ڕوونکردنەوەیەک لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

ڕوونکردنەوەیەک لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە


درەنگانی شەوی ڕابردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی سەبارەت بە ڕووداوەکەی ئێوارەی ڕێکەوتی ٧ـی ٤ـی ٢٠٢٣ی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بڵاوکردۆتەوە، کە بەداخەوە وەکو پیشەی هەمیشەییان وانە و عیبرەتیان لە مێژوو و بەکارهێنانی دەستەواژەکان وەرنەگرتووە و، گوایە ئەوەی ڕوویداوە بەهاوکاری کەمایەتییەکی ناو سەرکردایەتیی پارتی بووە!، ئەو دەستەواژەیەی، کە لەناو پارتیماندا بوونی نەبووە و ناشبێت، بەڵام ناحەقیان ناگرین چونکە لە چاو و حاڵی خۆیانەوە سەیر دەکەن و خەڵک دەبینن!، حەقیانە چونکە جاران کەمایەتییەک لەناو یەکێتی هەبوو، بەڵام ئێستا لە کەمایەتییەوە بووە بە یەک کەس، نەک دوو کەسیش!..
باشترە ئەو عەقڵیەتەی بڵاوکراوەکەیانی داڕشتووە زوو بەخۆیدا بچێتەوە نەک درەنگ، سەیرێکی دەڤەری سلێمانی، کە خۆیان پێی دەڵێن زۆنی سەوز و نەشیانتوانیوە سەوزی بکەن و، هەروەها ئاوڕێک لە کردەوەکانی خۆیان بدەنەوە و لۆژیکیانە باری سلێمانی و خەڵکە ئازیزەکەی لەبەرچاو بگرن و چیتر بەردی لەخۆیان گەورەتر هەڵنەگرن و باجەکەش خەڵکی ئەو دەڤەرە ئازیزە بیدات، ڕاشکاوانە دان بنێن بە هۆکارەکانی ئەو ڕەوشە نالەبارەی بەسەر خۆیان و دەڤەری سلێمانی و بە سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا هێناویانە و، چیتر خۆڵ نەکەنە چاوی خۆیان و کادیر و جەماوەرەکەیان.
هەر کردەوەیەکی پێشێلکاری و بەزاندنی سەروەریی هەرێمی کوردستان و دامودەزگا شەرعیەکان شەرمەزار دەکەین و، پاراستنی ئارامی و ئاسایشی وڵات و هاووڵاتیانی کوردستان بە ئەرکی لەپێشینەمان دەزانین، قەوارەی هەرێمی کوردستان بەرهەمی دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدانی گەلەکەمانە و نابێت هیچ کەس و لایەنێک ڕێگا بەخۆی بدات سەروەری و شەرعیەتی دامەزراوەکانی لاواز بکات و هەرێمی کوردستان بخاتە بەردەم مەترسییەوە.
بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٨ـی ٤ـی ٢٠٢٣

Top