەوانەی كە زیان بە ئەندامانی خێزانەكەی دەگەیەنن، بەرزترین نموونەش بۆ خوایە، سەبارەت بە دیندارییەكەی ئەوا ڕۆژی دوایی دەگەڕێتەوە بۆ لای پەروەردگارەكەی، هەر ئەویش خاوەنی ڕۆژی دواییە.

بناغەی كۆمەڵگەكان لەسەر ڕەوشتی باش دامەزراوە و، كاتێكیش خودا ستایشی پێغەمبەرەكەی (د.خ) كرد، فەرمووی: (وإنك لعلی خُلُق عظيم) واتا «تۆ خاوەنی ڕەوشتێكی بەرزیت» و نەیگوت كە تۆ خاوەن دیندارییەكی گەورە و تەقوایەكی گەورەیت، پێغەمبەریش پەیامەكەی لە یەك وشەدا بەرجەستە كرد كاتێك گوتی: (إنما بعثت لأتمم مكارم الأخلاق) واتا «بۆ ئەوە نێردراوم تا ڕەوشتە بەرزەكان تەواو بكەم»، چونكە دیندارییەكەت بۆ خۆتە، ڕەوشتیشیت بۆ خەڵكە، بە ڕاستی جێگەی داخە كە دینداریمان بۆ خەڵك بووە و، ڕەوشتیشمان بۆ خۆمانە، هەر لەبەر ئەم هۆكارەیە هەموو جیهانی ئیسلامی بەدەست كێشەی ڕەوشتەوە دەناڵێنێت، محەمەد عەبدە زانای میسری دەڵێت: «من لە ئەوروپا موسڵمانانم بەبێ ئیسلام بینی، كەچی لە وڵاتەكەم ئیسلامم بەبێ موسڵمانان بینی».

