سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق كرد و چه‌ند بابه‌تێكیان تاوتوێ كرد.

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق كرد و چه‌ند بابه‌تێكیان تاوتوێ كرد.

ئه‌مڕۆ پێنجشەممە 2/2/2023، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیى له‌ مایك برایسن ریچاردسن، باڵوێزى به‌ریتانیا له‌ عێراق كرد، تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و گرنگیی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن.

سەرۆکی حکوومەت جەختی لە گرنگیی هاوهەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان بە ئاراستەی داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مه‌سرور بارزانى دووپاتی کردەوە کە پێویستە هەڵبژاردنەکان لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێن و ڕێکارە یاساییەکانی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن بە زووترین کات تەواو بکرێن و حکوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئامادەیە بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی هەڵبژاردن.

باڵوێزی بەریتانیا هاوڕا بوو لەسەر گرنگیی نەهێشتنی هەموو کێشە و ئاستەنگەکان لە بەردەم ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن لەمساڵدا.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور تاوتوێ کرا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی پێویستە پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ، بە زووترین کات پەسەند بکرێت و ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.

باڵوێزی بەریتانیا هه‌روه‌ها پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە بواری ئابووری و هەناردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی و پێشخستنی کەرتی وزە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، کە ڕۆزی کەیڤ، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو.

Top