سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی چەندین دەستكەوتی لێ كەوتەوە

سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی چەندین دەستكەوتی لێ كەوتەوە

 

 

نێچیرڤان بارزانی وەك كەسایەتییەكی دیاری سیاسیی كوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە، خاوەن پێگەیەكی پتەوی پەیوەندییە لەسەر ئاستی جیهاندا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كردنەوەی گرێ كوێرەكان و شكاندنی بەستەڵەك و خاوكردنەوەی گرژییەكاندا بە كەسێكی كاریگەری دیپلۆماسی ناسراوە. نێچیرڤان بارزانی توانایەكی پڕ وزەی جموجووڵی هەیە و ئەم پیاوە هەست بە ماندووبوون ناكات، لە ساڵی 2023 دا زۆرترین جووڵەی سیاسی و دیپلۆماسی و سەردانی جۆراوجۆری هەبووە لە ناوخۆی كوردستان، عێراق، توركیا، كەنداوی عەرەبی و ئەوروپا.

دیارترین سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ ڕۆما و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەر دوو دەوڵەتی ڤاتیكان و ئیتاڵیا بوو، با چاوێكی خێرای ڕۆژنامەوانی بە گەشتە سەركەوتووەكەی نێچیرڤان بارزانیدا بخشێننەوە و ببینن لە یەك ڕۆژدا لە چ ئاستێكی باڵای سیاسی و دەوڵەتداریدا پێشوازی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كراوە.

سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممە ڕێكەوتی 13ی ئەپریڵی ساڵی 2023 لە كۆشكی پاپاوی لە ڤاتیكان بە تەداروكێكی پڕ لە شكۆی ڕێزلێگیراو بە ئامادەكاریی پاسەوانی سویسری و دانانی ئاڵای كوردستان لەسەر ئۆتۆمبێلی پرۆتۆكۆڵی، كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی هەڵگرتبوو، بەرەو كۆشكی پاپا بۆ دیداری حەبری ئەعزەم چوو.

پاپا فڕانسیس (پاپای ڤاتیكان) سەرەڕای خراپیی دۆخی تەندروستی و بەكارهێنانی عارەبانەی ڕۆیشتن لە بەڕێخستنی كاروباری ڕۆژانەیدا، بەڵام لەكاتی دیداری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لە پێشوازیكردنی میوانەكەیدا بە پێوە وەستا بوو، ماوەیەكیش لەگەڵ سەرۆكی هەرێم بە پێوە بوو لە بەڕێخستنیش هەر بە پێوە بوو، ئەمەش هێمایە بۆ ڕێزگرتنی زۆری خانەخوێ لە میوانەكەی، خانەخوێ پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكانە كە تەمەنی هەشتا و حەوت ساڵە و میوانەكەش نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، لە دیدارەكەدا وێڕای دووپاتكردنەوەی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتەكانی كوردستان، پاپا ئەو پەیامەی دا بە گوێی دوو ملیار پەیڕەوانی ئایینی مەسیحیی كاسۆلیك لە جیهاندا كە ڤاتیكان هێشتا بە گرنگییەوە دەڕوانێتە پێگەی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا.

نێچیرڤان بارزانی وەك هەمیشە پێشەنگ لە عورفی میوانداریدا چەند دیارییەكی پێشكەش بە حەبری ئەعزەم كرد، دیارترینیان وێنەیەكی نەخشێنراوی هونەرمەندی نیگاركێش (خەیری ئادەم) بوو كە هونەرمەندێكی كوردی خەڵكی دهۆكە و دانیشتووی ئەمریكایە، تابلۆ هونەرییەكە گوزراشت لە پێكەوە ژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتەكانی كوردستان دەكرد.

 دیداری پاپا بۆ سەرۆكی هەرێم گرنگی و سەنگی خۆی هەیە، بەتایبەتی لە بارودۆخی ئێستادا، هەر لە كۆشكی پاپاوی لە ڤاتیكان نێچیرڤان بارزانی لەلایەن سەرۆك وەزیرانی دەوڵەتی ڤاتیكان كە هاوكات سەرۆكی ئەنجومەنی (حبری)یە پێشوازی لێ كرا.

لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیاش سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە لایەن سەرۆكی ئەنجومەنی سیناتەوە پێشوازی لێ كرا، كە بە كەسی ژمارە دوو پۆلێن دەكرێت لە دوای سەرۆك كۆماری ئیتاڵیا، كۆبوونەوەی دواتری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ جێگری سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا بوو كە هاوكات وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەیە، پاشان لەلایەن سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا و وەزیری بەرگرییەوە و بە ڕێوەڕەسمی بەرزی پرۆتۆكۆڵی دیپلۆماسی و ئامادەكردنی پاسەوانی شەرەف پێشوازی لە سەرۆكی هەرێم كرا.

كەشوهەوایەكی گەرموگوڕی پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان وڵاتێكی پیشەسازیی وەك ئیتاڵیا و ئەو كرانەوەیەی بۆ هەرێمی كوردستان كەم نییە و جێگەی سەرنج و تێڕوانینی پڕ لە دەستكەوتە، ئەگەر لە سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم ورد ببینەوە، لە ماوەی یەك ڕۆژدا شەش دیداری تایبەتی هەبوو، واتا بەو سەردانە لە شەش وێستگەی گرنگدا و لە یەك ڕۆژدا تەواوی ڕۆژنامە و ماڵپەڕ و سۆشیال میدیا و میدیاكانی بینراو و بیستراوی ئەو وڵاتەی سەرقاڵ كردبوو، دەستكەوتەكانی سەردانەكەش ئەم چەند خاڵەن، كەم سەردانی ئاوا دەگمەن هەیە ڕاستەوخۆ بەرهەمەكەی ببیندرێت. 

كاتێ جێگری سەرۆك وەزیران كە هاوكات وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیایە، لە دیدارەكەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێم موژدەیەك بە نێچیرڤان بارزانی دەدات و پێی دەڵێت: كونسووڵییەی ئیتاڵیا لە هەولێر دەكەینە كونسولگەریی گشتی.

ئەمەش هاوشێوەی ئەمریكا و فەرەنسا وەك چۆن لە نووسینگە و كونسووڵییەوە بۆ كونسووڵگەریی گشتی و پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا فراوانتر كرد، بەرهەمەكانی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بریتی بوون لە:-

یەكەم: ناساندنی كونسووڵگەریی ئیتاڵیا لە هەولێر بۆ كونسووڵگەریی گشتی، واتا فراوانتر لەوەی ئێستا، ئەمەش نیشانەی گرنگیپێدانی ئەم وڵاتەیە بە هەرێمی كوردستان.

دووەم: پتەوكردن و هەمەهانگیی ئابووری و وەبەرهێنانی ئیتاڵیا لە كوردستان و هاندانی كۆمپانیا ئیتاڵییەكان بۆ كاردكردن لە هەرێمی كوردستان.

سێیەم: بەردەوامیی پشتیوانیی سەربازیی ئیتاڵیا لە هەرێمی كوردستان و درێژكردنەوەی مانەوەی سەربازانی ئیتاڵیا لە هەولێری پایتەخت، وەك پشتیوانی لە هەرێمی كوردستان و عێراق.

چوارەم: هەمەهانگیی ئاسایش لە نێوان ئیتاڵیا و عێراق و هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی كاری وڵاتانی هاوپەیماندا.

پێنجەم: ئیتاڵیا پشتیوانی لە هەرێمی كوردستانێكی بەهێز دەكات لە چوارچێوەی عێراقدا.

ئەگەر لەم خاڵانەی سەرەوەی سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وردبینەوە، بەڕوونی دەبینین، ئیتاڵیا وەك وڵاتێكی خاوەن پیشەسازی و ئەندامێكی كارای ناو كۆمیسیونی ئەوروپا و زۆربەی ئاژانس و ڕێكخراوە جیهانییە كاریگەرەكانی وەك:

(UN, G7, OSCD, OSCE, NATO, WTO, World Bank، International Monetery Fund، Europe Union) پێگەی هەیە، وڵاتێك بەو شێوەیە پاڵپشتیی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان نیشان بدات، واتای گرنگیپێدان بە كوردستان لە دەرەوە هێشتا ماوە و ئەم هەرێمە دەرفەتی دیكەی لە پێشە تا هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ داهاتوویەكی گەشتر، بە گشتی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی پێمان دەڵێت كە ئەگەر كورد ناوماڵی خۆی ڕێك بخاتەوە، هەموو دەرگا داخراوەكان بە كەسایەتییەكی وەك نێچیرڤان بارزانی دەكرێنەوە.

 

Top