مەکتەبى سیاسیى YNDK لە (28)ەمین ساڵیادى دامەزراندنی YNDKدا : پێویستە دەسەڵات و لایەنە سیاسییەکان لە خەمى خەڵکدا بن و کار بکەن بۆ باشترکردنى ژیان و گوزەرانى خەڵک

مەکتەبى سیاسیى YNDK لە (28)ەمین ساڵیادى دامەزراندنی YNDKدا : پێویستە دەسەڵات و لایەنە سیاسییەکان لە خەمى خەڵکدا بن و کار بکەن بۆ باشترکردنى ژیان و گوزەرانى خەڵک

 

میدیا - هەولێر:
مەکتەبى سیاسیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK لە بەیاننامەیەکدا بەبۆنەى جەژنى نەورۆزو (28)ەمین ساڵیادى دامەزراندنی YNDK ، وێڕاى پیرۆزبایى لە جەماوەرى کوردستان و بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدان و، باسکردنى کارو خەباتى YNDK و شرۆڤەکردنى رەوشى سیاسیى کوردستان، جەختدەکاتەوە سەر رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسیى کوردستان و کارکردن بۆ یەکڕێزى و یەکدەنگى تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان و، لەپێناو چارەسەرکردنى گرفت و کێشەکانى کوردستان و پاراستنى دەستکەوتەکانى گەلى کوردستان بانگ لە لایەنە سیاسییەکان و دەسەڵات و جەماوەری كوردستان دەکات لەیەكدی نزیكببنەوەو هاوكاری یەكتربن. ئەمەش دەقى بەیاننامەکەیە :

پیرۆزبێت نەورۆزو (28)ەمین ساڵیادى دامەزراندنی
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

- جەماوەری وڵاتپارێزو خۆڕاگری كوردستان ...
- كەس و کارو بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدانى کوردستان ...

