تــۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ئینتەرنێت

تــۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ئینتەرنێت

سۆشیال میدیا و ئینتەرنێت دوو زاراوەی هێندە كۆن نین لە نێو كۆمەڵگەی كوردی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردودا زۆر بە زوویی بڵاوبوونەوە، بە شێوەیەك كەم خێزان هەن لە ئێستادا ئەندامێكی یاخود چەند ئەندامێكی ماڵەوەیان بەكارهێنەری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ئینتەرنێت نەبن.
ئەم بڵاوبوونەوەیەش خۆی دەبینێتەوە لە پێویستییەكانی ژیان و بەرەو پێشبردنی ئامرازەكانی بە یەكگەیشتن و تەكنەلۆژیا.
ئەگەر بێینە سەر ئەوەی ئاخۆ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ئینتەرنێت تا چەند سوودبەخش بوون بۆ كۆمەڵگە داخراوەكەی كوردی، لە كاتێكدا زۆر لایەن و بابەتی جودا جودا خۆیان لەنێو ئەم تەنگەژەیەدا بەدەردەخەن.
ئەوەی كە ناشكرێ لێرەدا باس نەكرێت بابەتی تێڕامان و جودابینی تەمەن هەڵكشاوەكانمانە بۆ مۆبایل و ئینتەرنێت بە گشتی، ئەوان هەموو ئامرازە تەكنەلۆژی و ئینتەرنێتییەكان بەسەر نەوەكانی ئاییندە بە كارەسات دەبینن.
لەو گوزەرەشدا ئێمە زۆر پرسیاری هەمەچەشن دێنە بیرمان ئایا بیركردنەوەكانی ئەوان یاخود هی ئێمە لەسەر بابەتی تەكنەلۆژیا و ئینتەرنێت دروستترن.
دەكرێت بڵێین بۆ هەر یەكێكمان لایەن و ڕوانگە بینینی خۆمان دروستە، چونكە دونیا كۆمەڵایەتییەكەی ئەوان لەگەڵ دونیا تەكنەلۆژییەكەی ئێمە زۆر جودایە، ئەوان لەگەڵ سادەیی و زەحمەتی ژیانیان بە زەحمەت دەتوانن خۆیان ڕابێنن لەگەڵ چەند ئامرازوو ئامێرێكی حەجیب كە ئەوسا نەبوون.
لەگەلیشیدا ئێمەمانێك كە خولیا و حەزمان زیاتر بۆ ئاسانكاری و زوو گەیشتنە بە پێویستییەكانی ژیان، خۆ ئەگەر نەشمانەوێت ژیانی ئێستا ملكەچمان دەكات پێویستی و گونجاندن وا دەخولقێنێت بۆ تەكنەلۆژیا و ئینتەرنێت بەكارهێنەر بین.

