كۆتایی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینە جیاوازەكان و چەند ڕاستییەك

كۆتایی پێكهاتە نەتەوەیی و  ئایینە جیاوازەكان و چەند ڕاستییەك

 

بەستنەوەی كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی لە باشووری كوردستان لەم قۆناغە و پرسی هەڵبژاردن بە كورسیی كۆتاكان (پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان) بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، هەڵەیەكی گەورەی ئەو لایەنەیە كە ئەم بابەتەی ورووژاندووە، بەبێ ئەوەی حیساب بۆ خودی بڕیار و ویستی ئەو پێكهاتانە بكرێت.

پارتی بۆچی گرنگی بەم پرسە دەدات و یەكێتی بۆچی ئەم پرسەی كردووە بە بیانوو؟ ئەم پرسیارە فرە ڕەهەندە.

جارێ با لەوەوە دەست پێ بكەین كە بابەتی فرەنەتەوە و ئایینی لە هەرێمی كوردستان ڕەگێكی قووڵی هەیە و، سەرباری چەندین ڕووداو كە ئامانج لێی شێواندنی ئەو پێكەوەژیانە بووە، بەڵام هەمووان كەلێنێكیان نەهێشتەوە، ڕەگی قووڵی ئەم پێكەوەژیانە هەڵتەكێندرێت و ناوبانگی باشووری كوردستان زیانمەند بكات، هەر ڕووداوێكی ناخۆشیش دژ بە پێكهاتەكان لە عێراق و ناوچەكانی دیكە هاتبێتە پێش، لە باشووری كوردستاندا پێچەوانە بووە و بەهانایانەوە چوون، ئەمەش ناوبانگی هەرێمی كوردستانی جیا كردووەتەوە لە ناوبانگی عێراقی ئێستا و بەشێكیش لە وڵاتانی ناوچەكە، هەروەها باشووری كوردستانی كردووە بە نموونەیەك كە بۆ پرسی ئازادیی پێكهاتەكان چاوی زیاتری لەسەر بێت، لەمەدا سیاسەت و ستراتیژییەتی پارتی باڵا دەست بووە و، بەردەوام لەسەر ئەم پرسە خۆی بە خاوەن زانیوە، پێكهاتەكانیش پێش هەموو لایەنێك پارتییان جیاواز تەماشا كردووە و، بەشێك لە بڕیارە گرنگەكانیان پەیوەست بە خۆیان بەستووەتەوە بە پارتییەوە، ئەمەش هەم شانازییە بۆ پارتی و زۆر جاریش سەرئێشە بووە و ڕووبەڕووی تانە بووەتەوە، بەڵام هەر دوو دیوەكەی ئەوەی لە ستراتیژیەتی پارتی كەم نەكردووە، بەڵكو زێدەتر سووربوونیان خستە گەڕ كە پێكهاتەكان مافەكانیان پارێزارو بێت.

ڕەهەندێكی دیكەی ئەم پرسە ئەو واقیعەیە كە زۆربەی پێكهاتەكان لە ڕووی جوگرافییەوە كەوتوونەتە ئەو سنوورەی كە پارتی تێدا باڵادەستە و، لەم باڵادەستییەی پارتی سوودمەند بوون، لە ڕووی پاڕێزگاریی ئاسایشی ئایینی و نەتەوەیی و خوێندن و ڕۆشنبیری و زمان و ئابووری و...هتد.

ئەگەر سەیری لایەنێكی دیكەی بەشداریی پێكهاتەكان لە سەرجەم دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بكەین، دەگەین بەو ڕاستییەی كە چەندە لە قازانجی سەقامگیری و ئاشتیی كۆمەڵایەتیدا ڕەنگی داوەتەوە و، پەراوێزنەخستنیان لە باشووری كوردستان بووەتە هۆی ئەوەی دەستێوەردانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بە ڕووی پێكهاتەكان نەكرێتەوە، كە پێشتر چەندین وڵات خوازیاری ئەوە بوون بە ناوی بەرگریكردن لەو پێكهاتانە دەستتێوەردان بكەن، بەڵام پشتیوانیكردنی پێكهاتەكان و دەستەبەركردنی ماف و ڕۆڵگێڕانیان لە تەواوی پرسەكان و تێكەڵبوونیان بە سەرجەم كایەی حوكمڕانی و هەستكردن بە بەشدارییەكی ڕاستەقینە، ئەو كارتەی دەست هەندێك وڵاتانی سووتاندووە.

