ڕاگەیندراوێک لە نووسینگەی پارێزگاری هەولێر
بەپێی ئەو بەرنامە و ئامادەکاری و پلانانەی بۆ پێشوازیکردن لە نەورۆزى ئەمساڵ لەلایەن پارێزگای هەولێر ئامادەکرابوو، سەرجەم کار و چالاکییەکانی 10 ڕۆژەى 13 مین فیستڤاڵى ئازادى و نەورۆز بە سەرکەوتووى ئەنجامدرا، و 3 ڕۆژەى جەژنى نەورۆزیش پلان و ئامادەکارییەکان چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی لە پێناو پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شار و سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان و دابینکردنی هاتووچۆیەکی ئاسودە و سەلامەت لە چوونە سەیران و پابەندبوونی هاوڵاتییان بە پاراستنی ژینگە لە سەیرانگە و شوێنە گشتیەکان وەکو خۆى بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێ کرا.
ڕۆژانی جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:-
یەکەم/ گەشت و گوزار:-
لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر لە سنووری پارێزگای هەولێر، چەندین لێژنەی تایبەت پێکهێنرا بە مەبەستی چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ بنکە و ناوچە گەشتیارییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە ڕووی گەشتیاران، وەکو پێکهێنانی چەند لیژنەیەک بە مەبەستی پێشوازی کردن لە گەشتیاران لە دەروازەکانی هەولێر، هەروەها چاودێریکردن و دابین کردنی خزمەتگوزاریی لە سەیرانگاکان و شوێنە گەشتیارییەکان و چاودێریکردنی میوانخانە و چێشتخانەکان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەواو بە گەشتیاران، ئەمە جگە لە ڕاسپاردنی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان بۆ ئاگادارکردنەوەی چێشتخانەکان بۆ ئەوەی لە ڕۆژانی جەژنی نەورۆز کراوەبن. لە ماوەی 10 ڕۆژ تاوەکو نەورۆز (61 هەزار) گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە.
دووەم/ هاتووچۆی هەولێر:-
پلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی نەورۆز چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی بەبێ هیچ گرفتێک لە شەقامەکان و سەیرانگاکان جێبەجێکران، بەوشێویەش بەخۆشحاڵییەوە هاوڵاتیان لە کاتی چون وگەڕانەوەیان، تەنها قەرەباڵغیەکی ئاسایی لەسەر ڕێگایەکان بەهۆی زۆری ژمارەی سەیرانکاران پەیدابوو، سەبارەت بەڕووداوەکان لە 3 ڕۆژی جەژنی نەورۆز هیچ ڕووداوێکى هاتووچۆ ڕوویانەداوە کە زیانى گیانی تێدابێت.
سێیەم/ ئاسایشی هەولێر:-
بەپێی ئەو پلان و ئامادەکاریانەی لەلایەن ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەکو خۆی و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکران و بۆ هەرحاڵەتێکی پێویستیش، سەرجەم هێزەکانی ئاسایش لە ئەرک دابوون.
چوارەم/ پۆلیسی هەولێر:-
سەبارەت بە پلانی ئەمنی و پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتییان و ئامادەباشی هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، بەبێ گیرو گرفت تەواوی بڕگەکانی جێبەجێکران و سەرکەوتوو بوو، لە هەرسێ ڕۆژی جەژنی نەورۆز جگە لە حاڵەتێکى ڕفاندن کە هەر زوو لەلایەن هێزەکانى پۆلیسەوە تاوانباران دەستگیرکران هیچ ڕوداوێکى تر ڕووینەداوە.
پێنجەم/ بەرگری شارستانی:-
تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی نەورۆز لە ئەرک دابوون، لەو ماویەشدا تەنها (2) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، هەردوو حاڵەتەکەش لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراون و جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.
ویڕای دەستخۆشیمان لە یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکان و هێزە ئەمنیەکان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر و تیمە تەندروستییەکان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە سێ ڕۆژی جەژنی نەورۆزدا، هەروەها دەست خۆشى لە پۆلیسى دارستان و تیمەکانی شارەوانی و ژینەگەپارێزان دەکەین لە سەرجەم قەزا و ناحییەکان، کە لە سێ ڕۆژەی جەژنی نەورۆز لە پێناو پاراستن و هۆشیارکردنەوە و ئاگادارکردنەوەی هاوڵاتییان بۆ پاک ڕاگرتن و پاراستنی ژینگە و شوێنە گشتییەکان لەئەرکدابوون، جارێکی تر وەکو پارێزگاى هەولێر هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی هەولێری پایتەخت دڵنییا دەکەینەوە وەک هەمیشە لە خزمەتی ئێوەدا دەبین بۆ دەستەبەرکردن و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان و بەهەموو توانایەکمانەوە بەپشت بەستن بەتوانا و چاووکراوەیی هێزە ئەمنیەکان، شەو ڕۆژ دەخەینە سەریەک بۆ پاراستنی سەلامەتی و پارێزگاریکردن لە سەر و ماڵتان.
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر