ژمارەی قوربانیانی لافاو و زەوی لەرزین لە بەرازیل گەیشتە ٤٦ کەس
بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و لافاو و زەوی لەرزین لە باشووری ڕۆژهەڵاتی بەرازیل بەلانی کەم 46 کەس گیانیان لە دەستداوە و سەدان کەسیش ئاوارەبوون.
دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی ویلایەتی ساوپاولۆی بەرازیل ڕایانگەیاند، ژمارەی قوربانیانی لافاو و زەوی لەرزین لەو ویلایەتەدا بۆ ٤٦ کەس بەرزبووەتەوە و ٥٦٦ کەسیش بەهۆی لافاوەکەوە ئاوارەبوون و ویلایەتی ساوپاولۆ خراپترین زیانی بەرکەوتووە.
هەروەها ٤٠ کەس بێسەروشوێنن و هەوڵەکان بۆ گەڕان و ڕزگارکردنی لێقەوماوانی لافاو بەبێ پچڕان بەردەوامە.
ڕێژەی بارانبارین لەم ویلایەتەدا زیاتر لە ٦٠٠ ملم بووە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بارانبارینی بەخوڕ لە ناوچە کەنارییەکانی ساوپاولۆ بەردەوام دەبێت و کاری ڕزگارکەران قورس دەبێت، پێشبینیش دەکرێت لەگەڵ بەردەوامی بارانبارین و پەککەوتنی فریاگوزارییەکان ژمارەی قوربانیان زیاتر بێت. حکومەتی فیدراڵی بەرازیل چەند وەزارەتێکی ڕاسپاردووە بۆ دابینکردنی فریاگوزاری بۆ زیانلێکەوتووەکان و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابووری و دەستکردن بە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەكە. لە هەمان کاتدا چالاکییەکانی شاری سانتۆس کە گەورەترین بەندەری ئەمریکای لاتینە لە بەرازیلیش پەکی کەوتووە.
هەروەها بەشی تەندروستیی ویلایەتەکە ڕایگەیاند: کە حەوت كەس لەو بریندارانە لە نەخۆشخانەکان چارەسەریان بۆ دەکرێت و باروودۆخیان ناجێگیرە.
دەسەڵاتدارانی خۆجێی لە بەرازیل هۆشدارییان داوە کە بارانبارینی بەخوڕ بەردەوام دەبێت و پێویستە هاووڵاتیان وریا بن.
گوڵان: سەردار خەلیل