ئەی بۆچی یەكێتی ئەم پرسەی كردووە بە گرێی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەخوازێ كورسیی كۆتاكان بەسەر حزبەكاندا دابەش بكرێت؟ بۆچی كۆتاكانیان كردووە بە قوربانیی كێشەكانیان لەگەڵ پارتی؟

یەكێتی دەزانێت هەندێك بابەت لای پارتی هی سازش نییە، یەكێك لەوانە ماف و ئازادییەكانی پێكهاتەكانە، لەمەدا پارتی سازش لەسەر هەق و مافی خۆی دەكات، بەڵام ئامادە نییە سازش لەسەر پرسی ئازادی و مافەكانی پێكهاتەكان بكات، بۆیە یەكێتی و حزبەكانی دیكەیش خوازیارن ئەم خاڵە بەهێزەی پارتی لەكەدار بكەن و، ئەو ئامانجەی خۆیان هەیانە بپێكن و كارتی بەهێزی پێكهاتەكان لەبن دەستی پارتی دەربهێنن، لەمەشدا پارتی پێشیان دەكەوت و بایی هێندەی چاندووە پێكهاتەكان ئەگەر بڕیارێكیش بدەن لە قازانجی واقیعەكە دەبێت كە پێشتر ئاماژەمان پێ كرد، بۆیە بەرپرسانی پارتی زۆر بە ڕوونی بە یەكێتی و بە خودی پێكهاتەكان و بە هەموو ئەو لایەنانەی دەیانەوێت ڕۆڵی خێر لەم پرسەدا ببینن، دەڵێت: «با كەس بڕیار لەسەر ئەوان نەدات، با پێكهاتەكان خۆیان بڕیار بدەن»، ئەمەش دیسان بەرگرییەكە لە مافی پێكهاتەكان و پارتی دەڵێت: «ئەوان چ بڕیارێك بدەن پاڵپشتیان دەبین و پشتگیرییان لێ دەكەین»، كەواتە لێرەش پێكهاتەكان دیسان ئەو متمانەیان بۆ دروست بووە كە پارتی ئەو حزبەیە بە ڕوانگەیەكی ستراتیژیی دوورمەودا بیر لەم پرسە دەكاتەوە، نەك پرسێك بۆ قۆناغێكی كاتی و یەكلاكردنەوەی كێشە و ناكۆكی.

ئێستا، جوانترین هەڵوێست ئەوەیە، پێكهاتەكان لە نێوان هەموو بژاردەكاندا پشت بەو بژاردەیە ببەستن، كە ئەنجامی بیركردنەوە و بڕیار و ئیرادەی خۆیانە، نەك لەژێر هیچ فشارێكدا ئەو دەستكەوتانەی هەیانە لە چوارچێوەی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستاندا پاشەكشەیان پێ بكات.

بۆیە تا حزبەكانی دیكە پێداگری بكەن لەسەر ئەوەی مەودای ماف و ئازادییەكانی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان لە كوردستان تەسك بكەنەوە، زیاتر وەلائی پێكهاتەكان بۆ پارتی كێش دەكەن، ئەمەش هەڵەیەك بوو ئۆپۆزسیۆن و یەكێتی پێكەوە ئەنجامیان دا، باجەكەیشی ئەوەیە لە نێو پەرلەماندا ئەگەر پێكهاتەكان یەك كورسییشیان هەبێت، دەچێتە پاڵ كورسییەكانی پارتییەوە.

سەرباری ئەمانەش، مادام لە چوارچێوەی كوردستاندا ئەم فرەییە هەیە لە ڕووی ئایینی و نەتەوەییەوە، پێویست‌ دەكات لەگەڵ زیادبوونی ژمارەیان، یان پێكهاتەی دیكەی وەك برایانی ئێزدی و كاكەیی و...هتد، كورسییان لە نێو پەرلەماندا بۆ تەرخان بكرێت و ببن بە بەشێك لە كۆی گشتیی پرۆسەكە.

گرنگترین خاڵ كە بتوانێت سەقامگیری و ئاشتی لە نێوان پێكهاتەكانی كوردستاندا بپارێزێت، فراوانكردنی بەشداریی سەرجەم پێكهاتە ئایینی و نەتەوەیی و بیروڕا جیاوازەكانی نێو هەرێمی كوردستانە، بۆیە ئەركی هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستان دەبێت لەمەدا كۆك بن و ئیرادەی حزبی بەسەر پێكهاتەكاندا نەسەپێندرێت و، لە بەردەم بەدەستهێنانی مافی زیاتر كۆسپیان بۆ دروست نەكرێت.

 

 

قوتابیی ماسته‌ر- مێژوو

Top