پارتی ئاسـتی حـزبگـەرایـی تێپەڕانـدووەو پارستنی شوناسی نەتەوەیی لەئەستۆ دایە

پارتی ئاسـتی حـزبگـەرایـی تێپەڕانـدووەو پارستنی شوناسی نەتەوەیی لەئەستۆ دایە

 


سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە رێوڕەسمی 43یەمین ساڵیادی شەهیدكردنی محەممەد باقر سەدر لە بەغداددا وتارێکی زۆر راست و دروستی خوێند بۆ سازانی كۆمەڵگەی كوردستان و گەلانی تری عێراقی و لێکترنزیکبوونیان و پێکەوە کارکردن لە چوارچێوەی عێراقدا.

مادام زەمینە لەبار نیە بۆ ڕاکێشانی کارتی ڕێفراندۆم و پرسی سەربەخۆیی، پارتی واقیعیانە لە گەڵ قۆناغەکە مامەڵە دەکات و وەک گەورەترین حزب لە عێراق، پەیوەندیەکانی لەگەڵ کۆی حزب و مەرجەع و لایەنی سیاسی عێراقی و هەتا وڵاتانی هەرێمیش پتەوترو بەهێزتر دەکات لە پێناو کوردستانێکی بەهێزترو سەلامەتتر لەداهاتوودا. ئێستا پارتی بەودەرئەنجامە گەیشتووە هەر لایەنێک ڕێگری بکات لە پێشکەوتنی یەکڕیزی نێوەخۆیی و تێکدانی سەقامگیری هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەی ئاقیبەتی شکست و شکانی خۆیەتی، بۆیە هەمووکات دەستی تەبایی و ئاشتی و پێکەوەیی بۆ هەموو لایەنەکان درێژدەکات. گرینگیشە هەموو لایەنەکان لە ئاستی بەرپرسیارێتی نیشتیمانی و نەتەوەییدابن و دەستەجەمعی بەشداری پلان و کارنامەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ کوردستانێکی بەهێز لە چوارچێوەی عێرقدا.

دواجار هەر دەبئ ئینتیمای نیشتیمانی و نەتەوەیی لە ناو لایەنە سییاسیەکان و کۆمەڵگە ڕێکبخرێتەوە تا ئاستێکی زۆر باشیشی ببەن، ئەگەر بێت و وانەبێت ئەوا کەشتیەکەمان لە مەحاڵدا ڕئ دەکات و هەمووشمان لە کەشتیەکەداین بئ جیاوازی!.
بێگومان ئەگەر بێت و واشبێت، ئەوسا ئاستەنگ و مەترسی و گەلەکۆمەیەکیش لە ئارادابێت لە بەردەم پێشکەوتن و ئیرادەی نەتەوەیی و کوردستانیدا لەبەین دەبرێت و پێکەوەیی بەهێزترمان دەکات. کەوایە پارتی گەرەکیەتی پرۆژەی نەتەوەیی لە عێراقدا پێش بخات و کەس نەتوانێت ڕێگری لەبەرفراوانبوون و بتەوبوونی بکات و پەیامی یەکبوون و یەکڕیزی حزب و لایەنەکانیشی چپاندووە بەگوێی هەموویاندا.

ئەرکی پارتی لە هەموو قۆناغەکاندا پاراستنی شوناس و ناسنامەی نەتەوەیی و کوردبوونمان بووە، لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا، تەنیا حزب بووە کە هەستی بە ئێشی نیشتیمان کردووە، بەڵام گرینگە لایەنەکانی تری کوردستانیش لە ئاستێکی بەرزتردا گرێدراوی هاوبیری نەتەوەیی و نیشتیمانی پارتی بن. دەبئ هەوڵبدرئ ئاستی حزبگەرایی تێپەڕبکەین و شوناسی نەتەوەییمان دیاری بکەین و دواتریش بگەینە شوناسی مرۆڤایەتیمان، ئەوەنە یەکدی ڕەت ناکەینەوەو هەوڵی لەبەین بردنی دەستکەوتەکانمان نەدەین، چون ئەو مۆدێلە سیاسی و سەرکردایەتیکردنەی پارتی پێشکەشی دەکات، نەتەوەبوونی کورد لەئاستی هەرەبەرز لە چوارچێوەی عێراقدا بە بنەما دەگرێت، پێویستە تەواوی حزب و لایەنەکانی سیاسی کوردستانی هاوبیری پارتی بن و ئەو زهنییەتە پێش بخەن کە بە ڕێکەوتنی نەوت و غاز لە نێوان هەولێرو بەغداد دەستی پێکردووەو پێی چووینەتە قۆناغێکی جیاوازو نوئ.

Top