سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئێواره‌خوانێك بۆ مامۆستايانى ئايينى ساز ده‌كات

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئێواره‌خوانێك بۆ مامۆستايانى ئايينى ساز ده‌كات

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 18/4/2023 ، 27ى ڕه‌مه‌زان، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ميواندارى و ئێواره‌خوانێكى بۆ ژماره‌يه‌ك له‌ مامۆستايانى ئايينى به‌ نوێنه‌رايه‌تيى سه‌رجه‌م مامۆستايانى ئاينيى كوردستان ڕێكخست.

له‌ ئێواره‌خوانه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێزان مسته‌فا سه‌يد قادر جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمی کوردستان و وه‌زيرى ئه‌وقاف و كاروبارى ئايينى ئاماده‌ بوون، سه‌ره‌تا به‌ڕێز سه‌رۆكى يه‌كێتيى زانايانى ئايينيى كوردستان به‌ ناوى ئاماده‌بووانه‌وه‌ سوپاسى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى كرد بۆ هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌كانى بۆ چاره‌سه‌رى ناكۆكييه‌ ناوخۆييه‌كان و يه‌كڕيزى و ئارامیی سياسى، هيواشى خواست ئه‌و هه‌وڵانه‌ى جه‌نابيان ببێته مايه‌ى خاوكردنه‌وه‌ى گرژييه‌كان و كۆتاييهێنانى يه‌كجارى به‌ ناكۆكييه‌كان.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى ستايشى ڕۆڵى مامۆستايانى ئايينى له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى هۆشياریى ئايينيى ميانڕه‌و و بڵاوكردنه‌وه‌ى گيانى خێر و چاكه‌خوازى و پاراستنى خه‌ڵكى كوردستان له‌ كاريگه‌ريى بيرى توندڕۆيى، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ مامۆستايان له‌ شۆڕشه‌کانى ڕزگاريخوازى گه‌لى كوردستاندا هه‌ميشه‌ له‌ سه‌نگه‌رى داكۆكيكردن له‌ مافى ڕه‌واى گه‌له‌كه‌ياندا بوون و ئايين و نيشتمانپه‌روه‌رييان بێکه‌وه‌ گرێداوه‌. به‌ڕێزيان دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ به‌ گەشبینیيه‌وه‌ له‌ چاره‌سه‌ربوونى كێشه‌ ناوخۆيى و پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا بڕوانين، چونكه‌ بێجگه‌ له‌ پێكهاتن هيچ بژارده‌يه‌كى ديكه‌ له‌به‌رده‌م لايه‌نه‌كاندا نييه‌ و له‌گه‌ڵ به‌غداش له‌سه‌ر ڕێگه‌ى رێككه‌وتن و له‌يه‌كگه‌يشتنين.

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئێواره‌خوانێك بۆ مامۆستايانى ئايينى ساز ده‌كات
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئێواره‌خوانێك بۆ مامۆستايانى ئايينى ساز ده‌كات
Top