ژینگەیەکی پارێزراو بۆ ئافرەت

ژینگەیەکی پارێزراو بۆ ئافرەت



هەرتوێژێکی کۆمەڵگا بۆئەوەی بتوانرێ سود لە تواناو لێهاتوویەکانی ببینرێت پێویستی بەوەیە هاوکاری بکرێت و دەرفەتی بۆ بڕەخسێنرێت، کۆسپەکانی سەر ڕێگای هەڵگیرێت و زەمینەی وەگەڕخستنی تواناکانی بۆ سازبکرێت.
بێگومان ئەمە ئەگەر بۆ هەموو چین و توێژەکان گرنگ وپێویست بێت، ئەوا بۆ ئافرەتان گرنگتر و پێویست ترە، چونکە ئافرەتان لە کۆمەڵگا داخراو ودواکەوتووەکاندا ژینگەی کاریان پڕمەترسیە و زۆر جار خۆیشیان وەك کاڵا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ، یان هەندێ جاریش کۆسپەکان یەك ودوان نین و لە زۆر لاوە گەمارۆی تواناکانی ئافرەت دەدرێت و بە زۆر ڕێگا شێواز هەوڵی پەراوێزخستنی دەدرێت، هەر بۆیە کاتێك لێرە و لەوێ ئافرەتێك دەتوانێ دەربکەوێت و بەسەر کۆسپەکاندا زاڵ ببێت ئیتر دەبێتە جێی سەرنج و لەو قۆناغەیشدا هەوڵی ڕوخاندنی یان شکاندن و لەکەدارکردنی دەدرێت و ناهێڵن وەك هەر کەسێکی تر بەرهەمی سەرکەوتنەکانی خۆی ببینێت و بەهرەمەند ببێت لەوەی بەدەستی هێناوە، زۆر جاریش ئەو سەرکەوتن و دەرکەوتنەی ئافرەتەکە دەبێتە ژینگەیەکی مەترسیدار بۆی، وای لێدەکات نائومێدبێت و نەتوانێت ببێتە نمونەیەکی باش بۆ دەوروبەری خۆی.
ئەو فشارەی لەسەر ئەفرەتانی خاوەن توانا و تاڕادەیەك سەرکەوتوو دروست دەکرێت گەلێك شێواز و جۆری هەیە، هەر لە هەوڵی تۆمەت و ناوزڕاندنەوە هەتا دەگاتە ئاستی دژایەتی و ڕۆڵ پێنەدان لە کایە جیاوازەکاندا، یاخود ڕاستکردنەوەی کەسانی تری کەم توانا و بێ ئەزموون لەبەرانبەریدا و ناچارکردنی ئافرەتە لێهاتووەکان بەوەی تواناکانیان لە کێبەرکێی کەسانی نەشیاودا بەفیڕۆ بدەن لەبری داهێنان و بەرەوپێشچوون، کە بە نائومێدی و بێ بەرهەمی کۆتایی دێت و ئیتر هیوای گەشەکردن و پەرەپێدانی تواناکانی ئافرەت دەپوکێتەوە و ئاراستەی کارەکان بەرەو جێگای نادروست دەچن.
ئەم شێوازەی مامەڵەکردنی تاکەکان لەگەڵ ئافرەت و تواناکانی ئافرەتاندا دەتوانین ناوی بنێین ژینگەی نالەبار و پڕمەترسی بۆ خودی ئافرەتان، کە بێگومان لەدروستکردنیدا کۆی کارەکتەرەکانی کۆمەلگا بەشدارن بە خودی ئافرەتانیشەوە، جا ئەم ژینگە خراپەیش هەروەك ژینگەی سروشتی پێویستی بە چاكکردن و چاکسازی هەیە، چونکە هەموو ئامرازەکانی ئازاردان و شکاندنی ئافرەتانی تیادایە و پێویستە یەکەیەکە لاببرێن بۆ ئەوەی تواناکانی ئافرەت گەشەبکات و خودی ئافرەتان بەگشتی و ئەوانەی خاوەن توانا و لێهاتوون بەتایبەتی پارێزراوبن و هەوڵی پێگەیاندنی خەلکی تر بدەن و ئەوانی تریش چاویان لێ بکەن و هەوڵبدەن بیانکەن بە نمونەی خۆیان.
لەم چاکسازیەدا ئافرەتان بەگشتی دەتوانن ڕۆڵی گرنگ بگێڕن، بەوەی کە هۆشیار بن و نەکەونە ژێر کاریگەریی بەندوباوەکانی کۆمەڵگا و قسەو قسەڵۆکەکانەوە کە بەرانبەر ئافرەتانی خاوەن توانا دەکرێن، بەڵکو هۆشیارانە پشتیوانیی ئافرەتە سەرکەوتوەکان بکەن و لەهەر پێگەیەك ئافرەت هەبوو شانازیی پێوە بکەن و وەك نمونەی جوان وێنای بکەن، بۆئەوەی ببنە پاڵپشت بۆ تواناکانی ئافرەتانی تر و هانیان بدەن ئەوانیش دەرکەون و خزمەت بکەن، خودی ئافرەتانی خاوەن پێگەیش لەم بوارەدا ئەرکی گەورەیان دەکەوێتە سەرشان کە ئافرەتی سەرکەوتوو و خاوەن پێگە بتوانێت نمونەیەکی جوان پێکەش بکات و هانی ئەوانی تر بدات بۆ سەرکەوتن و هاوکاریان بێت لەبەگەڕخستنی توانا و بەهرەکانیاندا، ئیتر وردە وردە ژینگەی تەندروست فەراهەم دەبێت و دامودەزگاکانیش ناچاردەبن ڕۆڵ وپێگەی شیاو بە ئافرەت بدەن و ڕێز لە تواناکانیان بگرن.

 

 

هێشوو دارا سەلیم

Top