 ئەمە قەناعەتی منە بۆ تێگەیشتنی ئەم پەیوەندییەی نێوان ئایین و ڕەوشت، هەروەها پێویستە ئاماژە بۆ تێگەیشتنی ئیسلامی سیاسی بۆ ئەم پەیوەندییە بكەین، كە دەبینین ئیسلامی سیاسی ئایینی كردە پەیوەندییەكی ئاشكرا و تایبەت لە نێوان ئەوان و خودا، دواتر لە ڕێگەی ئەوانەوە بە تەنیا بە بێ شەریك پەیوەندییەكی پەراوێزئاسا لە نێوان تۆ و خودادا دروست دەكەن، چونكە خۆیان وەك بریكاری خودا لەسەر زەوی و جێنشینەكانی و واژۆكەر بە ناوی خودا نیشان دەدەن، بۆیە هەر چۆن بیت ناتوانیت پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆ لە نێوان خۆت و خودادا دروست بكەیت، بەڵكو دەبێت هەموو ئەمانە لە ڕێگەی ئەوانەوە بێت، ئەوان فێرت دەكەن چۆن نوێژ بكەیت و ڕۆژوو بگریت و حەج بكەیت و زەكات بدەیت و ببەخشیت و مامەڵە بكەیت، هەڵسوكەوت بكەیت، بخۆیت و بخۆیتەوە و لەبەر بكەیت، پەیوەست بە ژنانیش ئەوان فێریان دەكەن چۆن حیجاب لەبەر بكەن، چۆن بچنە دەرەوە و چۆن هاوسەرگیری بكەن و هاوسەرگیری لەگەڵ كێدا بكەن، چۆن بچنە مزگەوت و كەی بچن و گوێ لە كێ بگرن، سەیری چی و كێ بكەن لە كەناڵ و كۆڕەكاندا، ئەمە بەندایەتییەكی تەسكی حزبییە، ناكۆكە لەگەڵ بەندایەتیی سرووشتی و ئارەزوومەندانەدا كە بڕواداران بە ئازادییەكی تەواوی خۆیان پیادەی دەكەن، بۆیە هەر چەند دیندار و تەقوادار بیت، ئەوان ددان بە دیندارییەكەتدا نانێن، هەرچەندە زاناش بیت ڕێگە نادەن ئەوانەی سەر بە خۆیانن گوێ لە موحازەرەكانت بگرن و، بەشداریی سیمینارەكانت بكەن و، كتێب و وتارەكانت بخوێننەوە، چونكە تۆ سە ربە ئەوان نیت. دەبێت هەموو شتێك بەواندا تێپەڕێت، چونكە ئەوان (بەپێی ئیدیعای خۆیان) كۆمەڵیك ڕزگاركراوی بەڵێندراون. لێرەدا، ئەوەی محەمەد عابد ئەلجابری بیر دێنمەوە كە گوتویەتی: «ئەو كەسەی بە تەنیا دینداری دەكات ئایین پیادە دەكات، ئەوەشی بانگەواز بۆ كەسانی دیكە دەكات تا دیندار بن سیاسەت دەكات»، دیاردەیەكی سەیریش لە كوردستاندا تەشەنەی كردووە، كە نامۆیە لە كۆمەڵگەی ئێمە و لەلایەن ئیسلامییەكانەوە سەری هەڵداوە، بە شێوەیەك بانگخوازی ژن و پیاو زۆربوون كە موحازەرە لە هۆڵەكان و گۆڕەپانەكان و لە كەناڵەكاندا پێشكەش دەكەن، فەتوای ئامادەكراو و هاوردە دەردەكەن، ئەوانە باش شارەزای زانستە ئایینییەكان نین، بەڵام زۆربەیان دەرچووی كۆلێژە نا ئایینییەكانن، ڕەنگە دیارترینیان یەكپۆشیی بەرگ و سەرپۆش بێت بۆ كچان، من دژی سەرپۆش نیم و لە ماڵباتێكی دیندارم، بەڵام بانگەواز بۆ سەرپۆش بەم شێوەیە ئیسلامی سیاسی دینداری نییە، بەڵكو قۆستنەوەی ئایینە بۆ مەرامگەلی سیاسی، ئەمەش ئەوەم بیر دەهێنێتەوە كە ئیخوان موسلمین لە ئیسماعیلییە ساڵی 1928 هەڵسوكەوتیان دەكرد، كاتێ شكستیان هێنا لە گۆڕینی سرووشتی كۆمەڵگەی كراوەی میسردا، ئەو ئیسلامییانە لە گۆڕینی سرووشتی كۆمەڵگەی كوردستانیش شكست دەهێنن، چونكە خەڵكی كوردستان كۆمەڵگەیەكە ئایینی خۆشدەوێت، ئێوە لە كوێ بوون كاتێك زانا گەورەكانمان فێری ئایینەكەمانیان دەكردین، پیر و گەنج و ژنانیشمان بە شێوەیەكی سرووشتی پەرستشی خۆیان پیادە دەكرد، كە هیچ زەحمەتی و خۆدەرخستن و ڕیایی و دووڕوویی و سیاسەتێكی تێدا نەبوو، وەك ئەوەی ئێوە پێتان وایە بەم ستایلەتان خەڵك لە تاریكی بۆ ڕووناكی دەردەهێنن، یان لە كوفرەوە بۆ ئیسلام، ئەو شێوازە ئیخوانییانە لە كوردستان سەركەوتن وەدی ناهێنن، ئەگەر ئیخوان موسلیمین نەبووایە موسڵمانەكان وەك برا دەبوون، ئەگەر ئیسلامییەكانی كوردستانیش نەبوونایە، خەڵكەكە زیاتر دیندار دەبوون، بەڵام بەهۆی شێوازی گومڕایی میدیایی و گوتارەكانی ڕەتكردنەوەی یەكتر، هەروەها عەقڵییەتی پڕ لە ڕق و كینە لە بەرامبەر ئەوی دیكە و، بیركردنەوەی دژ بە ئینتیمای نیشتمانی، خەڵك دەرك بە ڕاستیی ئەوان دەكات، چونكە ئایین بۆ مەرامە سیاسییەكان دەقۆزنەوە.

 

Top