سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی کوەیت لە هەولێر دەکات

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی کوەیت لە هەولێر دەکات

ڕۆژی یەکشەممە29ی کانوونی دووەمی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز عوسمان داود ئەلداود کونسوڵی کوەیت لە شاری هەولێر کرد.
لە دیدارەکەدا کونسوڵی کوەیت لە هەولێر سڵاوی ئەمیر و گەل و حکوومەتی کوەیتی بە سەرۆک بارزانی گەیاند و وێڕای جەختکردنەوە لە دۆستایەتی و پەیوەندیی هەردوولا، ستایشی ئارامی و بووژانەوەی هەرێمی کوردستانی کرد و بە نموونەیی وەسف کرد.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی پەیوەندییەکانی نێوان گەلی کوردستان و گەلی کوەیتی بە مێژوویی و قووڵ لەقەڵەمدا و ڕاشیگەیاند گەلی کوردستان و گەلی کوەیت هەست بەو ئازار و سەختیانە دەکەن کە لە ئەنجامی بیری شۆڤینیەت بەسەر هەردوو گەلدا سەپێندرا.
ئەوەشی دووپاتکردەوە کە لەپێناو برایەتی و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا پێویستە هزری شۆڤینی و داگیرکاری و خۆسەپاندن لە ناوچەکەماندا کۆتایی بێت.
بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ تەوەرێکی تری ئەو دیدارە بوو.

Top