كتێبی لاوازبوون و كەوتنی كۆماری ئەفغانستان
ئەم كتێبە (لاوازبوون و كەوتنی كۆماری ئەفغانستان) لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣ لە لایەن دەزگای بڵاوكردنەوەی (هێرست)ی بەریتانی بڵاوكراوەتەوە و نووسەرەكانی بریتین لە:
ئەحمەد شوجا جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی نێودەوڵەتی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەفغانستان لە ( ٢٠١٩-٢٠٢١).
ولیام مالی، پڕۆفیسۆر لە پەیوەندییەكانی نێودەوڵەتی لە زانكۆی نەتەوەیی ئوسترالیا.
كتێبەكە لە ٢٨٥ لاپەڕەی قەبارە ئەی ٣ و نۆ چاپتەر پێكهاتووە. لە پێشدا باسی هۆكارەكانی لاوازبوونی كۆماری ئەفغانستان دەكات، دواتر هۆكار و فاكتەرەكانی پشت كەوتنی یەكجارەكی دەخاتەڕوو. ئەو چاپتەرانەی لەسەر قۆناغەكانی لاوازبوون دەدوێن كە هەر لە ئەنجامدانی كۆنگرەی بۆن لە مانگەكانی تشرینی یەكەم و دووەمی ٢٠٠١ـەوە سەریانهەڵدا و دواتریش هەندێكیان لە دەستووری ساڵی ٢٠٠٤دا جێگیر كران، بەڵام گومان و لاوازی ڕەوایی سیاسی و كاریگەریی نێگەتیڤی هاوكاریی نێودەوڵەتی ڕاستەوخۆ لە دەیەی دووەمی تەمەنی كۆمارەوە سەریانهەڵدا، بە تایبەتی شێوەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی دووەم و سێیەمی سەرۆك كۆماری وڵات و ئەو كێشە و ناكۆكییانەی ئەنجامەكان دروستی كردن. چاپتەرەكانی دیكە باسی هۆكارە ڕاستەوخۆكانی كەوتنی كۆماری ئیسلامیی ئەفغانستان دەكات.
لە چاپتەری دووەمدا، نووسەرەكان باسی (كێشەی ڕەوایی سیاسی) دەكەن و بەتایبەتی شێوازی دامەزراندنی دەزگاكان و دەستوور و كاریگەریی لاوازی و كەموكوڕییەكانیان لەسەر ڕەوایی سیاسیی حكومەت و دەزگا جیاوازەكانی دەوڵەت. لایەنێكی دی كە ڕەوایی سیاسی سەرۆك كۆمار و كاربەدەستانی دەوڵەتی لاواز كردبوو، بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات بوو بە بێ لێپرسینەوە و جێبەجێكردنی یاسا و ئەمانەش بە تێپەڕبوونی كات كاریگەری نێگەتیڤیان كردبووە سەر سەنگ و پێگەی حكومەت و ڕەوایی بڕیارەكانی. دەستوەردان لە هەڵبژاردنەكان و ئەنجامدانی فێڵ و گزیكردن بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠١٠ بەدواوە هێندەی دی متمانەی گەلی بە حكومەت لەق كردبوو.
لە چاپتەری سێیەمدا، كێشە و گرفتەكانی پەیوەندیدار بە هاوكاریی نێودەوڵەتی بۆ ئەفغانستان باس دەكەن، بەتایبەتی كاتێك هەندێك لەو پڕۆژانەی لە ڕێگەی هاوكارییەكانەوە ئەنجام دەدران، ڕاستەوخۆ لە لایەن دەوڵەتانی كۆمەككارەوە لە پارێزگاكان جێبەجێ دەكران، بە بێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی فیدڕاڵی.
لە چاپتەری چوارەمدا تیشك خراوەتە سەر كاریگەریی هێڕشەكانی تالیبان و ڕۆڵی پشتگیریی پاكستان بۆ تالیبان، لە كاتێكدا ئەمریكا نەك گوشاری نەخستە سەر پاكستان بۆ دەسهەڵگرتن لە پشتگیریی تالیبان، بەڵكو هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ پاكستان بەردەوام بوون. چاپتەری پێنجەمیش باسی سەركردایەتیی سیاسی و لایەنە لاواز و بەهێزەكانی هەردوو سەرۆك كۆمار حامید كارزای و ئەشرەف گانی (غەنی) دەكات لەگەڵ كاریگەریی ئەم سەركردایەتیكردنە بۆ حوكمڕانیی وڵات و ئەو ناكۆكییانەی ئەنجامی دواهەڵبژاردن لە نێوان غەنی و عەبدوڵا عەبدوڵادا دروستی كردن.
هێندەی پەیوەندی بە هۆكارە ڕاستەوخۆكانی كەوتنی وڵاتەكەوە هەیە، كتێبەكە باسی هۆكار و شێواز و وردەكارییەكانی كەوتنەكە دەكات لە چاپتەرەكانی شەش و حەوت و هەشتدا و لە چاپتەری نۆیەمیشدا نووسەرەكان ئەنجامگیری خۆیان دەخەنەڕوو.