ئەوەی لێردا بەبێ باسكردنی ناتوانین كۆتا بە باسەكەمان بهێنین ئەوەیە پرسی بەكارهێنانی دروست بۆ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ئینتەرنێت و هەتا دوایی…
لایەنی خراپ و چاكی هەر شتێ پەیوەستە بە خودی خۆمان و تێگەیشتنمان بەرامبەر بەكارهێنانی و كاریگەری بەسەر دەوروبەرمان.
ئینتەرنێتیش وەك بابەتێك و پرسێكی پەیوەست بە گەنج لەنێوانمان لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەبووە و هەیە، ئەمەش هەمووی وەستاوەتە سەر بەكارهێنەران، تێگەیشتن و هۆشیاری بەكارهێنەران لە سەرەتای بڵاوبوونەوە كتوپڕەكەی ئینتەرنێت لە كۆمەڵگەیی ئێمەدا زۆر كەم بوو، بەشێوەیەكی وا كە گێژاوێكی ئێجگار ئالۆزی دروست كردبوو.
هەتا خودی ئەو ئامراز و تەكنەلۆژیایەی بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی دروست كرابوون بەزەرەری خۆماندا شكاندمانەوە، و سیمایێكی هەڵبەستراو بە ناشیرینیمان پێیەوە لكاندبوو تا ئەوكاتەی هێواش هێواش كەیسەكانی خولقان و لەڕێیی سۆشیال میدیا و ئینتەرنێت كەمتر بەڵام قوڵتر و حەجیب تر دەبن لە ئێستای كۆمەڵگەی كوردیدا.
هێشتا كۆمەڵە بەكارهێنەرێك هەن هۆشیاری بەكارهێنانیان زۆر نزمە خۆیان و دەوروبەریان ڕووبەڕووی كێشە كردۆتەوە، چونكە دروست بەكاریان ناهێنن، بەڵام هەتاوەكو ئێستاش قوربانییە سەرەكییەكانی ئینتەرنێت لە كۆمەڵگەی كوردی ئافرەتانن، تێوەگلاندن و كردنە قوربانی مێیەكان لە ڕێگەی سۆشیال میدیا و ئینتەرنێت لە كوردستان بابەتێكن كەسمان چاوپۆشی لێناكەین چونكە كەیسەكان هێندە زۆر و جەرگبڕ بوون ناتوانین حەشاریان بدەین، بێگومان ئەمە تەنها لە كۆمەڵگەیی ئێمە وجودی نیە لە هەموو شوێن و كۆمەڵگەیێك هەبووە بەڵام ئەم كۆمەڵگە داخراوە ڕۆژهەڵاتیانە زیاتر و زەقتر لێیان بەدی دەكرێت، كۆمەڵگەیی كوردیش وەك كۆمەلگەیێكی تا ئاستێك داخراو كۆمەڵایەتی بە شێوەیێكی دیار دیاریدەكە تێیدابڵاوە.
سەرەڕایی هەموو ئەمانەش بەكارهێنەری هۆشیار و دروستبیرمان هەبووە كە سیمایی ئینتەرنێت و تەكنەلۆژیایان تا ئاستێكی باش پاك كردۆتەوە لەم نادروستییەی پێیەوە نوساوە.
سوودبەخشین و ئاسانكاری بەیەك گەیشتن دوو لە مەبەستەكانی پەرەپێدانی تەكنەلۆژیان، ئەوانەیی هۆشیاری مامەڵەكاری و بەكارهێنانیان هەیە دەتوانن سوود لە مەرامە بنەڕەتییەكانی بەرهەمهێنان و بەرەو پێشبردنەكانی ئینتەرنێت ببینن و زۆر ئاسانكاری و دەرفەتی گرینگ لە ژیانیان بەدەست بخەن.
گرینگترین دەرفەتەكان زوتر و دڵنیایی بەدەست خستنی زانیارییە لەڕێگەیی ئینتەرنێتەوە، كاتێك پێویستمان بە زانیاریێكی مێژووی، تەندروستی یان هەر بابەتێكی تر دەبێت لە ڕێگەیی بەدواگەڕانی ئینتەرنێتیدا دەتوانین لە ماوەیێكی كەمدا زانیاری ڕاست بەدەست بخەین.
یاخود دەتوانی بەهرە و لێهاتووییەكانت بەجیهان بناسێنی دەرفەتی زیاتر بۆ بەرەو پێشچوون و هاوكاری بەدەست بخەی، یانیش زانیاری زیاتر كۆبكەیتەوە لەسەر ئەو بابەتەی حەزی پێدەكەیی پەرە بە حەز و خولیاكانت بدەی.
ئیدی لێرەدا وەك باسمانكرد ئەوەی چاكی و خراپی تەكنەلۆژیا و ئینتەرنێت بەسەر كۆمەڵگە دروست دەكەن خۆمانین واتا بەكارهێنەران خۆیانن، لەڕێگەی تێگەیشتن و ئاستی هۆشیاری و بەكارهێنانیان ئەم لێكەوتانە دروست دەكەن كە دێنە ئاراوە لە كۆمەڵگە و ژیان.

 

كوردستان یاسین

Top