ئەمڕۆ 28 بیست و هەشت ساڵ بەسەر تەمەنی پڕ لە خەبات و بەرخۆدانی YNDK تێدەپەڕێت، لەم رۆژەدا YNDK وەكو رێکخستنێكی نەتەوەیی و نیشتمانی و جەماوەریی لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستان لەدایكبوو و راگەیاندراو بووە هیوابەخش بۆ هاوبیرانی نەتەوەیی و وڵاتپارێزان و تێکۆشەران، YNDK لەماوەیەكی كورتی تەمەنیدا توانی بوون و کاریگەرى خۆى بسەلمێنێت و، بەهۆی كاری بەردەوامی لەسەر خزمەتكردن و كاركردن بۆ سەربەخۆیی كوردستان كاریگەری لە سەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانی و سیاسییەكان دروست بكات، YNDK توانیویەتی لەئاست بەرپرسیاریەتیدا بێت و بە شرۆڤە و خوێندنەوە و پێشبینییەكانی پیلانە نەگریسەكانی داگیركەران و دوژمنانی كورد و كوردستان ئاشكراو ریسوا بكات ‌و رووبەڕوویان ببێتەوە‌، لەهەمان کاتدا YNDK هەر لە سەرەتاى دامەزراندنییەوە بە پەروەردەیەكی نەتەوەیی و ئاشناكردنی تاكى کورد بەناسنامەكەی و پەیوەستبوونی بە خاك و وڵات و کلتورى کوردى بە بنەما گرتووە، ئەوەش بۆئەوەی کەسایەتى تاکى کورد لەسەر بنەماى باوەڕبەخۆبوون بنیاتبنێتەوەو شێلگێڕانە رووبەڕووی دوژمنان و داگیركەرانی كوردستان ببێتەوە، هزری نەتەوەیی و وڵاتپارێزی YNDK وایكرد زۆر بەخێرایی بەدیاربكەوێ ‌و ببێتە خودان پێگەی خۆی لەسەر ئاستی كوردستانی مەزندا.
ئێمە لەكاتێكدا كەوا یادی (28)ەمین ساڵیادى دامەزراندنی YNDK دەكەینەوە بەهۆی ئاڵۆزى ناوچەکە و ئەو هەڕەشانەی لەسەر كوردستان هەن، وایانكردووە كوردستان بكەوێتە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیار، ئەوەتا لەلایەك حكومەتی عێراق دوای داگیركردنی كەركوك و مەخموور و شنگاڵ و توزخورماتوو لە 16 / 10 / 2017 لەو کاتەوە تا ئێستاش رەوشى ئەو دەڤەرانەى ئاسایى نەکردۆتەوە و، دەسەڵاتدارانى بەغدا تا ئێستاش دەستبەردارى عەقڵییەتى خۆسەپاندن و پەراوێزخستنى کورد نەبوون، لەلایەكی دیكەوە داگیركەرانى کوردستان لەهەموو لایەكەوە بۆ دژایەتیکردنمان لە پیلانداناندان، رژێمی داگیركەری توركیا سەرەڕاى تۆپبارانکردن و هێرشەکانى بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانى باشوورى کوردستان، لەهەمان کاتدا بەردەوامە لە هەڕەشەو پیلانگێڕان لە دژى رۆژئاوای كوردستان و خاكەكەی وێران و سوتماك كردووەو خەڵكەكەشی جینۆساید و ئاوارە كردووە، ئێستاش هەوڵدەدات دیمۆگرافیاى رۆژئاواى کوردستان بگۆڕێت، لە باکوورى کوردستان ؛ ئەوا دەبینین رژێمى تورکیا چۆن کەوتۆتە دژایەتیکردنى نەتەوەکەمان و هیچ شتێکى پێ رەوا نابینێت و ئازادیخوازان زیندانى دەکات و دژى بوونى کوردە بە هەموو شێوەیەک، لە رۆژهەڵاتى کوردستان ؛ رژێمى ئێران بەردەوامە لەسەر گرتن و لە سێدارەدانى گەنج و ئازادیخوازانى کورد، رژێمى سوریاش سەرەڕاى رەوشى نالەبارى خۆى ئامادە نییە چارەسەرى پرسى کورد لە رۆژئاواى کوردستاندا بکات، بەڵێ ئەوە رەوشى ئێمەى کوردستانییانە، لێرەوە جارێكی دیكە ئەو هەڕەشە و پیلانانەى داگیرکەران ئیدانەو شەرمەزار دەكەین و وەک هەمیشە دژیان دەوەستینەوە، ئەم واقیعە لە هەموو لایەکمان دەخوازێت کەوا هاوکارو پشتیوانى یەکدى بین و کار بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى بکەین، بێگومان سەرەڕای پیلان و ئاستەنگەكان خەباتى گەلى کوردستان بەردەوامە و پێشڤەدەچێت، پێشڤەچوونی خەبات و تێكۆشانی نەتەوەكەمان لە باكوورو باشوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای كوردستان مایەی خۆشحاڵین و وەك هەمیشە پشتیوانی و هاوكاری تەواوی خۆمانیان پێڕادەگەیەنین, لەم رەوشەدا بۆ یەكدەنگی و یەكڕیزی گەلی كوردستان؛ لەسەر ئاستی نەتەوەیی جارێکى دیکە جەختدەكەینەوە سەر بەستنی (كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان) بە بەشداری تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و، داڕشتنی بەرنامەی كارو خەبات بۆ هەموو بەشەكانی كوردستان بەرەچاوكردنی بارودۆخیان بەكارێكی نەتەوەیی و نیشتمانی گرنگ دەزانین، لەم پێناوەدا ئێمە وەكو YNDK وەك هەمیشە ئەوەی لە تواناماندابێت دەیكەین، لەهەمان کاتدا بانگ لە هەموو لایەك دەكەین كەوا بۆ پاراستنی دەسكەوتەكانی گەلی كوردستان كاربكەین و زۆر بەوردی و بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم رەوشەدا بكەین، بێگومان ئەمەیش تەنیا بە یەكڕیزی و یەكدەنگی لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی گەلی كوردستان دەبێت.
- جەماوەرى دڵسۆزو وڵاتپارێزى کوردستان ...
سەبارەت بە رەوشى ئێستاى باشوورى کوردستان؛ ئێمە واى دەبینینەوە کەوا ناوەندى سیاسى لێکترازاو و پەرش و بڵاوەو پێویستى بە رێکخستنەوەو یەکخستەوەیە، لەسەر ئاستى جەماوەریش گلەیى و گازاندەى زۆر هەن لەو ناعەدالەتییەى کەوا لە باشوورى کوردستاندا هەیە، ناعەدالەتى سیاسى و جەماوەرى و ئابوورى، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەکان و دەسەڵات و جەماوەری كوردستان زیاتر لەیەكدی نزیكببنەوەو هاوكاری یەكتربن بۆ ئەوەى دەسەڵات و لایەنە سیاسییەکان لە خەمى خەڵکدا بن و کار بکەن بۆ باشترکردنى ژیان و گوزەرانى خەڵک، بۆ ئەم مەبەستە جارێكی دیكە داوای پێكهێنانی چەترێکى هاوبەش دەكەین، كە چەترێك بێت هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكانى باشوورى کوردستان بگرێتەخۆ، ئەمەش باشترین هەنگاوە بۆ رێكخستنەوەی ناوەندی سیاسیی كوردستان و پاراستن و پێشڤەبردنى دەزگا و دامەزراوەکانى کوردستان، لەهەمان کاتدا پێویستە هەموو لایەک هاوکاربین بۆ ئەوەى لەم ساڵدا (2023) هەڵبژاردنێکى پاک و دوور لە ساختەکارى لە کوردستان ئەنجامبدرێت.
لە کۆتاییدا؛ لەم یادە بەرزو شكۆدارەدا جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی كوردی و (28)ەمین ساڵیادى دامەزراندنی YNDK لە هەموو هەڤاڵان و تەواوی گەلی كوردستان پیرۆز دەكەین و، وێڕاى سڵاوو رێزمان هاوسۆزی خۆمان بۆ بنەماڵە و كەس و كاری سەربەرزی تەواوی شەهیدانی كوردستان دەردەبڕین و، بەرخودانی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان و بەرخودانی نەتەوەكەمان لە هەموو بەشەكانی كوردستان بەرز رادەگرین و پشتیوانى خۆمانیان بۆ رادەگەیەنین و، پەیمان دەدەین وەك هەمیشە لەسەر رێبازی شەهیدان، رێبازی پیرۆزی كوردایەتی درێژە بە خەبات و تێكۆشانی خۆمان بدەین لە پێناو هێنانەدی كوردستانێكی سەربەخۆ و ئازاد و یەكگرتوو دیموكرات.

- نەمری ‌و سەربەرزی بۆ شەهید (سەربەست مەحموود) ‌و تەواوی شەهیدانی رێی سەرخۆبوون ‌و ئازادی كوردستان.
- مردن‌ و رووڕەشی بۆ داگیركەران و دوژمنانی كوردستان.
- بێتەدى کوردستانێکى سەربەخۆو ئازادو یەکگرتوو و دیموکرات.

 

مەكتەبی سیاسیی
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
1 ى نەورۆزی 2723 ی كوردی - 21 / 3 / 2023 ی زایینی
هەولێر - باشوورى کوردستان

Top