لە کەرکووک هەوڵ بۆ تەعریب کردنی خوێندنی کوردی دەدرێت

لە کەرکووک هەوڵ بۆ تەعریب کردنی خوێندنی کوردی دەدرێت

 

لە دوای پرۆسەی ئازادی عێڕاق لە ساڵی ٢٠٠٣ بەشی خوێندنی کوردی لە شاری کەرکووک دروست کرا و هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ کورد لە شارەکە کە بتوانێت هاوشێوەی شارەکانی تری هەرێمی کوردستان بە زمانی کوردی خوێندنی تێدا بکرێت و گرنگی بە زمانی کوردی بدرێت و منداڵەکان بەو زمانە وانە بخوێنن کە قسەی پێ دەکەن .

زۆر جار بەربەست دروست کراوە بۆ خوێندنی کوردی و مامۆستایان و قوتابیانی شارەکە لە لایەن حکومەتی فیداڕڵیەوە چ بە هاوکاری نەکردنی و دابین نەکردنی پێداویستیەکان بۆی لەکاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٩٠٠٠ مامۆستا و فەرمانبەری بۆ دامەزراند و چەندین قوتابخانەی بۆ خوێندنی کوردی دروست کرد و ساڵانە کتێب و پێداویستیەکانی تری خوێندن بۆ قوتابیان و بەرێوبەرایەتی خوێندنی کوردی دابین دەکات .

جێی ئاماژەیە کە لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە دەستێک هەیە کە دەیەوێت خوێندنی کوردی تەعریب بکات و لاوازی بکات لە شارەکە بە جۆرێک کە هاوڵاتیان ترسیان هەبێت لە ناردنی منداڵەکانیان بۆ خوێندنی کوردی و دروست کردنی کێشە و گرفت بۆ خوێندن و تاقیکردنەوەکانی وەزاری و دابین نەکردنی مامۆستا بۆیان .

بەم دواییە تێبینی ئەوە دەکرێت کە مامۆستایان هان دەدرێن کە داوای ئەوە بکەن کە خوێندنی کوردی بگوازرێتەوە بۆ سەر وەزارەتی پەروەردەی فیدڕاڵی بە بەهانەی نەبوونی مووچە بێ گوێدانە مەترسیەکانی ئەم هەنگاوە لە کاتێکدا لە کەرکووک رۆژانە تەعریب بەردەوامە و هاوڵاتیانی کورد بە هاوڵاتی پلە دوو دادەنرێن لە شارەکە .

بە رای من ئەگەر بەشی خوێندنی کوردی بە تەواوی بخرێتە ژێر دەستی بەغداوە کێشەی زۆر زیاتر لە مووچە دروست دەبێت چونکە بینیمان لە ساڵانی رابردوو کە بە چ شێوەیەک پرسیارەکانی وەزارەی پۆلی ٦ی ئامادەیی کێشە و گرفتی تێدا بوو قوتابیان بە دەست ئەو هەڵانەوە دەیان ناڵاند و نەیان دەتوانی نمرەی تەواو بە دەست بێنن .

پێویستە ئەو بریارانەش لە بەرچاو بگرین کە بەرێوبەرایەتی پەروەردەی کەرکووکی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی عێڕاق بەرامبەر بە مامۆستایان و قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی دەیدات و بینیمان کە چۆن ویستیان ئەو مامۆستایانە سزا بدەن و دەست گیر بکەن کە لە یادە نەتەوەییەکان ئاڵای کوردستانیان هەڵکردووە و یادیان کردۆتەوە .

پێویستە کە رێگری بکرێت لە هەموو هەوڵێک بۆ گواستنەوەی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بۆ بەغدا چونکە زیانەکانی بە شێوەیەک مەترسیدارە کە دەتوانم بڵێم هەوڵێکە بۆ بنەبڕکردنی کورد لە شارەکە و بە تەواوی سڕینەوەیەتی هەموو ئەوانەی کە بەشدارن لەم هەوڵە بەرپرسیارێتی مێژوویان لە ئەستۆیە چونکە ئەوەی ئێستا کەرکووک بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەبەستێتەوە خوێندنی کوردیە و ناوەندەکانی خوێندن لە کەرکووک بوونەتە جێی مانەوە و توندکردنی هەستی نەتەوایەتی لە شارەکە .

لە شاری کەرکووک زیاتر لە ٩٨هەزار قوتابی و ١٠ هەزار قوتابی باخچەی ساوایان هەیە کە بە زمانی کوردی دەخوێنن و سەر بە بەرێوبەرایەتی بەشی خوێندنی کوردین لە شارەکە کە پێویستە داهاتوویان نەدرێتە دەست حکومەتێکی شۆڤێنی کە لە هەموو سەردەمەکان و بە هەموو شێوەکان هەوڵی سڕینەوەی کورد دەدات لەم شارە .


دلۆڤان مەجید کاکەیی

Top