هەستیاریی خشڵ
هەستیاریی خشڵ Jewellery allergy و ئەكسسوار حاڵەتێكی باوە بە شێوەی هەستەوەریی بەركەوتن كە لەوانەیە بە بەركەوتن بە هەر كانزایەك روو بدات، بەڵام هەستەوەری بە كانزای نیكل كە لە زۆربەی جۆرەكانی خشڵ و ئەكسسواردا بەكاردێت، زیاتر لە پێكهاتەكانی دیكەی خشڵدا دەبێتە ئەگەری هەستیاری. خشڵ و ئەكسسوارەكان لە گەلێك كانزا پێك دێن، بۆنموونە زێری عەیارە 21 لە 87.5% زێر پێكهاتووە لەگەڵ 12.5 % كانزای دیكەی وەكو نیكل، یان كۆبالت، كرۆم، زیو، ئاسن، تۆتیا (زینك)، مەنگەنیز، كادمیۆم یان تیتانیۆم كە لەوانەیە ببنە ئەگەری هەستەوەری، لەوانەشە كە خودی زێڕ تا رادەیەكی كەم ببێتە ئەگەری هەستەوەریی پێست. نیشانەكان پاش 24-48 كاتژمێر سەرهەڵدەدەن، بۆ ماوەی 2-4 هەفتە بەردەوام دەبن و بریتین لە: دەركەوتنی پەڵە Rash و زیپكە لەسەر پێستدا، ئاوسان و گەرمبوون و خورشتی توند لە شوێنی بەركەوتنی خشڵ بە پێست، سووربوونەوەی پێست، دەركەوتنی پەڵەی وشك كە شێوەی لە سووتان دەكات، هەروەها دەركەوتنی بڵۆق لە حاڵەتی سەختدا. خۆپاراستن و چارەسەركردن: دووركەوتنەوە لە لەبەركردنی خشڵ بۆ ماوەیەك، بەكارهێنانی مەرهەمی كۆرتیزۆن Cortisone بە رێنمایی دكتۆر.