چاپتەری شەشەم دەچێتە ناو وردەكارییەكانی پەیمان، یان ڕێككەوتننامەی دۆحەی ساڵی ٢٠٢٠ لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و بزووتنەوەی تالیبان كە لە دۆحەی پایتەختی دەوڵەتی قەتەر ئەنجام درا و ئەو كارەساتەی ئەم ڕێككەوتنە هێنایە ئاراوە. نووسەرەكان ئەم ڕێككەوتننامەیە وەك ڕێككەوتننامەی دەرچوون لە ئەفغانستان هەڵدەسەنگێنن، نەك ڕێككەوتننامەی ئاشتی، ڕەخنەی توندیش لە هەردوو ئیدارەی ئەمریكی (ترامپ و بایدن) دەگرن و ڕێككەوتننامەكە بە شكستێكی گەورەی دیپلۆماسیی ئەمریكی دادەنێن و، ڕۆڵی سەرەكیی ئەو شكستەش دەخەنە ئەستۆی زاڵمای خەلیلزاد، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ئەفغانستان و پاكستان. لە چاپتەری حەوتەم و هەشتەمیشدا داڕمانی تەواوی دەزگا جیاوازەكانی دەوڵەت دەخەنەڕوو لەگەڵ لەدەستدانی توانای بەرگریكردن لەلایەن سوپا و هێزەكانی ئاسایشی ئەفغانستانەوە و هەڵاتنی سەرۆك كۆمار.
نووسەرەكان لەم كتێبەدا هەوڵیان داوە هۆكارەكانی لاوازبوون و كەوتنی ئەفغانستان بخەنەڕوو. لەبەر ئەوەی ئەحمەد سوجا جەمال بۆ خۆی تا دوا ساتەكانی ڕمانی دەوڵەتەكە خاوەن پایە و نزیكی ناوەندەكانی بڕیاردان بووە و، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی كۆمارەوە ئاگاداری ڕووداوەكان بووە، شارەزایی و زانیاریی وردی لەسەر دۆخەكە هەیە، بەڵام لە هەمان كاتیشدا شێوە سۆز و لایەنگرییەكی پێوە دیارە بۆ حكومەتی ئەفغانستان لە ماوەی ئەو بیست ساڵەدا و نەیتوانیوە، یان نەیویستووە باری سەرنج و هەڵوێستی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لەمەڕ جێهێشتن و پاساوەكان بۆ ڕێككەوتن لە گەڵ تالیبان بخاتەڕوو. هەروەك لە چاپتەرەكانی دوایی و ئەنجامگیرییەكەیدا دەردەكەوێت، هەر دوو نووسەر هۆكاری سەرەكی و ڕاستەوخۆی كەوتن و ڕووخانی كۆماری (ئیسلامی) ئەفغانستان دەگێڕنەوە بۆ پەیمانی دۆحە و ئەمەش بەوپەڕی شكستی دیپلۆماسی ئەمریكا و تەنانەت بە ناپاكیی ئەمریكا لەگەڵ گەلی ئەفغانستانی دادەنێن.
نووسەرەكان ناوەڕۆكی كتێبەكەیان لە بەرگەكەیدا لە چەند پەرەگرافێكی زۆر كورتدا خستۆووەتەڕوو كە لێرەدا دەقەكەی دەكەینە كوردی:
داگیركردنی ئەفغانستان لە لایەن تالیبانەوە لە ٢٠٢١دا دوای ئەوە هات كە پشتگیریی خەڵك بۆ حكومەت كەمی كردبوو، بەفیڕۆدان و خراپ بەڕێوەبردنی هاوكاریی نێودەوڵەتی ولاوازیی سەركردایەتی لە دەوڵەتێكی خاوەن مەركەزیەتی زۆردا كاریگەریی خراپیان هەبوو، بە ئەندازەیەكی زۆریش هەموو ئەمانە ئاكامی شكستەكانی پێشووتر بوون لە دیزاینكردنی دەزگاكاندا و ڕەنگدانەوەی خواستی ئەمریكا بوون بۆ پەیڕەوكردنی سیاسەتی كورتخایەن كە هاندانی نەخوازراوی هێنایەئاراوە، ئەمەش كۆسپی خستە بەردەم ئامانجی درێژخایەن كە دابینكردنی سەقامگیری بوو. هەرچەندە ئەم كێشانە پڕووكێنەر بوون، بەڵام جۆرە كێشەیەك بوون كە لە چەندین دەوڵەتی لاوازدا هەن و ئەمانە بە تەنیا بەس نەبوون كە ببنە هۆی داڕمانی تەواو.
ئەم كتێبە ڕووناكی دەخاتە سەر كۆمەڵێك فاكتەری تەنانەت ڕووخێنەرتر كە هاوكار بوون بۆ كەوتنی كابوڵ. كۆماری ئەفغانستان ڕووبەڕووی هێرشی بەردەوام و بێبەزییانەی تالیبان ببووەوە كە بە تەواوی پشتیان بە پشتگیریی پاكستان بەستبوو. ئەم دستتێوەردانە حكومەتی خستە دۆخێكی نالەبارەوە، لە كاتێكدا ویلایەتە یەكگرتووەكان نەیتوانی ڕووبەڕووی ئەم زوڵمەی پاكستان ببێتەوە. گورزی كوشندە ئەو كاتە وەشێنرا كە سەركردە بێزاربووەكانی ئەمریكا ساویلكانە بۆ دەرچوون لە ئەفغانستان لەگەڵ دوژمن ڕێككەوتن، ئەوەش بە شێوەیەكی كوشندە ئۆپەراسیۆنەكانی سوپا و هێزی ئاسمانیی ئەفغانستانیان لاواز كرد، كە بوونە هۆی هەڵوەشاندنەوەكەی ساڵی ٢٠٢١، لە كاتێكدا سەركردە باڵاكان ناكۆك بوون لەسەر ئەوەی لە كابوڵ دوابەرگری بكەن.
كۆماری ئەفغانستان هەروا بە ئاسانی لاواز نەبوو و نەكەوت، بەڵكو ناپاكی بەرانبەر كرا.
بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی
پارتی دیموكراتی كوردستان